لۆرانس ئۆلیڤیە.. شكسپیریی دووەم

لۆرانس ئۆلیڤیە.. شكسپیریی دووەم

حەیدەر عەبدولڕەحمان

(لۆرانس ئۆلیفیە) كە ڕەخنەگران بەسیحری شانۆ لە سینەما ناوی دەبەن، لە چەندین فیلمدا بەشداریی كردووە، كە لە شانۆگەرییەكانی شكسپیر وەرگیراون، بەتایبەتیش دوای سەركەوتنی لە رۆڵی (رۆمیۆ) ی شانۆگەری ڕۆمیۆ جولێت، هاملێت و ئۆتیللۆی و هنری پێنجەمی لە كارە سینەماییە كلاسیكییەكاندا بەرجەستە كردووە.

لۆرانس ئۆلیڤیە.. شكسپیریی دووەم

 لۆرانس دیارترینی ئەو ئەكتەرە مەزنانەیە كە زۆرترین كاراكتەرەكانی شكسپیری لە شانۆوە گواستۆتەوە بۆ سینەما.

 بە دەست هێنانی خەڵاتی ئۆسكار

 ( لۆرانس ئۆلیڤیا) ساڵی 1948 فیلمی هاملێتی پێشكەش كردووە، خۆیشی ڕۆڵی پاڵەوانێتیی تێدا بینیوە، پاشان بەهۆی نواندنی بەرزی لەو فیلمەدا، وەك باشترین ئەكتەری فیستیڤاڵ خەڵاتی ئۆسكاری بەدەست هێناوە.

 (فرانكۆ زیفرللی) لەگەڵ (كریستوفر دی فور) بەشداریی لە نووسینی سیناریۆی فیلمی هاملێتدا كردووە.

ئەم فیلمە ساڵی 1990 بەرهەم هاتووە، لە نواندنی ئەكتەری ناودار (میل گیبسون) و (گلین كلۆز) و( ئالان بیتز)ـە  هەروەها مێژووی سینەما زۆر ستایشی ئەكتەرو دەرهێنەری ئینگلیزی (كینس برانا) دەكات، لە فیلمی (هاملێت) كە لەساڵی 1997 لە دەرەوەی پێشبڕكێی فیستیڤاڵی( كان) ی سینەمایی نمایش كراوە.

رەخنە گران پێیان وایە ئەو فیلمە، لەگەڵ هەموو ئەو فیلمانە جیاوازە كە لە شانۆگەریی (هاملێت) وەرگیراون، چونكە فیلمەكە دەگەڕێتەوە سەر ئەو دەقە ڕەسەنەی شكسپیر، كە لە ساڵی 1604چاپ كراوە.

ناوەڕۆكی فیلمەكەی هاملێت

فیلمی هاملێت ــــ سەربوردەی شازادەی دانیمارك هاملێت دەگێڕێتەوە، كە دوای لەناو بردنی باوكی لەلایەن مامییەوە، هەردوو هاورێی (هۆراشیۆ و مارسیلاس) داوا لە هاملێت دە دەكەن، كە بێت و تارمایی باوكی بەچاوی خۆی ببینی، كە چۆن پاش مردنی، شەوان دەردەكەوێت، دوای ئەوەی (كلۆدیۆس) ی برای، بۆ دەسەڵاتگرتنە دەست و دەست بەسەرداگرتنی موڵكو سامانی، خیانەتە گەورەكەی لەگەڵدا دەكات و، دەچێتە سەر عەرشی پاشایەتی و، دایكی هاملێت دەكاتە هاوسەری خۆی.

لەكاتی خۆئامادەكردنی شازادەی نەرویج (فورتمبرانس) بۆ داگیركردنی دانیمارك و گەڕاندنەوەی خاكێك، كە پاشای مامی لەو كاتەی یاریی قوماری لەگەڵ پاشای دانیمارك دەكرد دۆڕاندبووی، قسەی هاوڕێكانی هاملێت بەراست دەرچوو، هاملێت تارمایی باوكی بە چاوی خۆی بینی، لە ناو هەقیقەتێكی باوەڕ پێ نەكراودا، باوكی پێی ڕادەگەیەنێت كە ئەو نەمردووە، بەڵكو كلۆدیۆسی برای كوشتوویەتی و داوای تۆڵەسەندنەوەی لێ دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەو داوێن پیسییە گەورەیەی كە دایكی لەگەڵ باوكی هاملێت دا كردی و، تێوە گڵانی بەخیانەتەكە، كەچی باوكی داوا لە هاملێت دەكات، هیچ بەسەر دایكی نەهێنێت و تاوانی ئەو بۆ خودا بەجێ بهێڵێت، با بەدەم نا ئارامی و یژدانییەوە ئازار بكێشێت.

