کابینەی نۆیەم كابینەی چاكسازی و خزمەتگوزاری

کابینەی نۆیەم  كابینەی چاكسازی و خزمەتگوزاری

 

(كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان. چاكسازی و خزمەتگوزاری 10/7/2019- 1/5/2021)، لەلایەن نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئامادەكراوەو لەم ڕۆژانەدا كەوتە بەردەستی خوێنەرانەوە.

ئەم كتێبە باس لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە هەر لە سەرەتای دەست بەكاربوونییەوەو بە پشتبەستن بە كارنامە چاكسازییەكەی، هەوڵی داوە بە شێوەیەكی شایستە خزمەتی گشت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكات و بە جیددی ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە.

كتێبەكە ئاماژە بەوە دەكات كە هەر دوای دەست بەكاربوونی كابینەی نۆیەم، دەستكرا بە جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری و هەنگاوی گەورە و خێرا نران، سەرەڕای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە جیهان كە هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، كەچی كابینەی نۆیەم و ئیرادەی بەهێزی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و كاركردنی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، وای كرد پرۆژەكان نەوەستن و پرۆسەی چاكسازیی كارگێڕی و ئابووری و دارایی بەردەوام بێت.

ئەم كتێبە چەند زانیارییەكی ژمارەیین لەسەر داهات و خەرجییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو پرۆژە چاكسازییانەی لە سەرەتای دەست بەكاربوونییەوە لە 10ی تەممموزی 2019 ەوە تا 1ی ئایاری 2021 ئەنجامی داون.

لە كتێبەكەدا داهات و خەرجیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێكراوە، دواتر لە بەشێكی دیكەدا چاكسازییەكانی كابینەی نۆو بەشێك لە خزمەتگوزارییەكان خراوەتەڕوو، ناوی یەكە یەكە وەزارەتەكان دەربارەی ئەو هەنگاوە گرنگانەی گرتوویانییەتە بەر تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەكان و پرۆژەو پلانەكانیان و خزمەتگوزارییەكان بە زنجیرە هاتوون.

ڕاپۆرت و بەدواداچوونی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم و دواجار چاكسازی لە گوتارەكانی سەرۆكی حكومەتدا بەشێكی دیكەی ئەم كتێبەیە.

بەم بۆنەوە بەناوی گۆڤاری (گوڵان) دەستخۆشی لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین .

بە هیوای بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان.

 

Top