بۆ ئەوەی پرسە نەتەوەییەكانمان لە بەغدا لە دەستێكی ئەمیندا بن، دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەین

بۆ ئەوەی پرسە نەتەوەییەكانمان لە بەغدا لە دەستێكی ئەمیندا بن، دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەین

 

 

پێش هەموو شت و لەسەر ئاستی هەموو عێراق، هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژاردنی پێشوەختە و ناچارییە، كاتێكیش لە هەر وڵاتێكدا بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە دەدرێت، مانای ئەوەیە كە ناسەقامگیریی سیاسی و حكوومی لە وڵاتدا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە بە دامەزراوەكانی دەوڵەت كێشەكان چارەسەر ناكرێت و، پێویستی بە سەرلەنۆێ تازەكردنەوە و هەیكەلەیەكی تازەی بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت هەیە.

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و دەوڵەتی فیدڕاڵی و، بەشداریی نوێنەرانی كوردستان لەو هەیكەلە تازەی حكومەت و پەرلەمانی عێراقدا، هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە، چۆن لەدوای ساڵی 2003 كە دووبارە هەیكەلەی دەوڵەتی عێراق بونیاد نرایەوە، لایەنی كوردستانی بە بەهێزی بەشداریی پرۆسەی بونیادنانەوەی عێراقی نوێیان كرد، ئەوا ئەمجارەش دەبێت هێزی سەرەكی و كاریگەریی لایەنی كوردستانی لەو پرۆسەیەدا هێز و كاریگەریی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە چۆن ئەو كات بەشێكی زۆری مافەكانی گەلی كوردستانمان لە دەستووری ساڵی 2005ی عێراقدا چەسپاند، ئەوا ئەمجارەش دەبێت هێز و كاریگەریی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەمیشە هەوێنی یەكڕیزیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بووە لە بەغدا، هەموو هەوڵێك بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو مافە دەستوورییانە بە ماددەی 140یشەوە جێبەجێ بكرێن و، میكانیزمی ئاشتی و پێكەوە ژیان لە چوارچێوەی دەستووردا لە عێراق بێتە ئاراوە.

لەم چەند دێرەی پێشەوە، مەبەستم بوو دوو دیمەنی ئێستای پرۆسەی سیاسیی عێراق بە گشتی و، پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتی فیدڕاڵی بە تایبەتی بخەمە ڕوو، كە بریتین لە:

1- پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە ئاستیكی هێندە شپرزە و ناسەقامگیردایە كە خۆیان دەڵێن لە دووڕێیانی دەوڵەت و نادەوڵەتین.

2- لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی هەرێمیش لەگەڵ دەوڵەتی فیدڕاڵی، ئاستێكی هێندە خراپە كە لە هیچ ڕوویەكەوە لە پەیوەندیی نێوان هەرێمێك و دەوڵەتێكی فیدڕاڵی ناچێت و، ئەو دەستوورەی كە ئەو دەوڵەتە فیدڕاڵییەی لەسەر دروست كراوەتەوە، هیچ ئیعتیبارێكی بۆ ناكرێت.

بۆ ڕزگاركردنی عێراق لەم پاشاگەردانی و ناسەقامگیری و نادەوڵەتییە، ئێستا هاوكارییەكی گەورە بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانان هاتووەتە ئاراوە و، لە ناو ئەم هاوكارییە نێودەوڵەتییەشدا، بۆ ڕزگاركردنی عێراق لەم پاشاگەردانییە و هەنگاونان بەرەو ئاشتی و پێكەوەژیان و ئاوەدانی، هەرێمی كوردستان لەژێر سایەی سیاسەتی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی بووەتە سەنتەری ئەو پڕۆژەیەی كە بۆ عێراقی دوای هەڵبژاردن ئامادە كراوە، ئەوجا بۆ ئەوەی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان لەم پڕۆژە چارەنووسسازەدا گەورە و دیار بێت، ئەوا ئایندەی هەرێمی كوردستان داوامان لێ دەكات دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین.

پرۆسەی هەڵبژاردن هێزێكی نەرمە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی ئاشتییانە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە چەكە بەهێزەكەی دەستی – هێزی نەرمە- لە میانەی پرۆسەی سەركەوتووی حوكمڕانی لە هەرێمدا (لەگەڵ ئەوەی هێشتا خۆمان زۆر لێی ڕازی نین و كەموكورتییەكانمان لەبەرچاوە) توانیویەتی سەرنجی جیهان بۆ ئەو پرۆسە سەركەوتووە ڕابكێشیت و، وەك نەخشە ڕێگەیەك بۆ پڕۆژەی بونیادنانەوەی عێراقی دوای ئەم هەڵبژاردنە، بیكاتە بەشێك لەو پڕۆژە نێودەوڵەتییەی كە دەیانەوێت هاوكاریی عێراق بكەن و، لە نادەوڵەتییەوە بیگێڕنەوە بۆ دەوڵەتێكی سەقامگیر و ئاوەدان.

ئەمە داوامان لێ دەكات كە ئەو كوردستانە بەهێزەی لۆژیكی بارزانی و پارتییش وەك میكانیزم نەخشەی بۆ داڕشتووە، هەر دەبێت بە بەهێزی بمێنێتەوە و، ئەم بەهێزییەش بەوە دەمێنیتەوە كە هەموومان بە چەكە نەرمەكەی دەستمان كە كارتی دەنگدانە، بچینە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین.

لە دوماهی ئەم پەیامە كورتەمدا، دەمەوێت ئەو پەیامە بە هەڤالانی پارتەكەم بدەم ‌و پێیان بڵێم: هەڤاڵان لە بیرتان بێت پارتەكەتان پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی فەرمانڕەوای كوردستانە، ئەوجا وەك لە زانستی سیاسەتیشدا لەسەر ئەم پرسە ئاماژەی پێ كراوە، هیچ پارتێكی فەرمانڕەوا نەیتوانیوە بەهەشت بۆ هاووڵاتیانی دروست بكات، بەڵام گرنگە ئەو پارتە ڕێگە نەدات كە دۆزەخ لەناو وڵات و كۆمەڵگەدا دروست ببێت، لەم ڕووە سەربەرزین لە ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدان و بەرەو پیشەوە چوونەكانی كوردستان، بۆ ئەوەی ئاوەدانی و بەرەوپێشچوونەكانی كوردستان هەر بەردەوام بن، هەر دەبێت دەنگ بە پارێزەرانی كوردستان بدەین، كە ئەوانیش بە پلەی یەكەم كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستانن.

چاوەڕوانی هیممەتی پێشمەرگانەی سەر سندوقەكانی دەنگدانین. سڵاو لە خۆڕاگریتان، سڵاو بۆ شەهیدانی كوردستان سەروەریان بارزانی-ی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو.

 

 

(*)

ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

Top