پرسێکی مەزن بۆ سەربەخۆیی، بەربەستێکی پۆڵاین بۆ پاراستنی کوردستان
لەساڵیادی چوارەمینی پرۆسەی مێژوویی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا ، نیشتیمان پەروەران وشەرەفمەندانی گەلی کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازییەکەی هەڵوەستەیێک دەکەن و لە ئێستای خۆیان دەپرسن :
ئەوەی لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەرو کەوتنی کەرکووک وناوچە جێناکۆکەکان روویدا بە شاڵاوهێنانی حەشدو مەشدی بەغداو تاران و بەیروت لە شنگالەوە تا خانەقین ودواتر بەسەرهەڵدانەوەی جمووجۆڵی داعش لەوناوچانەی خاڵی بوون لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، گەر بەربەستی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم وسەرکەوتنە مەزنەکەی و پاشان
بەرگری و بەرخودانی داستانی پردێ و سحێلا لە 25 و 27 ی ئەیلوول نەبوونایە
ئێستا نەک هەر قەوارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگیانەڵا و ئاوزینگدان دادەبوو ، بەڵکو کەسایەتی تاک و کۆمەڵگای کوردستانیش تووشی شکستیی ولات و پاتی و نامۆیی وشکانی ئیڕادە و شکانی خواست و وویستە ڕەوایە نەتەوەییەکانی دەبوویەوە و وەک تاکێکی سەرکزی نێو مێژوویەکی شکستخواردوو بەرامبەر بە بەغدا و تاران و ئەنقەرە دەردەکەوت .
بە پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیەوە ، بارودۆخی ئێستایی نێو هزرو ناخی تاک وکۆی کۆمەڵگای کوردستانی ئامادەگی زیاتری پرسی سەربەخۆیی و خۆبەدەستەوە نەدانی ئیرادەی تێدایە ، گیان و هێزی لەبن نەهاتووی بەرخودان و نەچەمانەوەی بارگاوی بۆتەوە بەگیان وهێزو ئیرادەی پتەو پۆڵاینی سەربەخۆی. هاوکات کەسایەتی ئێستای کوردستانی دوای ریفراندۆم ، دەسەڵاتدارانی بەغدای تووشی شەرمەزاریی و دەسەڵاتدارانی ئەمریکاشی تووشی ڕووداماوی کردووە .
ئێستا ، دوای ریفراندۆم وداستانی پردێ و سحێلا، دەستە بژێران و چاودێران و سیاسیی و سیاسەتمەدارانی هەردوو حکوومەت و دەسەڵاتی بەغدا - واشنتۆن لەوە تێگەیشتوون کە هەردوو حکوومەتی ئەودەمی بەغدا و واشنتۆن ، ناتوانن خۆیان لە ( کەتن و تاوان ) بدزنەوەو ڕووداماوی خۆیان بەرامبەر گەلی کوردستانی عێراق بشارنەوەو بە روخساری دەمامکدراوو پاسا و ئاین وئۆین هێنانەوە بۆنامەکەی تیلەرسەن ڕووی ڕاستی پرسەکە بشارنەوە .
ئێستا روخساری دژوناحەزانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەبەرامبەر
ڕەوایی و پێداگیری سەرکردایەتی سیاسی و رابەری ڕیفڕاندۆم و بزاڤی رزگاریخوازی بۆ ئەنجامدانی لەکات وساتی خۆیدا لە 25ی ئەیلوولی 2017 ئارەقەی شەرمەزارییان لێ دەتکێ .
ئێستا لەبەرامبەر جەماوەری گەلی کوردستان و سەرۆک و رابەری ڕیفڕاندۆمدا دۆش داماو ماتومەڵوولن، چونکە هەڵوێستی مەزنی گەل بۆ دەنگ دان بە بەڵێ بۆ ریفراندۆم و هەلوێستی مەزنی سەرۆک بارزانی و( خۆشەرمەزارنەکردنی بەرامبەر بە خوا و جەماوەر و مێژوو) دا ،
سەرفرازی و هێزو توانای ئیرادە بۆ سەربەخۆیی لای جەماوەرو خەڵکی کوردستان پتەوترکرد ، بڕوا بوون بەسەربەخۆیی لەناخ و هزری کۆمەڵگای کوردستانی فۆڕمەڵەکردەوەو تۆکمەتری کرد بۆ ساتی پێویستی بریادان ئامادەی کردنەوە ، ئامادەبوونێک ئیتر ببڕای ببڕ ( کورد سەپانی باوکی کەس نییە ) .
ئێستا دوای چوار ساڵ لەو مێژووە سەرفرازییەی رۆژی 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 گەلی کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازییەکەی باشتر لە ڕووی راستەقینەی (کۆبوونەوەکەی سحێلا ) تێدەگەن، ئەو کۆبوونەوە مێژوویەی وەک سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبە مێژووییەکەی دا ( بۆ مێژوو – لاپەرە 92) دا نووسیوویەتی ودەڵێ:
گرنگترین جموجۆڵە دبلۆماسییەکانی مانگی ئەیلوولی 2017 کۆبوونەوەکەی سحێلاو تەلەفۆنەکان و نامەی تیلەرسەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک ماکڕۆن ، سەرۆکی فەڕەنسا بوو.
ئێستا .. برێیت مەگۆرگ ، یان کۆبیچ ، دۆگڵاس سلێمان و فڕانک بیکەر لە مالکی و عەبادی و مەبادی ، باشترو جوانتر تێگەیشتوون کە کوردستان :
خاوەنی کارتی بەهێزی ئەنجامە سەرکەوتووەکەی ڕیفڕاندۆمەوە ، نەخشە رێگای سەربەخۆیی لەبەردەستدایە و خودان تاپۆی پرسی سەربەخۆی خۆیەتی.
هەولێر 25-9-2021