پارتی دیموكراتی كوردستان   بۆ زەروورەتی پاراستنی-بوون-ی گەل و خاك دامەزراوە

پارتی دیموكراتی كوردستان     بۆ زەروورەتی پاراستنی-بوون-ی گەل و خاك دامەزراوە

 

 

چەند بگەڕێیت بە ناو تیۆرەكانی زانستی فەلسەفەی سیاسیدا، یان بگەڕێیت بە ناو هەموو ئەو كتێب و توێژینەوانەی لە سەدەی بیستەمدا لەسەر – حزبی سیاسی- نووسراون، پێناسەیەكت دەست ناكەوێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا وەك حزبێكی سیاسی بۆ نوێنەرایەتیی ئایدیۆلۆژیەتێكی تایبەت، یان چین و توێژێكی دیاریكراو پێناسە بكاتەوە.

مێژوونووس و بیرمەندی جیهانی یۆڤال نوح هەراری لە كتێبی «21 وانە بۆ سەدەی بیست و یەكەم»، سەدەی بیستەم بەسەر سێ چیرۆكدا دابەش دەكات، ئەوانیش چیرۆكەكانی (سەرمایەداری و كۆمۆنیست و نازی)یە، دیارە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی، چیرۆكی نازیەت كۆتایی هات و، تەنیا هەر دوو چیرۆكی (سەرمایەداری و كۆمۆنیست) مانەوە و، لە نێوان ئەم دوو چیرۆكەدا شەڕی سارد دروست بوو، كە بە ڕووخانی دیواری بەرلین، چیرۆكی كۆمۆنیستیش كۆتایی هات و، تەنیا چیرۆكی سەرمایەداری – لیبڕاڵ دیموكراتی- مایەوە، كە ئەویش ئێستا لە سەدەی بیست و یەكەمدا لەبەردەم داكشانێكی گەورەدایە.

بەپێی بۆچوونەكانی «هەراری» بۆ چیرۆكەكانی سەدەی بیستەم، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946 و لە دوای سەركەوتنی هەردوو چیرۆكی – سەرمایەداری و كۆمۆنیست - هاتووەتە دامەزراندن، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردن و تێڕامانێكی قووڵە، ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، نە لەو حزبە سیاسییە كۆمۆنیستانە دەچێت كە بە پشتیوانیی یەكێتی سۆڤیەتی پێشان لە تەواوی وڵاتانی جیهان دروست كراون، نە لەو حزبە سیاسییانەش دەچێت كە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای دیموكراتی بۆ نوێنەرایەتیی چینێك، یان ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو هاتوونەتە دامەزراندن.

لێرەوە ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەراوردكارییەكی سیاسییانە بخەینە چوارچێوەی چیرۆكی سەركەوتنی –كۆمۆنیست- و، بەو ئیعتوبارەشی كە لەو سەردەمەدا ئایدیۆلۆژیای كۆمۆنیستی لە عێراق و كوردستان بەربڵاو بووە و، خاوەنی گەورەترین حزبی سیاسی بووە، كە ئەویش «حزبی شیوعی عێراق»ـە، ئەوا ئەوەی دەبێتە جێگەی سەرنج و هەڵوەستەكردن ئەوەیە كە لەناو ئەو ژینگە سیاسییە چەپ و ماركسیستەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتێكی چەپ، یان كۆمۆنیستی نەبووە، بەڵام ئایدیۆلۆژیەتی كۆمۆنیستیشی لە ڕووی یەكسانی و دادپەرورەیی كۆمەڵایەتییەوە ڕەتنەكردووەتەوە و، هەوڵیداوە سوود لە ماركسیەت وەربگرێت بۆ چەسپاندنی یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی.

دیسان ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو چیرۆكی سەركەوتنی «سەرمایەداری و لیبڕاڵ دیموكراتی»یشدا بەرواردكاریی سیاسی بۆ بكەین، ئەوا ڕاستە لە دەوڵەتی پادشایەتی عێراقدا ئەنجومەنی نوێنەران هەبووە و، هەڵبژاردنیش بۆ نوێنەرەكانی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دراوە، بەڵام سیستمی پادشایەتیی عێراق بە هیچ شێوەیەك ددانی بە گەلێكدا نەناوە وەك گەلی كوردستان و خاكێك بە ناوی كوردستان، بۆیە لە چوارچێوەی سیستمی پادشایەتیی عێراقدا، نە گەلێك هەبووە بە ناوی گەلی كوردستان، نە خاكێك هەبووە بە ناوی كوردستان، هەتا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوە دامەزرابێت نوێنەرایەتیی گەل و خاكی كوردستان لەناو پەرلەمانی عێراقدا بكات، هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ناوی «پارتی دیموكراتی كوردستان» خۆی ڕاگەیاندووە، بەڵام وەك حزبێكی سیاسی لە ناو دەوڵەت و سیستمێكی دیموكراتیدا لە دایك نەبووە.

مسعود بارزانی ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستان، سەبارەت بە زەروورەتی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەخت لەوە دەكاتەوە: «پارتی لەناو قووڵایی نائومێدیی گەلی كوردستاندا بۆ زیندووكردنەوەی ئومێد هاتەدامەزراندن»، ئەم پێناسەی مسعود بارزانی كە پێمان دەڵێت: پارتی لەناو نائومێدیی گەلی كوردستاندا هاتووەتە دامەزراندن، ئەمە مانای ئەوەیە خودی ئەوە نائومێدییە جۆرێك لە دڵەڕاوكێ (قلق)ی سەبارەت بە نەمانی ناسنامە و نیشتمانی گەلێك و نەتەوەیەك لای هەر تاكێكی كوردستان دروست كردووە و، هایدگەر گوتەنی، دڵەڕاوكێ (قلق)، بریتی نییە لە ترسێكی ناوخۆیی، یان دەرەكی، بەڵكو شڵەژانێك لە ناو هزر و بیركردنەوەی مرۆڤ بە ئاستێك دروست دەكات، كە ناچار بێت لە پێناو دووبارە پێناسەكردنەوەی بوونی خۆی هەست بە بەرپرسیاریەتی بكات و، پاراستنی ئازادی بە ئەركی سەرشانی خۆی بزانێت، كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت: ئەو نائومێدییەی مسعود بارزانی باسی دەكات بە ئاستێك هزر و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی ورووژاندووە كە خەو لە چاوەكانی بزڕێت و، بۆ ڕەواندنەوەی ئەو دڵەڕاوكێ و قەلەقییەی كە نائومێدی لەناو ناخی گەلی كوردستاندا دروست كردبوو، بەرپرسیاریەتی ئەم نائومێدییە بخاتە سەر شانی خۆی و بیر لە ئامرازێك بكاتەوە كە دووبارە لە ناو مێژووی گەلی كوردستاندا پێناسەی گەل و خاكی كوردستان بكاتەوە و، ئەو ئامرازەش دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

 پارتی دیموكراتی كوردستان

 لە ئامرازەوە بۆ ئومێد

هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژوو تەنیا بۆ ستایش و پێداهەڵدان نییە، بەڵكو دووبارە هێنانەوە گۆی خودی مێژووەكەیە بۆ ئەوەی نەوەكانی ئێستا و داهاتوو، هەم سوود لەوانە باشەكانی وەربگرن، هەمیش هەڵەكانی ئەو مێژووە ڕاست بكەنەوە، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە كاتێك باسی مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناو مێژووی پارتە سیاسییەكان و تەواوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان دەكەین، ئەوا دەبێت گوێ لە خودی مێژوو بگرین، بۆ ئەوەی بزانین چیمان پێ دەڵێت، نەك خۆمان مێژوویەك بگێڕینەوە كە لایەنە باشەكانی بخەینەڕوو و هەڵە و كەموكورتییەكانیش لە نەوەكانی ئێستا و داهاتوو بشارینەوە.