لە ناو كۆشكیشدا پەیوەندییەكی سۆزداری لە نێوان هاملێت و ئۆفیلیای كچی (بۆلۆنیوس) ی ڕاوێژكاری پاشادا هەبوو، لەلایەكی دیكەوە (كلۆدیوس)ی پاشای دانیمارك باڵیۆزی خۆی ڕەوانەی لای پاشای نەرویج دەكات، كە جەخت لەسەر (فۆرتنبرانس ) ی برازای بكات، تا واز لەو بڕیارەی خۆی بهێنێت، بۆ داگیر كردنی دانیمارك، لە بارتەقای ئەوەی ڕێ خۆش بكات بۆسوپای نەرویج بەخاكی دانیماركدا ڕەت ببێت، بۆ داگیركردنی پۆڵەندا، لەم كارەدا باڵیۆز سەردەكەوێ بۆ ڕازیكردنی پاشا بەو ڕێكەوتنە.  هاملێت دوای ئاشكرا بوونی تاوانە گەورەكە، هەوڵی ئەوە دەدات دەست بە پلانی تۆڵە سەندنەوە بكات و دوژمنەكانی بخاتە نێو دوو دڵی و ڕارایی و ترس، لەودەمەدا شانۆگەرییەك پێشكەش دەكات، كە تەواوی ڕوداوەكەی كوشتنی باوكی بەدەستی براكەی لەبەردەم مامی و دایكیدا نمایش دەكات، بۆ ئەوەی پێیان بڵێ ئەو لەتاوانەكە بێئاگا نییەو، خۆیان بۆ تۆڵە سەندنەوە ئامادە بكەن، ئەوە بوو كلۆدیۆس لەكاتی نمایشەكە ترس دایدەگرێ، دەزانێ هاملێت هەموو تاوانەكەی لا ئاشكرا بووە، بۆیە بیر لەوە دەكاتەوە، كە پلانێكی گڵاوتر لە كوشتنی براكەی بۆ هاملێتیش دابنێ و لەناوی ببات.

 ئەوەبوو لەگەڵ دوو كەس لە هاوڕێكانی سەردەمی خوێندنی هاملێت ڕێكدەكەوێت، كە نامەیەك بۆ پاشای ئینگلتەرا ببات، تێیدا نووسراوە دەست بەجێ هەڵگری نامە لەناو ببات، بەڵام بەرلەوە هاملێت ڕووبەرووی دایكی دەبێتەوە و تەوای تاوانەكەی بۆ ئاشكرا دەكات، لەو كاتەدا كەپرسی تاوانگێڕییەكە بۆ دایكی باس دەكات، هەست دەكات یەكێك لەژێر پەردەوە بەنهێنی گوێی بۆ قسەكانی شل كردووە، هاملێت وا هەست دەكات كە ئەو كەسە (كلۆدیۆسە)و پەلاماری دەدات و دەیكوژێت، بەڵام دواتر دەردەكەوێت كە ئەو كەسە كلۆدیوس نەبوو، بەڵكو باوكی ئۆفیلیای خۆشەویستی بوو.

 بۆیە هاملێت ناچار دەبێت، بڕوات و ڕێگەی ئینگلتەرا بگرێتە بەر، لە رێگەدا نامەكەی مامی دەخوێنێتەوە كەداوای كردبوو هەڵگری نامەكە بكوژێ، بۆیە بەنهێنی و لەشێوەیەكی نەناسراودا دەگەڕێتەوە دانیمارك، ئۆلیفیا كە باوكی بەدەستی هاملێت دەكوژرێت، دەگەڕێتەوە پاریس و بۆ تۆڵە سەندنەوە دەچێتە پاڵ (بۆلۆنیوس) بۆ لەناوبردنی هاملێت، بەڵام دواتر لە ئاكامی ئەو ڕوداوەدا خۆی دەكوژێت.

 هاملێت كەدەگەڕێتەوە دانیمارك و لەناو گۆڕستاندا ئەو گۆڕهەڵكەنانە دەبینێت كە بێ هیچ ڕێ و ڕەسمێك شەو سەرقاڵی گۆڕهەڵكەندنن بۆ ئافرەتێك كە خۆی كوشتووە، بۆی دەردەكەوێ كەئەمە ئۆفیلیایە، هاوار دەكات، دواتر ڕووبەڕووی (بۆلۆنیوس) دەبێتەوە و لە شەڕێكی خوێناویدا لەناوی دەبات، بەڵام هاملێتیش لە شەڕە شیرەكەدا بریندار دەبێت و لە ئەنجامدا گیان لەدەست دەدات، فۆرتنبرانسیش دوای داگیر كردنی بۆڵەندا، لە گەڕانەوەیدا بەدانیمارك، هەموو ئەو كارەساتە لە كۆشكی پاشایەتی دانیماركدا دەبینێت و فەرمان دەدات، كە بە رێوڕەسمێكی سەربازی هاملێت بنێژن و تۆپی پرسە بتەقێنن. 

Top