بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا پێگەی كوردستان بەهێزتر دەكات

بڵند ئیسماعیل  بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:  سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا پێگەی كوردستان بەهێزتر دەكات

 

 

تا دێ هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن چڕ دەبنەوە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەك حزبێكی سەرەكی و خاوەن سەنگ و قورسایی بەرچاو بە گەرموگوڕییەوە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی دەست پێ كردووە و، بە باوەڕبەخۆبوونەوە كاری جددی دەكات بۆ ئەوەی جارێكی دیكەی ببێتە حزبی ژمارە یەك لە عێراقدا و ئەنجامێكی بەرچاو بەدەست بهێنێت، لەم ڕووەوە بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانەی پەیامێكدا و لە ڕێی گۆڤاری گوڵانەوە بەم شێوە پەیامی خۆی بۆ ئەم هەڵبژاردنانە دەخاتەڕوو:

نكۆڵی لەوە ناكرێت كە دەبێت بە بایەخ و گرنگییەوە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق بڕوانین، ئەم هەڵبژاردنانە كاریگەری و گرنگیی خۆیان هەیە بۆ هەرێمی كوردستان، لەم ڕووەشەوە بۆ خودی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەویش لە سۆنگەی باوەڕبوونمانەوە بەوەی ئەگەر پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بەهێز بوو، ئەوا باشتر و كاراتر دەتوانێت بەرگری لە پێگە و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بكات، ئەمە ڕاستییەكی سەلمێندراوە و تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردن نییە. لەم ڕوانگەیەوە ئەركی هەموو لایەكمانە كە بە گوڕ و تینەوە لەم هەڵبژاردنانە بەشداری بكەین، بە ئامانجی ئەوەی بە چەشنی خولی پێشوو، ئەمجارەش پارتی ببێتەوە پارتی پێشەنگ و زۆرترین كورسی مسۆگەر بكات، تاوەكو بتوانێت لە پێگەی هێزەوە گفتوگۆ لەسەر سەرجەم كێشەكانی پەیوەست بە بودجە و مووچە و پێشمەرگە و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكات لەگەڵ بەغدا. دواتر دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە پارتی حزبی كردارە و حزبێكە لە ئاست ئەرك و بەرپرسیارێتییەكاندایە و شایستەی ئەوەیە كە دووبارە متمانە بەدەست بهێنێتەوە بۆ ئەوەی باشتر و كاراتر شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی و ئەركەكانی ئەدا بكات. لەم ڕووەوە پارتی بەوە ناسراوە كە حزبی داكۆكیكارە لە مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی گەلی كوردستان و نوێنەرەكانیشی لە پەرلەمانی عێراق بەرجەستەكاری ئەم واقیعە بوون. لە هەمان كاتدا پارتی نەك هەر بە تەنیا پێشەنگ بووە لە پرۆسەی دیالۆگ و دانوستاندن و كێبڕكێی سیاسی و شەرعی، بەڵكو هەر كاتێك پێویستی كردبێت و كار گەیشتبێتە ئەوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر كوردستان و قەوارەكەی دروست بووبێت، ئەوا ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیدان و فیداكارییەك بووە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پارتی بتوانێت میسداقییەت بۆ خۆی دروست بكات و پارێزگاریشی لێ بكات. خاڵێكی دیكەی درەوشاوەی پارتی ئەوەیە كە پارتی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا پەنا بۆ ناوزڕاندن و تەشهیر نابات و، لە ژێر ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆكدا هەمیشە بانگەشەیەكی گەرموگوڕی ئەنجام داوە، بەڵام بە بێ هێرشكردن و پەلاماردان بۆ سەر هیچ لایەك، چونكە دەیەوێت پرۆسەكە بە ئارامی و هێمنی بەڕێوە بچێت و، ئەمەش لەو گۆشەنیگایەوە سەرچاوەی گرتووە كە هەمیشە پارتی لە ئارامیدا گەشە