ئەم ئاراستەیە بۆ خوێندنەوەی مێژوو لای پارتی، ئەومان پێ دەڵێت كە، پارتی هەرگیز نە بە سەركەوتن غروور بووە و، نە لە شكستیشدا نائومێد بووە، هەرگیزیش لە بەرپرسیاریەتی هەڵنەهاتووە، هەر بۆیە دوای هەر دەستكەوت و سەركەوتنێك، هەوڵەكانی پارتی بۆ پاراستنی ئەو دەستكەوت و سەركەوتنانە كە بە خوێنی پێشمەرگە بەدەستهاتوون، لەكاتی شكستیشدا بە هەمان شێوە شانی داوەتە بەر بەرپرسیاریەتی و هەوڵیداوە شكست و هەڵەكانی خۆیشی ڕاست بكاتەوە.

ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییەی پارتی كە هزر و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی-یە و لە ناو پارتیدا ڕەنگی داوەتەوە، متمانەیەكی ئەوتۆی لای هاووڵاتیان دروست كردووە، بە مانای «پارتی وەك ئامرازێكی دروست بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان»، بووەتە هۆكاری ئەوەی كە خەڵكی كوردستان ئومێد لەسەر ئەو ئامرازە هەڵبچنێت و بە هیواوە سەیری بكات و، چاوەڕێی ئەوەی لێ بكات، كە تەنیا بەو ئامرازە (پارتی دیموكراتی كوردستان) دەگەینە تەواوی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان و سەرەنجامیش هەر ئەو ئامرازە دەستكەوتەكانیش دەپارێزێت.

لێرەوە ئەگەر سەرنجێك لەسەر سەرەتای دامەزراندنی پارتی و دووركەوتنەوەی مستەفا بارزانی بۆ تاراوگەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو بدەین، دەبینین لەناو ئەو قۆناخە سەختە سیاسییەی ناوخۆی عێراق و گرفتەكانی ناو پارتی لە غیابی مستەفا بارزانی و، لەولاشەوە لەناو ژیانی مەرگەساتی تاراوگەیی، مستەفا بارزانی نەك هەر تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆ توانی ئومێد بۆ گەلی كوردستان دروست بكاتەوە، بەڵكو لەو قۆناخە سەختەی ژیانی تاراوگە و دەربەدەرییەدا، توانی دۆزی ڕەوای كوردستان بە شێوەیەكی زۆر كاریگەرانە لەسەر ئاستی جیهان تەدویل بكات و، ناسنامەیەك بۆ دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لەسەر ئاستی جیهان دروست بكات.

لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناو فیكری مستەفا بارزانی و بپرسین: ئایا پارتی وەك ئامراز بە چ ئامانجێك دامەزرێنرا؟ بێگومان لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا مێژوو پێمان دەڵێت: «پێش ڕاگەیاندنی پارتی لە ساڵی 1946، پێشینەیەك لە فیكری مسستەفا بارزانی سەبارەت بە چەمك و مانای پارتی بوونی هەبووە، هەر بۆیە مستەفا بارزانی تەنیا كاریزمایە لە سەدەی بیستەمدا كە دوای بەرپاكردنی شۆڕش (شۆڕشی دووەمی بارزان)، بیری لە دامەزراندنی پارتی كردووەتەوە، ئەم ئاراستەیە پێمان دەڵێت: چەمكی –پارتی وەك بەرەیەك بۆ یەكبوونی ئیرادەی گەلی كوردستان- لەناو شۆڕشی دووەمی بارزانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەناو شۆڕشی دووەمی بارزاندا، مستەفا بارزانی داهێنانێكی تازەی لە ئەقڵی سیاسیی كوردستاندا هێنایە ئاراوە، ئەویش ئەوە بوو، لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و ئەفسەرە ئازایخوازەكان و پارتە سیاسییەكانی ئەو سەردەمە بەتایبەتی (حزبی هیوا)، لیژنەیەكی بۆ بەڕێوەبردنی شۆڕش دامەزراند و ناوی لێنا «لیژنەی ئازادی»، ئەم قسانەی مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە، ئەوەمان فێر دەكات كە لە فیكری مستەفا بارزانی-دا، تەنیا لە ناو مێژوو و ئیرادەی گەلی كوردستاندا ئەو توانایە دێتە بوون كە توانای ئەوەی هەبێت ئازادی بۆ گەلەكەی و سەربەخۆیی بۆ نیشتمانەكەی بە دەست بهێنێت.

كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت: پێناسەی پارتی بە جیاواز لەگەڵ هەموو ئەو حزبانەی لەو سەردەمە لەگەڵ پارتی بوونیان هەبووە و، ئەوانەشی دوای ئەو سەردەمە هاوشانی پارتی دامەزراون، ئەوەیە كە پارتی پێناسەی خۆی وەك ئامراز لە ناو مێژووی كوردستان و ئیرادەی گەلی كوردستاندا وێنە كردووەو، مێژوو و ئیرادەی گەلی كوردستان سیاسەت و خەباتی پارتی ئاراستە كردووە و، هەموو خەڵكی كوردستان بە جیاوازی چینایەتی و جیاوازی ئیتنی و ئایینەوە وەك ماڵی خۆی لەناو پارتیدا خۆی بینیوەتەوە، هەر ئەمەش وایكردووە ئەم ئامرازە كە (پارتی)یە ببێتە جێگەی ئومێدی هەمووان و لە پێناوی بەدیهێنانی ئومێدی خەڵكی كوردستان، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان سەلماندوویەتی بۆ ئەو ئامانجەی لە پێناویدا دامەرزاوە، ڕاستگۆیە و ئێستا درێژەپێدەری هەمان پەیام و ئامانجە.

 پارتی لە دوای گەڕانەوەی بارزانی و

 دەستپێكی شۆڕشی ئەیلوولدا

دوای گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە یەكێتی سۆڤیەتی پێشان و ئەو پێشوازییە گەرم و گەورەیەی لەلایەن تەواوی گەلانی عێراق و كوردستانەوە لێی كرا، ئیدی ناوی بارزانی ببووە هێمایەك بۆ تەواوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان، بۆیە لەناو ئەم جۆش و خرۆشە جەماوەرییەی گەلی كوردستان، مستەفا بارزانی بڕیاری گۆڕانكاری لە چوارچێوەی بەستنی كۆنگرەیەكی پارتیدا دەركرد و، لەو كۆنگرەیەشدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە سكرتێری حزب و ئەندامانی سەكردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئەنجام دران، ئەمانەش هەمووی بەو ئامانجە بوون كە پارتی خۆی بۆ دوو ئەركی سەرەكی ئامادە بكات:

1- بەشداریكردن بۆ پاراستنی دەستووری كاتیی عێراق كە ددانی بەوەدا نابوو: «عێراق نیشتمانی هاوبەشی كورد و عەرەبە».

