ئەحمەد كانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان: هه‌ولێر شارێكی ئارام و گه‌شاوه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ولێرییه‌كان ده‌نگ به‌ كاندیدانی پارتی ده‌ده‌ن

ئەحمەد كانی  ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان:  هه‌ولێر شارێكی ئارام و گه‌شاوه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ولێرییه‌كان ده‌نگ به‌ كاندیدانی پارتی ده‌ده‌ن

 

 

هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ولێری پایته‌خت رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر جۆش و خرۆشی تێده‌كه‌ویت خه‌ڵكی هه‌ولێر به‌ ژن و پیاو پیرو لاوه‌وه‌ باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان قه‌ره‌باڵغ كردووه‌، له‌ناو ئه‌م ئاپۆرای كه‌رنه‌ڤالئاسای هەڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا، سه‌باره‌ت به‌ گرنگیی پێگه‌ی پارتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پرسیارمان له ‌به‌ڕێز ئه‌حمه‌د كانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد له‌ وه‌ڵامدا گوتی: (پارتی خاوه‌نی گه‌وره‌ترین شۆڕش و قوربانیدانه‌ له‌پێناو گه‌له‌كه‌یدا، مێژوویه‌ك له‌ خوێن و شۆڕشگێڕی و قوربانیی پێشكه‌ش به‌ كورد و كوردستان كردووه‌، خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و شاهێدییه‌ بۆ پارتی ده‌ده‌ن كه‌ ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی گه‌وره‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌ست هێناوه‌. له‌ شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوولدا كه‌ به‌ ڕابه‌رایه‌تیی مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌ڕێوه‌چوو، توانرا ڕێككه‌وتننامه‌ی ئازاری مێژوویی به‌ده‌ست بهێنرێت و، كورد بۆ یه‌كه‌مجار له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا، ددان به‌ مافه‌ سیاسی و ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیدا بنرێت، هه‌ر بۆیه‌  هه‌ر كاتێك پارتی به‌هێز بووبێت، كورد له‌ به‌غدا پێگه‌ی به‌هێز بووه‌. پارتی خاوه‌نی قه‌زییه‌ی كورد بووه‌ و پارێزه‌ری ماف و ژیانی میلله‌تی كورد و كوردستان بووه‌، بۆیه‌ سه‌نگ و پێگه‌ی پارتی هه‌موو كات له‌ سه‌ر ئاستی عێراق پێگه‌یه‌كی سه‌نگین و گرنگ بووه‌).

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی و سه‌باره‌ت به‌ گرنگی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ناو سیاسه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستاندا و رۆڵی پارتی له‌ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان،  بەڕێز كانی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ (له‌ دوای ڕاپه‌ڕینیش سه‌رۆك مسعود بارزانی پێشمه‌رگه‌ و ڕابه‌ری نه‌ته‌وه‌ی كورد، له‌ وتاره‌ مێژووییه‌كه‌یدا له‌كۆیه‌ یه‌كه‌م كه‌س بوو بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رتاسه‌ریی ڕاگه‌یاند، ئه‌زموونی دیموكراسی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵگرتنی ئاڵای كوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمنانی گه‌ل و نیشتمان، هه‌مووی شاهێدیی ئه‌و ڕاستییه‌ بۆ پارتی و نوێنه‌ره‌كانی ده‌ده‌ن، كه‌ به‌رگریكارێكی سه‌رسه‌ختی قه‌زییه‌ی كورد و كوردستانییه‌كان بوون له‌ به‌غدا. كورد له‌ به‌غدا پێویستی به‌ پارتی به‌هێز و نوێنه‌رانی به‌هێز هه‌یه‌، نوێنه‌رانێك كه‌ ڕابردوو شاهێدی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌دات پابه‌ندی دیسپلینی پارێزگاریكردن بوون له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، سه‌رۆك بارزانی فیدڕاڵییه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراقێكدا چه‌سپاند، كه‌ پڕ بوو له‌ هێزی شۆڤێنی و ڕه‌گه‌زپه‌رست، له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووریشدا مافی هاووڵاتیبوونی له‌ ناو ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا جێگیر كرد، له‌ كاتێكدا پێشتر به‌ وشه‌یه‌ك ئه‌و مافه‌یان به‌ پێكهاته‌ و كه‌مینه‌كانی ناو عێراق نه‌دابوو، ئه‌ندازیاری پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و یه‌كڕیزی و ته‌بایی و ئاشتی پارتی بوو، له‌ به‌غدا كاری جددیی بۆ كرد، كه‌ زۆربه‌ی جار له‌سه‌ر حیسابی سازش و ده‌ستبه‌رداربوون له‌ مافه‌كانی خۆیشی بووه‌. له‌ ڕیفراندۆمدا كه‌ نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی عێراق، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو دنیا ده‌نگۆیه‌كی وای لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی كوردی به‌ هه‌موو جیهان ناساند و، دنیای به‌ئاگاهێنایه‌وه‌، به‌وه‌ی كه‌ گه‌لێكی گه‌وره‌ و ڕه‌سه‌نی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه‌، بێ ده‌وڵه‌ته‌ و ده‌بێت پارێزگاریی لێ بكرێت.

