كوردستان گەورەترین هێلانەی ئارامی و پێكەوە ژیانە

كوردستان گەورەترین هێلانەی ئارامی و پێكەوە ژیانە

 

نكۆڵی لەوە ناكرێت كە كۆمەڵگەی كوردەواری بە سیما و سرووشتی فرەڕەنگی و فرەناوچەیی ناسراوە، كورد بە گشتی خاوەن پانتاییەكی دێرینی مێژوو و كەلتوورە، ئەوەی كوردی پێ دەناسرێتەوە، ئەو فرەئایینی و ئایینزاییەیە كە شانازی بە ئازادی و پێكەوەژیانەوە دەكات، هەموو ئەو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاییانە لە سایەی حكومەت و دەسەڵاتی یاسادا دەژین و سەقامگیرن.

گرنگترین ناسنامەی هۆشیاركردنەوەی لاوان ئەوەیە كە دەرك بە لە یەك گەیشتن و ئاشتەوایی نەتەوایەتی بكەن، پێویستە ئایین ڕێگایەك بێت، تەنیا لە ویژدانەوە سەرچاوە بگرێت و، ببێتە ڕاستەڕێیەكی دروست بۆ مرۆڤ بە گشتی و ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی هەبوونی نەتەوە، نابێت ئایین، یان ئایینزا بكرێتە ئامرازێك بۆ دژایەتیكردنی یەكدی و ئایینە جیاوازەكان، كە توندوتیژی و كوشت و كوشتاری لێ بكەوێتەوە.

نەتەوەی كورد لە جیهاندا بە نەتەوەیەكی دێرین و ڕەسەن ناسراوە، كورد جگە لە ئایینی ئیسلام چەندین بیروباوەڕی ئایینی لەخۆ دەگرێت. لێرەدا ناسینی ئایینەكان و جۆری ڕووبەڕووبونەوەی هەر كەسێك لەگەڵ باوەڕە جیاوازەكانی ئایینزایی، یەكێكە لە خەسڵەتەكانی كەلتووری و ڕۆشنبیریی هەموو تاكێك لە هەر ناوچەیەكدا، لەم سۆنگەیەوە پێویستە لاوان و نەوجەوانەكان زانیارییان لەسەر بیروباوەڕ و ئایین و ئایینزای هاوڕێ و هاوپیشە و هاوپۆلی خۆیان هەبێت. هاوكات دەبێت ڕێز لە بیروبۆچوونی هەموو ئایینەكان بگرن و. هیچ كات گاڵتە و سووكایەتی بە باوەڕەكانی كەسانی دیكە نەكەن، بەڵكو بە چاوی لێبووردەیی و برایی و یەكسانی و ئاشتەوایی سەیری هەموو ئایینەكان بكەن.

خۆگونجاندنی گەنجان و مێرمنداڵان لەنێو كۆمەڵگەدا و لە كەشێكی دۆستانە و هاودەنگدا لەگەڵ بیروباوەری تایبەتیی خۆیاندا زۆر پێویستە، هاوسەنگبوونی ئایینی لە كۆمەڵگەدا و ناساندنی ئایینزاكان و ئاماژە پێ كردن و گرنگی پێدانیان لە كەرتی پەروەردەیی و سێكتەری ڕۆشنبیری و میدیایی، فاكتەرێكی زۆر پێویستە كە بە هۆیەوە دەتوانرێت ئایندەیەكی ئارام و بێ دەغدەغەی دەروونی بۆ ئەو كەسانە بڕەخسێنێت كە لە كۆمەڵگەدا هەڵگری ناسنامەی جیاوازن.

بە هەند هەڵگرتنی لایەنی ڕێزگرتنی ئایین و ئایینزا و لەبەرچاوگرتنی بیروبۆچوونی كەسانی دیكە و بەرانبەر، ڕێگا بۆ زیاتر بەخشینی هیواو ڕۆشنكردنەوەی ئایندە خۆش دەكات. دیارە ئایینزا جیاوازی لەگەڵ سیاسەت و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەیە، ئەمە باوەڕێكە بۆ ویژدانی خودیی مرۆڤ، چونكە لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە كە هەموو تاكێك لە هەر كۆمەڵگەیەكی ئەم جیهانە بێت، بە شێوەی تایبەتیی خۆی، یەزدان دەپەرستێت.

بۆیە لەم ڕوانگەوە هیچ كەسێك بۆی نییە لە هەر پۆست و پایەیەكدا بێت، پەرستگا و جێگای ئایینی كەس لەناو بەرێت و توندوتیژی بەرامبەریان بەرپا بكات، بەم شێوەیە دەبێت لاوانی ئازیز لەم بوارە ڕۆشنبیر و بێدار و بە ئاگا بن و، بە هزر و باوەڕەوە هەنگاوەكان بۆ پێشەوە هەڵگرن.

وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریكا دیدێكی تایبەتی و بەرچاویان هەیە لە هەمبەر مەزنیی هەڵوێستی سەرۆك مسعود بارزانی بەرانبەر بە ئایین و ئایینزا جیاوازەكان بۆ هاوسەنگیی ژیان لە كوردستان، كوردستانیش گەورەترین هێلانەی ئارامی و پێكەوە ژیانە.

سەبارەت بە كاكەییەكان، ئەوان لە سایەی ئەو ئاشتەوایی و ئازادییەدا دەژین، كە ڕێزدار مسعود بارزانی دەستەبەری كردووە و بە هەموو توانا و هەڵویستی مرۆڤدۆستانەی خۆی پاراستوویەتی، چ لە بواری ڕێكخستنی تاكی كاكەیی، یان پێدانی پلە و پۆستی سیادی بە كاكەییەكان.

لێبوردەیی لە ئایینی كاكەییدا

لێبوردەیی لە مەراسیمی ئایینی ڕۆحی و عیرفانی كە لە كتابی سەرئەنجام كە كتابی پیرۆزی كاكەییەكانە جەختی لێ كراوەتەوە، پیرۆزیی مۆسێقا بە تایبەت تەمبور«تەمیرە»، هەستێكی سەبر و پێڕاگری بە تاكی كاكەیی دەبەخشێت كە لەنێو هەموو دەمارەكانی جەستە جێی خۆی دەكاتەوە.

لێبوردەیی و پێكەوە ژیان و یەكڕەنگی لە گەڵ هەموو ئایینەكان پەیوەندیی بە پەروەردەی خێزانی كاكەییەكانەوە هەیە، ئێمە وەك كاكەیی باوەڕمان بە قەناعەت و دووركەوتنەوە هەیە لە بەدەستهێنانی ماڵی دنیا بە هەموو ڕێگاو هۆكارێكی توندوتیژی، ژینگەپارێزییش یەكێكە لە بنەما و ڕوكنەكانی مەزهەبیمان، هەمیشە دوورین لە لەناوبردن و زەوتكردنی مافی ئایینی دیكە.

ئەوەی پەیوەستە بە دەستوور، دەبێت وەك ئایینەكان، ڕەچاوی ماف و دەسەڵات و جێگای نیشتەجێبوونی كاكەییەكان بكرێت، بە تایبەت كاكەییەكانی ناوچە تەعریبكراوەكان و ماددەی (140) ئەوانەی گوندەكانیان و زەویی كشتوكاڵییان سووتێندراوە و، هەموو جارێكیش داعش پەلاماریان دەدەن و خەڵكیان لێ شەهید دەكەن .

سرووشتی دابەشبوونی جوگرافی و زۆریی چڕیی نیشتەجێبوونی كاكەییەكان لە كەركووك و خانەقینە، بەڵام بەردەوام ژیانیان لە مەترسیدایە. بە بۆچوونی من پێویستە لە دەستووردا بنووسرێت كە هەموو كاكەییەكان لە یەك شوێن و ناوچە لە كوردستان نیشتەجێ بن، چونكە ئەم پەرتەوازەبوون و پەرتبوونەیان لە عێراق، وای كردووە حكومەتی ناوەند بایەخی تایبەت بەم ئایینە نەدات.

ئاماری شەهیدانی كاكەیی لە 2014 تا 2017 زەنگی مەترسییە دژ بەم پێكهاتەیە.

بەپێی داتای بەردەست لە ساڵی ٢٠١٤ وە هەتا ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٥٠ كاكەیی كوژراون، سەدان دۆنم زەویشیان سووتێندراوە، جگە لەوەی كە دەیان مەزاریش خاپوور كراون، بە دەیان گوندی كاكەییش لە ترسانا چۆڵ كراون.

 لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دواتر پەیدابوونی قاعیدە و ئینجا داعش، زیاتر لە (400) شەهیدی كاكەییمان هەیە، دیارە لە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شاری كەركوك لە ڕۆژی 21/10/2016 لە بەرگری كردن لەو شارەدا (12) كەسی كاكەیی شەهید بوون.

سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی كوردستان، دەڵێم كە ئەمە موڵكی هیچ لایەن، یان ئایینی تایبەت نییە، بەڵكو هەمەگیرە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێكخستنی پێكهاتەكان گرنگترین خاڵە كە دەبێت ڕەچاو بكرێت. كاكەییەكان بە ئازایی و نەترسیی ژنان و پیاوان لە گوند و ناوچە تەعریبكراوەكان بە دار و بەرد بەرگرییان لە بوونی خۆیان وەك كورد كردووە و خاكی خۆیان بە خوێنی شەهیدان و فرمێسكی دایكان و منداڵان پاراستووە.

