نارین فەقێ بۆ گوڵان: پێویستە هونەری كوردی دووبارە بگەڕێنینەوە ئاستی جارانی

نارین فەقێ بۆ گوڵان: پێویستە هونەری كوردی دووبارە بگەڕێنینەوە ئاستی جارانی

خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای كوردستان نارین فەقێ لە لێدوانێكیدا دەربارەی كاریگەریی بارودۆخی كوردستان لەسەر هونەری كوردی رایگەیاند: “لە ساڵانی رابردوو، بەتایبەتی دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش، بارودۆخی كوردستان لە زۆر رووەوە ئاڵۆز بوو، بواری هونەریش، بەتایبەتی گۆرانی و موزیك بێبەش نەبوو لەو كاریگەرییە، ئەمەش لە هەموو لایەكمان دەخوازێت كە بە هەموو هێز و توانایەكمانەوە هەوڵ بدەین تا هونەری كوردی دووبارە بگەڕێنینەوە ئاستی جارانی و، زیاتریش پێشی بخەین و لە كاریگەرییەكانی دۆخی نەخوازراوی كوردستان دووری بخەینەوە و، هەوڵی دووبارە زیندووكردنەوەی بدەین.
سەبارەت بە رۆڵی سۆشیال میدیا لە بڵاوكردنەوەی كارە هونەرییەكان، نارین پێیوایە كە لە دوای ئەو قەیرانەی كۆرۆنا لە جیهاندا درووستی كرد، رۆڵ و كاریگەرییەكانی سۆشیال میدیا بە باشی دەركەوتن، كە رۆڵێكی ئەرێنیی هەیە لە پێشخستنی هونەر و، بووە بە سەكۆیەك بۆ نیشاندانی بەرهەمەكانیان و، بینەرانی یوتیوبیش لەسەرتاسەری جیهان زیادیان كردووە، تەنانەت لە رووی ماددیشەوە توانییان هاوكاری زۆر پەیدا بكەن بۆ كارەكانیان”.
نارین تیشك دەخاتە سەر كاریگەریی سۆشیال میدیا لەسەر بڵاوبوونەوەی هونەری رەسەنی كوردی و دەڵێت: “بەداخەوە ئێمەی كورد نەمانتوانیوە وەك پێویست بۆ پێشخستنی هونەرەكەمان سوود لە سۆشیال میدیا وەربگرین، بەتایبەتی بەشێكی زۆری گەنجەكانمان، چونكە ئیستا كەسانێكی زۆر بە ستایلی جیاواز و بێ ئەوەی هیچ سانسۆرێكیان لەسەر بێت گۆرانی دەڵێن و، لە سۆشیال میدیا بڵاوی دەكەنەوە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر گەنجان هەیە، بۆیە پێویستە گەنجەكانمان لەسەر خۆشویستنی هونەری رەسەنی كوردی و گوێگرتن لێی پەروەردە بكەین.

Top