كرمانج عەبدوڵا بەرپرسی لقی 23ی قەرەچوغ بۆ گوڵان: بە هۆی هۆشیاریی خەڵكی كوردستانەوە دەنگەكانی پارتی زیاتر هەڵدەكشێن
لە ئێستادا پرسی سەرەكی كە لایەنە سیاسییە عێراقی و كوردستانییەكانی سەرقاڵ كردووە، بریتییە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق، ئەویش لەو ڕوانگەیەوە كە دەرئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنانە كاریگەرییان لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی پێگەی ئەم حزب و لایەنانە دەبێت، پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە لە خولی ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا حزبی ژمارە یەك بوو، بە پەرۆشی و جددییەتێكی بەرچاوەوە دەستی كردووە بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی حزبەكەی و ئومێد و چاوەڕوانییەكانیش ئەوەن كە پارێزگاری لە پێگەی خۆی بكات و، بگرە زیاتریش بەرەوپێش بچێت، لەم ڕووەوە كرمانج عەبدوڵا بەرپرسی لقی 23ی قەرەچوغ لە ڕێی گۆڤاری گوڵانەوە و بەم شێوەیەی خوارەوە گوزارشت لە پەیامی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان دەكات:
ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی ڕەسەنی نەتەوایەتی و نیشتمانیی كوردستانە و ڕۆڵی كاریگەری لە هەموو گۆڕانكارییەكان هەیە، نەك تەنیا لەسەر كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عێراقیش. ئەگەر ئاوڕ لە مێژوو بدەینەوە، ئەوا پارتی خاوەن مێژوویەكی دوور و درێژە لە خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان و حزبی سەرقافڵە و پێشەنگ بووە هەم لە خەبات و قوربانیدان و هەم لە بەدەستهێنانی دەستكەوتەكانیشدا. هەروەها پارتی داینەمۆی بەخشینەوە و زیندووكردنەوەی ئومێدە لە سەروەختی نائومێدیدا و پارتی بەرجەستەكاری یەكڕیزییە و كۆكەرەوەی تەوای پێكهاتەكانە لە ژێر ڕەشماڵی حزبێكی نیشتمانی، دیموكراتی و كوردستانیدا. چونكە ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كە توانی هەموو هێزو تواناكانی خەڵكی كوردستان بەرەو ئاقاری بەدیهێنانی داخوازییە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان ببات، بە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و توانیشی سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان لە دەوری شۆڕشەكە كۆبكاتەوە و هیوا و ئومێدی بۆ تەواوی چین و توێژەكانی كوردستان گەڕاندەوە و لەو سەردەمەدا توانی گەورەترین پانتایی جەماوەری خەڵكی كوردستان لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە. پارتی و خەڵكی كوردستان بە جۆرێك ئاوێتەی یەكتر بوون كە هەر كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنی بەدەستهێنابێت، ئەوە هاووڵاتیانی كوردستان سەركەوتوو و سەربەرز بوون و، لەو ڕۆژگارانەی ئەگەر لە وێستگەیەگ لە وێستگەكان پاشەكشەیەكی كردبێت، ئەوا كاریگەری هەبووە بەسەر خەڵكی كوردستانەوە. لەم ڕوانگەیەشەوە خەڵك متمانەیەكی زۆری بە سەركردایەتی و بە ڕابەرایەتی و بە ئەزموونی پارتی هەبووە، هەر بۆیە بەردەوام پارتی لە ڕۆژی دامەزراندنی تا ئەمڕۆ هێزی ژمارە یەكی كوردستانی عێراقە. ئێستاش كە بەرەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق دەچین، ئەوا دەبێت ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت، كە ئێمە قەواریەكی فیدڕاڵی دەستووری ددانپێدانراوین و، مافەكانی ئەم هەرێمە و گەلەكەی لە دەستووری عێراقدا چەسپێندراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا دەبینین ماددە و بڕگە پەیوەندیدارەكان بە هەرێمی كوردستان كە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هەن، لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بە كوردی ڕەوا نابینن، لە بەرامبەردا ئەوە بەدی دەكەین كە لەم ڕووەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەو ماف و داوایانە داكۆكیكارە و سەرسەختانە هەوڵی بەدەستهێنانیان دەدات، ئەوە پەرلەمانتارانی پارتین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە هەمان ئەو گیانەی كە لە شەڕەكانی پارتی لە پردێ و قەرەچووغ و سەحیلا و مەحموودیەدا داستانی نەبەردیان تۆمار كرد، بە هەمان ئەندازە لە پەرلەمانی