سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ پاترياركى كه‌نيسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى كرد

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ پاترياركى كه‌نيسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى كرد

پێشنوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2021/9/22 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز قه‌داسه‌تى پاتريارك مار ئاواى سێيه‌م، پاترياركى كه‌نيسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى له‌ جيهان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان شاندێكى كه‌نيسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى و وه‌زيرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئايينى ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى دووباره‌ پيرۆزبايى له‌ قه‌داسه‌تى پاتريارك بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركى خۆيان و كه‌نيسه‌كه‌يان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵى قه‌داسه‌تيان و كه‌نيسه‌ و پياوان و مامۆستایانى سه‌رجه‌م ئايينه‌كانى له‌ قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و ئاشته‌وايى و بوونى كورسيى پاترياركى له‌ هه‌ولێر به‌ گرنگ و مانادار و مايه‌ى متمانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

لاى خۆيه‌وه‌ قه‌داسه‌تى پاتريارك مار ئاواى سێيه‌م، پاترياركى كه‌نيسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى له‌ جيهان و شاندى ياوه‌رى، وێڕاى خۆشحاڵى و سوپاس و پێزانين بۆ به‌شداريى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ ڕێوڕه‌سمى دانانى قه‌داسه‌تى پاترياركدا، ستايشى ڕۆڵ و كاريگه‌ريى به‌ڕێزيانى له‌ پشتگيريى پێكهاته‌كان و پاراستنى پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ ميانڕه‌وى و بايه‌خ و گرنگيى سه‌قامگيرى كرده‌وه‌.

تاوتوێكردنى كاروبارى كه‌نيسه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، عيراق و جيهان و دۆخى مه‌سيحى و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عيراق، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا قه‌داسه‌تى پاتريارك سوپاسى گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ پێشوازى و حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تيش ئاواره‌ مه‌سيحييه‌كان.

Top