2- ئامادەباشی بۆ پاراستنی ئەم دەستكەوتە بە هەموو توانایەكەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵانی 1959-1961 زۆر هەوڵیدا كە ئەو دەستوورە جێبەجێ بكرێت كە لە دوای 14ی تەموزی 1958 ڕاگەیەنراوە، بەڵام حكومەتی قاسم لە بەڵێنەكەی پاشگەز بووەوە و سەرەنجام لە 11ی ئەیلوولی 1961 شۆڕشی كوردستان دەستی پێ كرد، ئامانجی ئەم شۆڕشەش تەنیا سەلماندن و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان بوو، بۆیە هاوشانی خەباتی چەكداری، خەباتی دیپلۆماتی دەستی پێكرد و، دەرگای دیالۆگ و گفتۆگۆ لە بەر ڕۆشنایی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ عێراق بە كراوەیی هێڵدرایەوە و، لە ماوەی كەمتر لە سێ ساڵ خەباتی چەكداری، حكومەتی عێراق ناچار كرا، داوای دانوستاندن بكات، بۆ ئەمەش بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی خەڵكی كوردستان لە كۆیە كۆبووەوە و، ئەو پرسەی باس كرد: ئایا دانوستاندنەكە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە، یان نە، پاش ئەوەی نوێنەرانی خەڵكی كوردستان ئەمەیان بۆ بەرژەوەندیی گشتی لە قەڵەم دا، مستەفا بارزانی ئاگربەستی لەگەڵ حكومەتی عەبدولسەلام عارف ڕاگەیاند، بەڵام مەكتەبی سیاسیی پارتی بەمە ڕازی نەبوو، بیانووی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئەوە بوو، نابێت لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندیی خەڵك بڕیار بدرێت، بەڵكو دەبێت بەرژەوەندیی حزب لەبەر چاو بگیرێت و خەڵك بەرژەوەندیی حزبی لا گەورەتر بێت، نەك بەرژەوەندیی گشتی، بەڵام لە بەرامبەردا مستەفا بارزانی بەرژەوەندیی گشتی خەڵكی كوردستانی لە بەرژەوەندیی پارتی لا گەورەتر بوو، بۆیە مەكتەبی سیاسی لە ساڵی 1964 جیابوونەوەی خۆی ڕاگەیاند و چوونە ئێران و، دوای ئەوەی مستەفا بارزانی لێبوردنی بۆ دەركردن و گەڕانەوە بۆ كوردستان، دوای یەك دوو ساڵ بەشێكیان گەڕانەوە بۆ لای حكومەتی عێراق و بوونە بەشێك لەو چەكدارانەی كە دژایەتیی شۆڕشی كوردستانیان دەكرد.

لەدوای ئەم جیابوونەوەیە و دووبارە گەڕانەوەی پارتی بۆ ئەو ئامانجەی لە پێناویدا دامەرزاوە، لە ماوەی چوار ساڵی نێوان 1966-1970، بە درێژەپێدانی خەباتی جوامێرانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خەباتی دیپلۆماتیی سەردەمییانە، توانی حكومەتی عێراق ناچار بكات كە لە ئاداری 1970 ڕێككەوتننامەی مێژوویی 11ی ئادار ئیمزا بكات، ئەم ڕێككەوتننامەیەش تا ئێستا تەنیا دیكۆمێنتی یاسایی و دەستوورییە كە لە هەر چوار پارچەی كوردستان بەدەست هاتبێت و، هەر ئەم دیكۆمێنتە یاسایی و دەستوورییەش بووە بنەما بۆ دانوستاندنەكانی ساڵانی دوای 1975 تا 1991 و، پاشانیش دامەزراندنی پەرلەمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئێستاش وەك هەرێمێك لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا.

 پارتی لە ئێستادا و هەنگاوەكانی بۆ داهاتوو

پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946 لەناو كۆماری كوردستانەوە بۆ دامەزراندنی كۆمارێكی دیكەی كوردستان دامەزراوە، ئەمەش بەو مانایەی ئامانج لە دامەزراندنی پارتی وەك ئامرازێك ئەوەیە كە بەم ئامرازە كیان و قەوارەیەكی سیاسی بۆ گەلی كوردستان دروست بكرێت و لەناو ئەو كیان و قەوارە سیاسییەدا گەلی كوردستان بە جیاوازیی ئایین و ئیتنییەوە، ئازادانە پێناسەی بوونی خۆی بكات و سەربەرزانە ژیان بەسەر بەرێت.