عێراقشدا شان دەدەنە بەر بەرپرسیارێتی و سەرسەختانە شەڕی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن لە بەغدا. نوێنەرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بەو پەڕی گیانی بەرپرسیارێتییەوە ئەم ئەركەیان ئەدا كردووە. سەبارەت بە پێشبینییەكانیش لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە، ئەوا ئەمجارەش ئومێدمان زۆر زیاترە بە خەڵكە تێكۆشەرەكەی كوردستان بۆ ئەوەی دووبارە پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەڵگری ستراتیژیەت و دیدگایەكی نیشتمانی و نەتەوەییە ببێتەوە بەهێزی یەكەمی كوردستان و هێزی یەكەمی عێراق، پشتیوان بە خوا و بە جەماوەری خۆڕاگر و هۆشیاری خەڵكی كوردستانی دەنگەكانمان زیاتر هەڵدەكشن و چاومان لە هیممەتی دڵسۆزانی خەڵكی كوردستانە. سەبارەت بە لقی 23ی قەرەچوغیش كە سنوورێكی گرنگ و هەمیشە خەڵكێكی تێكۆشەری هەبووە و پاڵپشتی شۆڕش بوون، لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش ئەو خەڵكە تێكۆشەرە سەرباری ئەو هەموو نەهامەتی و ناهەموارییەی بەسەریاندا هات، خۆڕاگر بوون و ئەوەی لەم ڕووەوە لەیاد ناكرێت، ئەوەیە كە لە هەڵبژاردنی 2018 كە ئێمە بارەگاكانیشمان لەو سنوورە نەمابوون، ئەوان ماڵ و دڵی خۆیان كردبووە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتییان كردە حزبی یەكەمی بێ ڕكابەر، كە تەنیا كاندیدی پارتی دەرچوو و ئەمجارەش ئومێد دەكەین و گەشبینین كە هەردوو كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم سنوورە دەربچن، چونكە خەڵكی ئەم سنوورە زۆر تێكۆشەرن و لەم پێناوەشدا و لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان لەساڵی شەستەكانەوە تا ڕووخانی حزبی بەعس، دوچاری چەندەها خراپەكاری بوونەتەوە و بەجۆرەها شێوە گوند و كێڵگە و بەروبوومەكانیان سووتێندراون، ئەمانەش تەنیا لەسەر نیشتمانپەروەری و كوردپەروەری بووە. بۆیە لەم هەڵبژاردنەش ئومێدی زۆرمان بە خەڵكی سنوورەكە هەیە بۆ ئەوەی دەروازەیەك دەستەبەر ببێت، بۆ دووبارە گەڕانەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاڵای كوردستان و پێشمەرگەوە كە ئەویش دڵنیایەكی زیاتر بە خەڵكی تێكۆشەری ناوچەكە دەدات هەم بۆ ئەوەی ئەوانەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر ئاوارە بوون، بۆ گوند و شوێنەكانی خۆیان بگەڕێنەوە كە بە هەبوونی پارتی متمانە و زەمانەت لەلای خەڵكی كوردستان و خەڵكی ئەم ناوچەیە بە دیاریكراوی دروست دەبێت. خەڵكی ئەو ناوچانەش بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی گەڕانەوەی پارتی دەكەن. چونكە لەلای خەڵكی كوردستان بەگشتی و خەڵكی ئەو سنوور و ناوچانە گەڕانەوەی پارتی واتە گەڕانەوەی كوردە لەبەر ئەوەی دەزانن ئەوانەی بەرگری لە مافە ڕەواكانیان دەكەن، هەر پارتین و پێویستە نوێنەرانی ئێمەش لە بەغدا بە پێداگرییەوە بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان بكەن. لەم ڕووەشەوە داوا دەكەین خەڵكی تێكۆشەری كوردستان بە ڕێژەیەكی زۆر بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بكەن و، دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، بۆ ئەوەی پارتی زۆرترین كاندید و نوێنەری لە بەغدا هەبێت، تاوەكو كوردستان زیاتر بەهێز بێت و داواكارییەكانمان پتر بەرەوپێشەوە بچن. سەبارەتی بە ئامادەكارییەكانمان بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكانیشدا، ئەوا كار و پلانی باشمان داڕشتووە بۆ سەرخستنی كاندیدەكان و گەیاندنیان بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئێمە دەزانین پشتیوانیی خەڵكی كوردستان نهێنی بەهێزبوونی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئەم پارتەش هیچ كاتێك ئەم ڕاستییەی نادیدە نەگرتووە و پارتی و جەماوەریش بە شێوەیەك ئاوێتەی یەكتر بوون، كە ناتوانرێت لێكجیا بكرێتەوە، كەواتە پارتی خاوەن پێگەیەكی بەهێزی جەماوەرییە لە كوردستاندا و خاوەن خەڵكێكی یەكجار دڵسۆزو بەوەفایە و خەڵكی كوردستانیش دەزانن دەنگدانیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان زامنی بەهێزبوونی هەرێمەكەیان و بەرەوپێشبردنی دۆزەكەیان و مسۆگەركردنی ئایندەیەكی گەشترە بۆیان.