ئامادەکاری وەزارەتی داد بۆ بەڕێوەبردنی یەکەمین کۆنگرەی زانستی
"وەزارەتی داد لە25ی ئۆکتۆبەری 2021 بە ئۆنلاین کۆنگرەیەکی زانستی رێکدەخات".
"ناوەندی توێژینەوەی قانوونی وەزارەتی داد ئامادەکارییەکان ئەنجامدەدات".
لە ژێر دروشمی : “پەرەپێدانی دەزگەکانی وەزارەتی داد، ئاواتی هەموو مافپەروەرانە”، و بەسەرپەرشتی بەڕێز/ فەرسەت ئەحمەد عەبدووڵا، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەندی توێژینەوەی قانوونی لە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە رۆژی دووشەمە 25/10/2021، یەکەمین کۆنگرەی زانستی، بە ئۆنلاین بەرێوە دەبات، تیایدا بەمەبەستی گەشەپێدانی رەوشی کاری وەزارەتی داد و پەرەپێدانی دەزگەکانی، چەندین توێژینەوە پێشکەش دەکرێت، لە ئامانجەکانی کۆنگرە ئامادەکردنی کۆمەڵێک راسپاردەی گرنگە بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی کارەکانی وەزارەت و دەزگەکانی و نەهێشتنی هەموو ئەو کۆسپانەی رێ لە پێشکەوتنی کاری وەزارەتی داد دەگرن، زیاترکردنی رۆڵی دادگای کارگێڕیی و پەرەپێدانی پێکهاتەکانێتی، باشترکردنی ئاستی زانستی و تەکنیکی (تەشریعاتە) یاسادانانەکانە، دامەزراندنی ئەو جۆرە دەستانەیە کە بتوانن خۆیان پارەدار بکەن، پاڵپشتی کردنی توێژینەوەی قانوونی بەتایبەت لێکۆڵینەوەی بەراوردکاریی و گەشەپێدانی وەزارەت و دامەزراندنی ژمارەیەک دەستەی نوێیە کە بتوانن پێگەی وەزارەت بەرزتر بکەنەوە .
تەوەرەکانی کۆنگرە ئەمانە دەبن: ١- پتەوکردنی متمانە بە دادوەریی کارگێڕیی.٢-داڕشتنی ستراتیژی قانوونی.٣-بابەتەکانی جیندەری و مافەکانی مرۆڤ،٤-داواکاری گشتی لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن(وەزارەتی داد) و دەسەڵاتی دادوەریی دا.٥-نرخاندنی کاریی فەرمانگە دادییەکان (جێبەجێکردن و دادنووسەکان وتۆماری خانووبەرە) و ئاسۆی پەرەپێدانیان لە چاخی تەکنیکە نوێیەکاندا.٦-دەستەبەرکردنی جۆرایەتی داڕشتنی یاسادانراوەکان (تەشریعات).٧-گەشەپێدانی ئاستی راوێژکاریی قانوونی .٨-گەیشتن بەکاروانی شێوازەکانی پاراستنی مافەکان . ٩-گەشەپێدانی ناوەندیی توێژینەوە قانوونییەکان، و لێکۆڵینەوەکانی قانوونی بەراوردکاریی .
ناوەندی توێژینەوەی قانوونی لە وەزارەتی داد، هەتا رۆژی 10-8-2021، پووختەی توێژینەوەو لێکۆڵینەکان بۆ کۆنگرە وەردەگرێت.و لە 20-8-2021یشدا پەسەندی ئەو توێژینەوانە دەدات کە دەتوانن بەشداری بکەن. بەگشتی وەرگرتنی توێژینەوە و بەشداریکردنەکان بەتەواوەتی هەتا 15-10-2021 دەبێت .
ئەو توێژینەوانەشی کەلەلایەن کۆنگرەوە پەسەند دەکرێن وبە بڕیارو نرخاندنی زانستیدا تێدەپەڕن و سەرکەوتوو دەبن، دواتر لە ژمارەیەکی تایبەتی گۆڤاری " پەیمانی کۆمەڵایەتی" گۆڤاری زانستی وەزارەتی داد، بڵاو دەکرێنەوە.
یاساناسان و توێژەرەوان و مامۆستایانی زانکۆ و دادوەران و شارەزایانی بواری قانونی، دەتوانن توێژینەوەکانیان بۆ- ئیمێلی - سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە بنێرن:
[email protected]
[email protected]
https://cdn.fbsbx.com/.../%D8%A8%D8%B1%D9%88%D8%B4%D9%88...