دەبێت پەرلەمانتارانی كورد لەنێو پەرلەمانی عێراق داكۆكیكاری سەرسەخت بن لەم پێكهاتەیە و پێداگری بكەن بۆ وەدەستهێنانی مافەكانی، بەتایبەتیش ورووژاندنی بابەتی زۆر گرنگی وەك ئەو زیانانەی لێیان كەوتووە، بگرە لە سووتانی زەوی و زاریان و خاپووركردنی خانوو و بەرەكانیان لە كەركووك و خانەقین و ئەو شوێنانەی ماددەی (140) دەیانگرێتەوە، تاكو قەرەبوو بكرێنەوە و، لە ڕووی ماف و دامەزراندنی تاكەكان و بەپێی یاسا و دەستوور چارەسەریان بۆ دەستنیشان بكرێت.

ئەوەی ماوە بیڵێم، ئەوەیە كە زۆر كەس هەن دەڵێن: ناوی كاكەیی لە وشەی (كاكە)وە هاتووە، چونكە پەیڕەوكارانی ئەم ڕێبازە یەك بە یەكیان گوتووە (كاكە)، بە ڕای من ئەم بۆچوونە ڕاست و دروستە، بەڵگەیش ئەوەیە یاران و كاكەییەكانی سەردەمی سوڵتان ئیسحاق بە شێوەیەكی گشتی، گەورە و بچووك لە بەر ڕێزگرتن لە یەكدی، لەكاتی قسە كردن بە یەكدییان گوتووە (كاكە)، واتە هەر كەسێك لەوانە هاوەڵەكەی بە براگەورەی خۆی زانیوە، تەنانەت سوڵتان ئیسحاق لەگەڵ هەر كەسێكدا لە مورید و مەنسوب و یارانی دوابێت و گفتوگۆی كردبێت، ئەوە سەرەتا بە ناوی (كاكە)وە دەستی پێ كردووە، ناوی (كاكەیی) بەهیچ جۆرێك لە وتارە بە نرخەكانی ناودارانی پێش ئیسحاق و یارانی نەهاتووە، بەڵام بە زۆری لە سروودەكانیان ئەم ناوانە، یارستان، تایفەستان، لە وتارەكانی سوڵتان ئیسحاق دەبینرێت.

سوڵتان ئیسحاق لە نیوەی یەكەمی سەدەی هەشتەمی كۆچیدا چرای ژیانی كوژاوەتەوە و لە گوندی شێخانی گۆی چەمی سیروان، لە خۆرهەڵاتی گوندی نەوسوود لە خاكی لهۆن بە خاك سپێردراوە و گومەزێكی بچكۆلانەشی بۆ دروست كراوە، كە بە پیرۆزترین زیارەتگای كاكەیی دەژمێردرێت.

شا ئیبراهیمی بەغدادی نەوەی پیران و ساداتی بەرزنجی، گوڵی ناو باخچەی هەقیقەت و دۆستی هەژاران و خاوەن هەزاران مورید، ئۆقیانووسێك لە زانیاری، خواپەرستیی ڕاستەقینە و گیرۆدەی عەشقی خواپەرستی و ئایین، لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا لە بەر هەبوونی بزووتنەوە و ڕێبازی كاكەیی، شارەزووری بە جێ هێشتووە و ڕووی كردووەتە خانەقین و لە پاشاندا چووەتە بەغدا و تا دوا تەمەنی لەوێ ژیاوە، دەیان خێزانی كاكەیی لە دەوری كۆ بوونەتەوە، ئارامگای سەید ئیبراهیم لە بەغدا لە گەڕەكی شێخ عومەردایە و شوێنێكی پیرۆزە بۆ كاكەییەكان.

 

لە كۆتاییدا شیعرێكی خۆم بە زمانی ماچۆ

دونیای فانی

گەردوون و جوانیش

 مەكەرۆ هۆشدار

زەمانە سەختەن

زمی بێ واران

نە گوڵ مەینی من

نە عەشق و دڵدار

دڵدار بێ كردار

زایەڵ بێ هۆشیار

مەشۆری ڕۆخسار

وە ئاوی ئەسرم

چ دونیای فانی

بەشەر بێمەرام

نە دڵ میهرەبان

نە ئەشق وە فەرجام

كوا زمی یاران

كوا دوعای دڵدار

باهەسارە بی

چ ئاسمانی خەم

دوعا و نیازمان

پێ قاپی كردگار

واران بوارۆ

زمی پڕ گوڵزار

یەكڕەنگ بمانم

یەكدەنگ و هاوار

 

Top