ئەگەر دوای 75 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەیری ستراتیژیەتی مسعود بارزانی وەك كاریزما و ڕێبەری ئەم قۆناخەی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان بكەین، دەبینین، ئەولەوییەتی ستراتیژیەتی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان و لەناو ئەم بزاڤەشدا پارتی دیموكراتی كوردستانی لەسەر چەند وشەیەك داڕشتووە و ڕایگەیاندووە: پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، ئەولەوییەتی هەموو سیاسەت و ستراتیژیەتێكی ئەم قۆناخەمانە.» ئەمەش مانای ئەوەیە ڕەوڕەوەی مێژووی 75 ساڵی بەردەوامی خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لە سەرەتاوە بۆ چ ئامانجێك دامەزراوە، ئەمڕۆش شانی داوەتە بەر هەمان ئەرك و بەرپرسیاریەتی و درێژەپێدەری ئەو ئامانجەیە كە لە پێناویدا دامەزراوە.

ئەوجا لەبەر ئەوەی پارتی وەك ئامراز هەموو كوردستانییەك خۆی بە خاوەنی زانیوە و بە مافی خۆی زانیوە ئەم ئامرازە بۆ پاراستنی بوونی خۆی بەكار بهێنێت، ئەوا لە هەموو قۆناخە جیاوازەكانی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان و لە سەردەمی حوكمڕانیی لۆكاڵی كوردستان لە 1992-2003 و دواتریش وەك بەشداریی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی، هەموو كات پارتی، هێزی سەرەكی و متمانەپێكراوی گەلەكەی خۆی بووە و، هیچ هێزێكی سیاسی كوردستانی نەیتوانیوە متمانەی گەلی كوردستان بە پارتی لەق بكات، یان پیشڕەوایەتی لە پارتی وەربگرێتەوە، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەیە پارتی ئایدیۆلۆژیەتێكی بەهێزی ئەوتۆی هەیە كە توانیبێتی هەموو گەلی كوردستان تەسقیف بكات، بەپێچەوانەوە فیكر و ئایدیۆلۆژیەتی پارتی ئەوبیربۆچوونانەی تەواوی خەڵكی كوردستانە كە پێكەوە هەموو جیاوازەكان لە بازنەی ئازادی و سەربەخۆییدا یەك دەگرنەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە حوكمی ئەوەی بە بەردەوامی جێگەی متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان بووە، ئەركی زیاتری دەكەوێتە سەرشان و بۆ دابینكردنی هەموو خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان، خەڵكی كوردستانیش ڕووی داواكارییەكانیان زیاتر ڕوو لە پارتی دەكەن و پارتییش گرنگە لە ئاستی ئەو ئومێدە بێت كە خەڵكی كوردستان لە پارتی چاوەڕوانی دەكات.

لەم پێناوەدا و بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە سەرەكی و پێویستەكان بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت و، خەڵكی كوردستان لە ژیانێكی خۆشگوزەراندا بژین، سەرۆك بارزانی ئەركی ڕاستكردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی خستووەتە سەر شانی پارتی و پارتی كردووەتە ئامرازێك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و بونیادنانەوەی كوردستانێكی بەهێز و، كوردستانیش كاتێك بەهێز دەبێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەهێزی جێگەی متمانەی خەڵكی كوردستان بێت، بۆ ئەم مەبەستەش پارتی دیموكراتی كوردستان بووەتە قەڵایەك بۆ پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەوەی پرۆسەی چاكسازی لە هەموو دامودەزگاكانی حكومەت شێلگیرانە ئەنجام بدات و، ئەدا و هەنگاوەكانی لە ئاستی خواست و داواكاریی و چاوەڕێیەكانی خەڵكی كوردستان بێت.

ئەمڕۆ كە دوای 75 ساڵ یادی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەینەوە، ئەوەی دڵی شەهیدەكانمان ئاسوودە دەكات و دەبێتە شانازییەكی گەورە بۆ تەواوی ئەندام و كادرانی، ئەوەیە كە سەرۆك مسعود بارزانی درێژەپێدەری ئەو ئامانجەیە كە بارزانی مستەفا لە پێناویدا پارتی دیموكراتی كوردستانی دامەزراند.

 

Top