بۆ ئەو پۆپۆلیستانەی لەسەر وەختی هەڵبژاردنەكاندا دەیانەوێ لە گوژاڵك، حەڵوا دروست بكەن

بۆ ئەو پۆپۆلیستانەی لەسەر وەختی هەڵبژاردنەكاندا دەیانەوێ لە گوژاڵك، حەڵوا دروست بكەن

ماجید نووری
پۆپۆلیستان لە هەموو دنیادا و لە ساتەوەختانی هەڵبژاردنەكاندا لە قەدو باڵای یەكدا دەئاڵێن، وەك پیاڵەو ژێرپیاڵەیان لێ دێت، تا ئاستی دروست كردنی هاوپەیمانێتی و بۆ كاریگەرێتی خستنە سەر خەڵكیی، گورچانە لەگەڵ یەكتردا دەچنە ژووانەوە، لە پێناوی گەیشتن بە مەرامێكی كاتیی خۆیان تووشی ئێسقاو سێبەڕۆ دەكەن و كۆمەڵێك فاك و فیكی وروژێنەرانە بەكاردەهێنن، ئەوانە هەمیشە بەسەر لایەنی نێگەتیڤی هەست و سۆزی ساویلكەییەوە ساوەر دەكوتن، بچوكترین خاڵی نێگەتیفی ڕكەبەرەكانیان دەقۆزنەوە و قەبەی دەكەن و وا لە دەنگدەران دەكەن بێز و ڕقیان لەو كەسایەتی و لایەنە سیاسییانە بێتەوە كە پێشتر و لە ئێستاشدا فەرمانڕەوایەتی جەماوەریان لە ئەستۆدا بوون.
دروست كردنی ڕق و هاندانی نێگەتیڤانە، بە بەردەوامیی بازاڕی پۆپۆلیستانی گەرمتر وتیژتر كردۆتەوە، ئینجا بۆ فەراهەمكردنی ئاستی بەشداربوونی زۆرترین خەڵك لە دژی ڕكابەرانیان، هەمیشە كرۆسنیكانە پلانەكانیان دادەڕێژنەوە، لەم بارەیەوە كرۆسنیك دەڵێت(( ئەگەر تۆ ڕقت لە پاڵێوراوێكی دیاریكراو ببێتەوە، كەواتە تۆهەنجەتێكت دەست كەوتووە و هاندەرێكت بۆ دروست بووە بۆ ئەوەی ڕوو لە سندوقی دەنگدان بكەیت و بەشداری لە دەنگداندا بكەیت.))
بەم شێوەیە بڕیاردانی تۆ دەكەوێتە بنهەنگڵی هەستی كەسیرە و و سۆزی كوێرانە، لەم ڕووەوە پارتە چەپەكان و پارتەكانی دیكەی كە بۆ مەرامی وەرگرتنی دەسەڵات ئاین دەكەنە موفەڕك وا بیر دەكەنەوە، دەستێكی باڵا و عەقڵێكی زیرەكانەیان هەیە، خەڵكی هان دەدەن و ڕق لە ناخیاندا چەكەرە پێ دەدەن، خۆیشیان لە شەواژۆدا یان لە ساتەوەختی مەڕدانا پەلاماری بەرخەلی ئومێدی نەتەوەیی دەدەن، ئیتر هەرچی لە وڵاتدا ڕوو بدات، تەنانەت ئەگەر وشكەساڵیش بێت هەر هەموو كارەساتێك دەخەنە ئەستۆی كاربەدەستانی فەرمانڕەواوە.
بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2000ی ئەمەریكادا، ئەم جۆرە سیاسەت و پلانەی دروست كردنی ڕق وای كرد نزیكەی سێ ملیۆن كەس بە ڕقەوە لە دژی ئەلگۆر دەنگ بدەن و لافاوەكان و وشكە ساڵی ئەو كاتەش بە شێوەیەكی نالۆژیكی لە پێش هەڵبژاردن قۆسترانەوە كە ئەلگۆریان لە شێوەی شەیتانێك نیشانی خەڵكی دەدا كە گۆچانێكی بە دەستەوە بێت و بە هەوردا بیماڵێت تا لافاوو وێرانەیی بۆ ئەمەریكا بهێنێت، ئەم وێناكردنە دزێوانەیەی ئەلگۆر لە دیدی ڕكەبەرەكانی و گواستنەوەی وێنەكە بۆ كۆنەستی جەماوەر تەنیا بە كەشوهەوای ئەمەریكاوە نەوەستا، بەڵكو بەرەو گۆڕەپانی تۆپانێش تەشەنەی كرد، یەكێك لەو توێژینەوە زانستیانەی كە لە ئەمەریكادا جێی سەرسوڕمانی كەسانی ئەكادیمی بووە، ئەو توێژینەوانەیە كە بۆ دروست بوونی كۆ نەستی ڕقاوی خەڵك لە پێش هەڵبژاردنەكاندا باسیان لە كاریگەرێتی تۆپانێ كردووە و ماوەی نیو سەدە ئەم پیلانە چەند بارە بووەتەوە و هەوانتە نەبووە كە هەموو جارێك وەرزی تۆپانێی ئەمەریكا خراوەتە نزیك ساتەوەختی هەڵبژاردنەكانەوە و لە هەڵبژاردنی پاڵێوراوەكاندا كاریگەرێتی زۆری هەبووە، ئەم پیلان و گێچەڵ و تیتاڵە، مەرام لێی چاندنی ڕقە لە ناخی دەنگدەراندا، هەڵمەتەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن دەهێنێتە سەر ئاستێكی نزمی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و گەلەكۆمەكێی نامەردانە و گەڕەلاوژە، لە بڕیاردانی گشتی خەڵكدا بێ سەروبەری دروست دەكات، لە دەرئەنجامدا ئەم كارگە وەگەڕخراوەی ڕقیش دەچێتە ئەستێڵكی ئیرهابی فیكرییەوە، بە پێچەوانەی ئەم كارگەی دروستكردنی ڕقەوە لە بەرانبەردا كارگەیەكی ترهەیە كە نەك وەك تاكتیكی شاراوە بەڵكو وەك ستراتیژێكی ڕوون و ئاشكرا لە ناو پرەنسیپەكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان)دا شەقڵێكی شارستانیی بە خۆوە گرتووە، ئەویش پرەنسیپی شكاندنی شێوە و جۆرەكانی ئیرهابی فیكرییە، كارگەی یەكەم لە پێناوی ئەوەی شەپۆلی دەنگ بەرەو پاڵێوراوێكی خۆیان ئاڕاستە بكەن ئیتر هەرچی ئامڕازە غۆڵبزیەكانە دەخەنەكار و باڵ لە بارگیر دەڕوێنن و چەندین هەواڵی فەیك و درۆ هەڵدەبەستن تا ڕكەبەرەكانیان ناشرین بكەن و وا لە كۆنەستی جەماوەر بكەن لە ڕق و كینە و سۆزی كوێرانەدا نغرۆ بن، كارگەی دووەم پێویست ناكات خۆیان بە چەڵە مشكێنەی ئەوانی ترەوە خەریك بكەن، تەنیا بە چاكسازی كردن لە سێكتەرەكانی ژیانی خەڵكیدا دەتوانن وەڵامدەرەوەی كارگەی یەكەم بن، ئیتر پێویست ناكات كارسازانی ئەو كارگەیە خۆیان بخەنە سەر سەكۆیەك و خاڵ بە خاڵ بوختان و هەواڵە فەیكەكانی بەرانبەر بە درۆ بخەنەوە و چیتر نەیانپەرژێتە سەر ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییە پیرۆزەكان و لێیان غافڵ بن، پارتیەكان وەك ئەو لاولاوانەن كە هەڵدەگژێن تا بگەنە ڕووناكی، پشوودرێژتر و ئارامگرترن و نەوەی سەرۆكێكن كە پرەنسیپی لێبوردەیی لە پاڵ هێڵكاری دانسقەی هەڵۆكاندا دەبینن و دەخوێنن، لە ئاست ئەو بێ حەوسەڵە و گرژانەدا نیین كە هەموو تەمەن و مێژوویان جاڵجاڵۆكەییە و تەنیا بۆ پەلامار و شاڵاو و هێڕشكردنە سەر پارتی حەوتەی سێ جار بەرد لە شكۆی پارتی دەهاوێژن..
پارتیەكان بەسەر گڵی كزری بە خوێن سوور بووی خاكی كوردستانەوە هەر سەر بڵندانە و لە دوورتر دەڕوانن و نیگایان تیژبینترە، هەر بەم سیاسەتە حەكیمانەی پارتییەوە، هەمیشە داوی كۆلارەی زیندەخەونی دوژمنان و داگیراكارن پسێنراوە، دواجار هەر بەم حیكمەتی پشوودرێژییەوە، پارتیەكان توانیویانە لەسەر سەدان خشتی مەڕمەڕ سەركەوتن بنەخشێنن و دەمی پڕ بە حۆقە بیبەری تیژی دوژمنانی كوردایەتی كلیل بدەنەوە.

Top