وەرزی گەرما ئەركی دایكایەتی قورستر دەكات

وەرزی گەرما ئەركی دایكایەتی قورستر دەكات

 

 

بێگومان سرووشتی دایكان وایە، بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن، رێگری لە نەخۆشكەوتنی منداڵەكانیان بكەن، بەڵام ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، سكچوون و ڕشانەوە لەناو منداڵاندا زیاد دەبێت. ئەگەرچی دایكە خاوەن ئەزموونەكان هەموو هەوڵێكیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی منداڵەكەیان تووشی هیچ نەخۆشییەك نەبن و، بەردەوام ئەو دروشمە (خۆپاراستن لە چارەسەركردن باشترە) رەچاو دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا پەتا وەرزییەكان و بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا زیاتر بەرۆكی منداڵان دەگرن، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لە دیدی جیاوازەوە باسی ئەو بابەتەكە دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

سەرەتا پەیمان عەلی، وەكو دایكێكی خاوەن ئەزموون باس لەوە دەكات كە چۆن بە هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر رێگری لە نەخۆشكەوتنی منداڵەكانی دەكات و، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «گرنگیدان بە پاكوخاوێنیی ناوماڵ و دروستكردنی خواردنی تەندروست، هۆكاری پاراستنی سەلامەتیی خێزانەكەمە، بەتایبەتی منداڵەكانم، هەمیشە لە سەرما و گەرما دەیانپارێزم، لە وەرزی سەرمادا ناوماڵ ئەوەندە گەرم ناكەم، منداڵەكانم بچنە دەرەوە بە بایەك نەخۆش بكەون، بەڵكو هەمیشە كەشی ناو ماڵەكەمان پلەی مامناوەندە، لە وەرزی هاوینیش بە هەمان شێوە پارێزگارییان لێدەكەم، كاتێكیش نەخۆش دەكەون، پەنا نابەمە بە دەرمان و شرووب، بەڵكو لە رێگەی ئەو رێنماییانەی كە پزیشكەكان بە دایكانی دەدەن، لە كاتی نەخۆشكەوتنی منداڵەكانیان چارەسەری سەرەتایی بۆ منداڵەكەم دەكەم،و گرنگی زیاتر بە خەو و خواردنیان دەدەم، لەسەر ئەو بابەتە هەمیشە لەگەڵ هاوژینەكەم دەنگە دەنگمان دەبێت و ئەو پێیوایە ئەگەر منداڵ پلەی گەرمی بەرزببێتەوە یان قوڕگی ئەستوور بێت، پێویستە ببردرێتە لای دكتۆر».

د. بەڵێن كەریم، پزیشكی پسپۆڕی منداڵانە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «بەهۆی گەرماوە لەمەودوا رێژەی سكچوون لەناو منداڵدا زیاد دەكات، كاتێ منداڵەكەت سكچوونی گرت، تكایە راستەوخۆ پەنا مەبە بەر شرووبی فلاجیل كە بەداخەوە هەندێك لە دایكان وەك زەڵاتە بۆ سكچوونی منداڵ شرووبی فلاجیل بەكاردێنن، ئەوەی ئەڵێ سەلام و عەلەیك، شرووبێكی فلاجیلی پێیە بۆ سكچوونی منداڵەكەی.» هاوكات دەڵێت: «دایك و باوكی خۆشەویست، زۆربەی حاڵەتەكانی سكچوون بەهۆی هەوكردنی ڤایرۆسییەوەیە، كەواتە ئەو فلاجیلە هیچ لە وەزعەكە ناگۆڕێت. بڕیاری پێدانی شرووبی فلاجیل بۆ منداڵەكەت پێویستە لەلایەن پزیشكەوە بێت، لەهەر بارێكی نەخۆشی، چونكە دەرمانەكە لەسەر هەندێ بەكتریا و پرۆتۆزوا (زیندەوەری سەرەتایی) كاردەكات و كاریگەرە. كاتێك منداڵەكەت سكچوونی هەیە، ئەم خواردنانە زۆر باشن بیدەیتێ: شۆربای برنج، مۆز، ماست، پەتاتەی كوڵاو، دانەوێڵە (نان و سەمون).» لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە لە كاتی سكچوون چ خورادن و خواردنەوەیەك زیانی هەیە؟ د. بەڵێن كەریم گوتی: «بەگشتی شەربەت باش نییە، بەتایبەت شەربەتی ناسرووشتی (واتە حازرەكان)، هەروەها چەوری باش نییە، تەنیا لەهەندێ باری سكچوونی درێژخایەندا نەبێت، كە پزیشك پێت بڵێت چەوری سوودی بۆ جۆری سكچوونەكە هەیە» گوتیشی: «لەكاتی سكچوونی منداڵەكەت راستەوخۆ پەنا مەبە بەر دەرمانی دژە بەكتریا (ئەنتی بایۆتیك)، چونكە زۆربەی حاڵەتەكان رەنگە بەهۆی هەوكردنی ڤایرۆسییەوەیە بێت، بۆیە شلەمەنیی زیاتری پێ بدە و موغەزی گیراوە

(oral rehydration solution)ی بدەرێ. ئەو شرووبی دژەبەكتریایە ئەگەر بیدەیت بە منداڵ و پێویستی نەبێت، رەنگە هەرسكردنی منداڵەكە زیاتر تێك بچێت و باری خراپتر ببێت. كەی پزیشك وتی هەوكردنەكە پێویستیەتی ئەوكات پێی بدە.»