دەكات. چونكە پارتی نایەوێت خۆی سەرقاڵ بكات بە بانگەشەی لاوەكی و هێرشی ڕاگەیاندن بۆ سەر حزب و لایەنەكانی دیكە و پێویستیشی پێی نییە، لەبەر ئەوەی ئەم حزبە ڕۆئیای ڕوونی خۆی هەیە و بابەتە لاوەكییەكانی لە ڕێبازە سەرەكی و نیشتمانییەكەی دووری ناخەنەوە، ئەمەش هۆكاری نەك هەر مانەوەی پارتییە، بگرە گەشەكردن و بەهێزبوونیشیەتی، واتە پارتی كۆمەڵێك ئامانجی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە و بە سووربوون و لێبڕانەوە كار بۆ بەدیهێنانیان دەكات و، بەشداریی كاراشی لەم هەڵبژاردنانەدا هەر لە پێناو جێبەجێكردن و هێنانە ئارای ئەو ئامانجانەدایە. دواتر ئەگەر ئێمە بەراوردی ئەدای ئەندام پەرلەمانی پارتی لە بەغدا بكەین بە هەندێ لە پەرلەمانتارەكانی حزبەكانی دیكە، ئەوا جیاوازییەكی گەورە و بەرچاو بەدی دەكەین، بۆ نموونە هەندێ لەو ئەندام پەرلەمانانە هەوڵیاندا قەوارەی دەستووری هەرێم هەڵبوەشێننەوە و بەغدا وەك پارێزگایەكی مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكات، بەڵام ئەوە پارتی بوو كە پێداگریی سەرسەختانەی كرد لە پارێزگاریكردن لە پێگە و قەوارەی دەستووری ئەم هەرێمە و هەر پارتییش بووە كە پێشەنگی برەوپێدان و بەهێزكردنی ئەم هەرێمە بووە. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە پێمان وایە -ئەمەش لەسەر بنەمای دیراسەت و بەدواداچوونی ورد- كە پارتی ئەنجامێكی گەورە و بەرچاو بەدەست دەهێنێت لەم هەڵبژاردنانەدا، چونكە پشتئەستوورە بە حیكمەتی سەركردایەتییەكەی و بە دڵسۆزی دۆست و لایەنگر و ئەندامەكانی. بۆ ئەم مەبەستەش كاری جددی و بەرنامەڕێژی باشمان كردووە و لە نزیكەوە كار لەگەڵ ڕێكخستنەكانماندا دەكەین، بۆ ئەوەی كاندیدەكانمان سەركەوتوو بن و دەنگی پێویست بەدەست بهێنن. دواتر ئێمە پێمان وایە سەركەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنانە زەروورەتێكی هەلومەرجی عێراق و هەرێمی كوردستان و بگرە كاریگەریی ئەرێنی و باشیشی لەسەر پەیوەندییەكانی عێراق بە ناوچەكەوەی لێ دەكەوێتەوە. چونكە پارتی خاوەنی ستراتیژیەت و دیدگای ڕوونە و هۆشیارانە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەكە دەكات، لە كاتی خۆیدا هەنگاوی گونجاو و پێویست هەڵدەگرێت. هەروەها پارتی حزبێكە كە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی حیسابی بۆ دەكرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. كەواتە سەركەوتنی پارتی خزمەت بە سەقامگیریی عێراقیش دەكات، لە هەمان كاتدا زامنی بەرەوپێشچوون و گەشەكردنی زیاتری هەرێمی كوردستانە، چونكە ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت لە بوونی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی ئایینی و ڕێزگرتن لە سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و بوونی ئەو ئارامی و ئازادی و ئاوەدانییەی كە هەموو لایەك شایەتی بۆ بدەن، ڕەنگدانەوەی ڕێچكەی سەركەوتووی پارتییە لە بواری حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی حكومەتدا. لە كۆتاییدا دەمەوێت داوا لە خەڵكی بە گشتی و لە جەماوەر و دۆست و لایەنگرانی پارتی بكەم كە بە گیانی پەرۆشی و پێشمەرگە ئاساوە هەوڵی سەرخستنی حزبەكەیان بدەن و ئەمە بكەنە ئەولەوییەتی كاری خۆیان و ئەمجارەش پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنەوە پارتە پێشەنگەكە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە كاروانی پاراستنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بدات و سەرسەختانە و ماندوویی نەناسانە شەڕی بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان درێژە پێ بدات.

Top