لایه‌نێكی دیكه‌ی قسه‌كانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بوو به‌وه‌ی ئایا پارتی تاچه‌ند پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی خۆی ده‌بێت و له‌ به‌رپرسیاریه‌تی خۆی ناشارێته‌وه‌، له‌ وه‌ڵامدا به‌رپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌م شێوه‌یه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ و گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌رپرسیارێتیی مێژوویی به‌رامبه‌ر خه‌ڵك و گه‌له‌كه‌ی ڕای نه‌كردووه‌ و، له‌و پێناوه‌دا نه‌ك ته‌نیا قوربانیی داوه‌، به‌ڵكو چاره‌سه‌ری كێشه‌ و قه‌یرانه‌ گه‌وره‌كانیشی كردووه‌، كه‌م قسه‌ی كردووه‌ و له‌مه‌یدانی خزمه‌ت و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییه‌كانیشدا كۆڵی نه‌داوه‌، له‌ شه‌ڕی داعش سه‌رۆك بارزانی ڕابه‌رایه‌تیی پێشمه‌رگه‌ی كرد و ژیان و كه‌رامه‌تی تاكی كوردی له‌ دڕنده‌ترین دوژمن پاراست، ده‌رگاشی بۆ ملیۆن و نیوێك منداڵ و ئافره‌ت و پیر و په‌ككه‌وته‌ی ئاواره‌ و لێقه‌وماو كرده‌وه‌، پارتی پشتئه‌ستووره‌ به‌ سه‌ركرده‌ی مێژوویی و ڕابه‌ری كوردستان (مسعود بارزانی) كه‌ زه‌خیره‌یه‌كی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌ بۆ سه‌رخستنی قه‌زییه‌ی كورد.

هه‌ر له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆك بارزانی ئه‌ندام و كادیر و كاندیده‌كانی پارتی بۆ نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق، خاوه‌نی هزر و ڕه‌وشت و كاری به‌رزی كوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌رین و، هه‌رگیز ئاماده‌ نین سازش له‌سه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان بكه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا نوێنه‌رانی لایه‌نی دیكه‌ نه‌ك هه‌ركه‌مته‌رخه‌م بوون، به‌ڵكو هه‌موو ماكینه‌ی حزبی و ئیعلامی و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان بۆ دژایه‌تیكردنی مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی كورد له‌ بودجه‌ و مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كان ته‌رخان كرد، ئه‌وه‌یان له‌بیر كرد كه‌ ئه‌وان بۆچی خه‌ڵك ده‌نگی پێ دابوون و بۆچی له‌ به‌غدا بوون).

له‌ دوماهی ئه‌م دیداره‌ كورته‌ماندا پرسیاری ئه‌وه‌مان كرد تاچه‌ند له‌ بازنه‌كانی  لق دوو ئومێدیان بۆ ده‌رچوونی كاندیده‌كانیان هه‌یه‌؟ ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامی  گوڵانی دایه‌وه‌: له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئێمه‌ له‌ سنووری لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان پێنج كاندیدمان هه‌یه‌، دڵنیاین هه‌ولێرییه‌كان ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانمان ده‌ده‌ن، چونكه‌ له‌ ڕابردوودا سه‌لماندمان كه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی به‌رگریكاری سه‌رسه‌ختی مافه‌كانیان بووین، له‌ به‌رپرسیارێتیشدا ڕامان نه‌كردووه‌ و له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كانی گه‌مارۆ و بڕینی بودجه‌ و مووچه‌ و هێرشی داعش و داگیركارانیشدا شه‌هید و قوربانیمان داوه‌، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ولێرییه‌كان مه‌جالی كه‌سانێك ناده‌ن له‌ به‌رپرسیارێتی ڕابكه‌ن و ئارامی و سه‌قامگیریی شاره‌كه‌یان تێك بده‌ن و، به‌ ده‌ردی شاره‌كانی دیكه‌ی ببه‌ن، هه‌ولێر شاری پێكه‌وه‌ژیان و ئارامی و سه‌قامگیری و بووژانه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌ سایه‌ی پارتێكی به‌هێزدایه‌ كه‌ هه‌ولێری كردووه‌ به‌ چه‌قی دیپلۆماسییه‌ت و سیاسه‌ت و ئابووری، ئیدی به‌ مووشه‌كی درۆن و نانه‌وه‌ی پشێوی و بوختان و ناوزڕاندنی ناو سۆشیال میدیا به‌ری ڕۆژ به‌ پێشه‌نگ ناگیرێت. 

Top