د. بەڵێن ئەوەی دووپات كردەوە كە زۆر جار دایكان دەپرسن: چ كاتێ منداڵەكەم ببەمە نەخۆشخانە؟ نیشانەكانی وشكبوونەوەی منداڵەكەم چین؟ وەڵامەكەشی بەو چەند خاڵە دەسنیشان كرد:

 ١.كاتێك منداڵەكەت سكچوونی هەبوو، یا ڕشانەوەو سكچوون، كە رێكارەكانی چارەسەرت گرتەبەر (لە دوو پۆستی پێشوو باسم كردن) وە بینیت منداڵەكەت خراپتر بوو بیبە نەخۆشخانە.

٢. ئەگەر پیسایی منداڵەكەت خوێنی تێدابوو، بیبە نەخۆشخانە.

٣. هەبوونی نیشانەكانی وشكبوونەوە: میزكردنی زۆر كەم بوو، یا هەر نەیما، تێكچوونی باری هۆشیاریی منداڵەكە، نەبوونی فرمێسك لەكاتی گریانی و بەقووڵاچوونی چاوەكانی، هۆگرییەكی زیاد لە حەد بۆ ئاو».

  سەبارەت بە خۆپارێزیی منداڵ لە سكچوونیش، ئاماژەی بەو چەند خاڵە دا:

 ١.پێدانی شیری دایك بەتایبەت لە شەش مانگی یەكەمی تەمەنی منداڵ زۆر زەروورە (حازرە، خاوێنە، هەمیشە بەردەستە، پڕە لە پێكهاتەی بەسوود بۆ گەشەو بەرگری).

٢. پابەندبوون بە خشتەی كوتان كە ئێستا خۆشبەختانە یەكێك لە پێكوتەكان لەدژی ڤایرۆسی رۆتایە (كە هۆكارێكی سەرەكیی ڤایرۆسییە بۆ سكچوون).

٣. گرنگیدان بە خاوێنی ئامادەكردنی شیر بۆ ئەوانەی لەسەر شیری قوتوون (خاوێنی دەستی ئەو كەسەی ئامادەی ئەكات، خاوێنی مەمە و كەلوپەلەكانی شیرەكە).

٤. فێركردن و ڕاهێنانی منداڵان لەسەر دەستشووشتنێكی پاك و تەندروست دوای چوونە توالێت(wc).

٥.شووشتنی دەستەكان پێش نان خواردن و دوای خواردن و لەدوای یاریكردن بەتایبەت لە دەرەوەی ماڵ.

٦. ئامادەكردن و هەڵگرتنی خواردن بە شێوازێكی تەندروست (مانەوەی خۆراك و بەسەرچوونی هۆكارە بۆ گەشەی میكرۆبەكان لەسەری).

٧. دڵنیایی لە پاكیی ئەو ئاوەی بۆ خواردنەوە بەكاردێت (باشترین ئاو ئەوەیە كە كوڵابێت و سارد بووبێتەوە).

ئەو پزیشكە پسپۆڕە جەختی لەوەش كردەوە كە كاتێك منداڵەكە تووشی سكچوون بوو، پێداگریی لە نەخواردن كرد، «ئەگەر نەیخوات، یا بیهێنێتەوەش واتە (رشانەوە) هەر دەبێت بەردەوام بن لەگەڵی و كەم كەم ئەگەر بە كەوچكی (چا)ش پێویستە خواردنی پێ بدەن».

ئیبراهیم حاجی زەڵمی كە ماستەرنامەكەی تایبەت بە زانستی كۆمەڵناسی پزیشكییە، هێما بۆ ئەوە دەكات كە نەخۆشكەوتنی منداڵان بە پەتا وەرزییەكان تا ئاستێكی زۆر كاریگەریی كۆمەڵایەتی لەسەر خێزان و كەسێتی و خوێندن دروست دەكات، نەخۆشی یەكێكە لەو دیاردە نێگەتیڤانەی كە مرۆڤ لە چوست و چالاكیی دەخات و لە كەسێكی چالاك و گورج و گۆڵ و بەرهەمدار و هاوسەنگەوە بۆ كەسێكی پاسیڤ و بێ بەرهەم و بار بەسەر خۆی و ئەوانی ترەوەی لێدەكات.» هەروەها دەڵێت: «نەخۆشی ئەگەرچی وەك میوانێك دەبێتە میوانی جەستە و دەروونی هەموو مرۆڤێك، بەڵام دەركەوتە و ئازاری و زیانمەندییەكانی تەنیا لەسەر جەستەو دەروون و ژیانی سرووشتیی تاكی نەخۆش جێ ناهێڵێت، بەڵكو بە جۆرێ لە جۆرەكان كاریگەریی نەرێنی و دەركەوتەی خراپی لەسەر كەسانی دەوروبەری و تەنانەت كۆمەڵگەكەش دەبێت، بەمانا كاریگەریی نەرێنی لەسەر باری ئابووری و دەروونی و كۆمەڵایەتی خۆی و چواردەوری دادەنێت. تەنانەت نەخۆشییە وەرزییەكان لەو نەخۆشییانەن كە كەش و ئاو و هەوا كاریگەری لەسەر سەرهەڵدانیان و دووبارەبوونەوەیان ئەگەرێكی هەمیشەیی هەیە، چونكە مرۆڤیش جەستەی وەك بەشە فیزیكییە ئەندامییەكەی وەك تێكڕای زیندەوەران تووشی دابەزینی بەرگری دەبێت، لەكاتی گۆڕینی ئاو و هەوای ناساز لەگەڵ سیستمی فیزیكی جەستەی، بۆیە تووشبوونی بە نەخۆشی ئەگەرێكی هەمیشەیی بووەو بەردەوام تووشی بووە. دیارە منداڵیش لەبەر ئەوەی بەرگری و سیستمی بەرەنگاربوونەوەی جەستەی لە ئاستی هەواگۆركێ و كەشی ناسازدا كەمترە، بۆیە زیاتر تووشی نەخۆشییە وەرزییەكان دەبێت.»

 

Top