یەکەم خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی «مۆسکۆ» لە ڕووسیا بەڕێوەدەچێت

یەکەم خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی «مۆسکۆ» لە ڕووسیا بەڕێوەدەچێت

مەنسوور جیهانی ـ بە بەشداریی (١٥) فیلمی درێژ و (٢٠) کورتە فیلمی چیرۆکی و بەڵگەفیلم، یەکەم خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی «مۆسکۆ» لە ڕووسیای فیدراڵ بەڕێوەدەچێت.

 

خاتوو «گولیزەر گەردەن زەری سەرۆکی   فێستیڤاڵی فیلمی کوردی «مۆسکۆ» MKFF  یە بۆ ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کورد، هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی (١٥) فیلمی درێژ و (٢٠) کورتە فیلمی چیرۆکی و بەڵگەفیلمی سینەماکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان و وڵاتان، هەروەها بە پشتیوانی «کارۆ ئاڕت» KARO.Art لە ڕۆژانی ٢١تا ٢٥جوولای ئەم ساڵ لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی «ئۆکتۆبەر» لە شاری مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.

 

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ   Moscow  لە ڕیزبەندی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە و لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا و بە پشتیوانی “ئۆ. بی. لیۆبیمۆڤا” وەزیرەی کەلتووری ڕووسیا دەبێت.

بەرپرسانی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: کورد یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی جیهانن، هەر بەم پێیە مێژوویەکی دەوڵەمەند و فەرهەنگێکی جیاوازیان هەیە. خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی، بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەمەش لە سینەمای هاوچەرخی کوردیدا خۆی دەرخستووە.

فیلمی “زارە” (زارا) Zare لە دەرهێنانی “هاموو بەیک نازاریان لەڕاستیدا یەکەمین فیلم سەبارەت بە کوردەکان لە مێژووی سینەمای جیهان دێتەئەژمار. ئەم فیلمە چیرۆکییە بێدەنگە لە ساڵی 1926 لەلایەن ستۆدیۆی فیلمسازی “ئەرمەن فیلم” Armenfilm وێنەگیراوە، باس لە ژیانی کوردانی ئیزیدی لە قەفقاز و خەباتی ئەوان لە دژی بەرپرسانی تێزاری دەکات.

ڕووداوە گرینگەکانی دوایی لە سینەمای کوردیدا، سەرهەڵدانی ئەکتەر و دەرهێنەری ئەفسانەیی “یەڵماز گۆنای”یە Yilmaz Guney کە کو بە “باوکی وینەگریی کورد” ناسراوە؛ فیلمی سینەمایی “ڕێگا” (یۆڵ) The Road لە دەرهێنانی ئەم سینەماکارە مەزنە کوردە سەبارەت بە خەبات و ژیانی کورد لە باکووری کوردستانە، ئەم فیلمە، خەڵاتی بەنرخی چڵە خورمای لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٨٢ بەدەستهێنا؛ هەروەها کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی جیهانی “گۆڵدەن گڵووب” Golden Globe Awards لە ئەمەریکا بوو.

دوای راپەڕینی پیرۆزی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١، سینەمای کوردی بەرەوپێشچوونی بەرچاویی بەخۆیەوە بینی. لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆمەڵێک فیلم لە دەرهێنانی فیلمسازانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باکووری کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان، هەرێمی کوردستان و سینەماکارانی کوردیی دانیشتووی تاراوگە؛ لە فێستیڤاڵە جیهانییەکانی فیلمدا بەشداریان کرد و خەڵاتی گرینگیان بۆ سینەمای کوردستان بەدەستهێنا.

سینەمای کوردستان بە درەوشانەوەی بەرهەمە جوانەکانی سینەماکارانی ناوداری خۆی لەوانە: “بەهمەن قوبادی”، “هونەر سەلیم”، “شەوکەت ئەمین کورکی”، “جانۆ ڕۆژبەیانی”، “مانۆ خەلیل” و ... لە جیهاندا دەناسرێت. سینەمای کوردی نە تەنیا لە نێوان دیاسپۆڕەکانی دنیادا بە خێرایی بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵکوو خۆشەویستییەکی تایبەتیشی هەیە. فێستیڤاڵەکانی فیلمی کوردی بە سەرکەوتوویی لەپایتەختەکانی ئەوروپا و وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان بەڕێوەدەچن و فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”ش لەم بنەما ڕەسەنە و گرینگە بەدەر نییە.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بە چالاکییەکی فەرهەنگی مێژوویی بۆ هەموو کورد جیهان ئەژمار دەکرێت. ئەمڕۆکە نزیکەی ٧٠ هەزار کورد لە وڵاتی ڕووسیا ژیان بەسەردەبەن؛ ئەم فێستیڤاڵە، بە پاراستنی شووناسی نەتەوایەتی، گەشەپێدانی زمانی دایکی و فەرهەنگی نەتەوەیی و بە هاوبەشی میراتی مێژوویی و کەلتووریی خۆیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ڕووسیا یارمەتی دەبەخشێت.

بە گشتیی بەرنامەی فێستیڤاڵ (٣٥) فیلم لە ژانڕە جۆراوجۆرە سینەماییەکان لە خۆ دەگرێت کە زۆربەیان بۆ یەکەمین جار لە ڕووسیا نمایش دەکرێن. (١٥) فیلمی درێژ لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتۆبەر” دەچنە سەر پەردەی سینەماکان و (٢٠) کورتە فیلمیش بڕیاروایە لە ڕۆژانی فیستیڤاڵەکە بە شێوەی ئۆنلاین نمایش بکرێن.

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بە شێوەی پێشبڕکێی بەڕێوەناچێت، چونکە مەبەستی سەرەکی ئەم ڕووداوە سینەماییە ناساندنی سینەمایی کوردییە. لەم فێستیڤاڵەدا، بینەران ئەو فیلمانە دەبینن کە تیایدا کەلتووری کوردیی، مێژوو و تایبەتمەندییەکان، ژیانی مۆدێڕن و مەسەلەکانی دیکەی پەیوەست بە کورد ڕەنگی داوەتەوە کە دەتوانن ئەم بەرهەمە سینەماییە گرینگانە بە زمانی سەرەکی و بە ژێرنووسی زمانی ڕووسی ببینن.

بڕیار بوو فێستیڤاڵەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ و هاوکات لەگەڵ حەفتاو پێنجەمین ساڵوەگەڕیی سەرکەوتن لە جەنگی دووەمی جیهانی بەڕێوەبچێت؛ بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا دواخرا بۆ ساڵی ٢٠٢١.

سپۆنسەرەکانی یەکەمین خولی فێستیڤاڵەکە بریتین لە: کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم” Mîtosfilm لە ئەڵمانیا، کەناڵی “ڕووداو” Rûdaw TV، “کارۆ ئاڕت” KARO.Art، “سینەپڕۆمۆ” CinePromo، کەناڵی “کوردستان 24” Kurdistan24، “مووڤی ستاڕت” MovieStart، “کینۆ تئاتر” Kino-teatr ڕووسیا، هوتێل “بڕۆسکۆ” Brosko لە ڕووسیا، کەناڵی “کوردستان تی.ڤی” KurdistanTV و کەناڵی “زاگڕۆس” Zagros TV.

Top