پەکوف لەم ھەموو بوختانچییە!!

پەکوف لەم ھەموو بوختانچییە!!

 

لەم ڕۆژانەی دوایدا خوا بۆ هەندێک کەسی دا، پەکەکە کەتنێکی دیکەی لەپێناوبەدیهێنانی هەندێک ئامانجی خراپی گومانلێکراونە کرد. ئەمە هیچ کێشەیەک نییە، پەکەکە لەدوای ڕاپەڕین و پێش ڕاپەڕینیش هێزە کوردییەکانی باشور و قەوارەی هەرێمی کوردستانی بەپاشڤەڕۆ و دەستکردی عەشائیری و دەرەبەگی وەسف دەکرد، بۆیە ڕاشکاوانە دەیگوت دەبێت ئەم هێز و ئەزموونە تەفروتونا بکەین، بۆ ئەوەی هێزی شۆڕشگڕیی تێدا دەسەڵاتدار بێت، مەبەستیان خۆیان بکەنە کوێخا و دەمڕاستی خەڵک. لەکاتێکدا ئیدارە و یاسا و دەوڵەتداری قەتاوقەت لەگەڵ شێواز و ستراتیژی شۆڕشگێڕی چەکدارانەی تۆڵەستێن یەکناگرێتەوە.

لەم ڕۆژانە هەندێک قورمیشکراوی بەناو سیاسی و ڕۆژنامەنووس و شڕۆڤەکار
وەکو ئەوەی هەنگوینیان لەدار دۆزیبێتەوە، دەستیان بەبوختان و هۆنینەوەی شتی سەمەرە کردووە، هەموو بوختانەکانیش بۆ ئەوەیە بڵێن "پارتی دیموکراتی کوردستان" شەڕ لەپێناو تورکیا دژی پەکەکە دەکات، وەکو ئەوە "پارتی" هێزی چەکداری داگیرکارانەی ناردبێتە دیاربەکر و بیەوێت پەکەکە لەوێ لاواز و تونا بکات. ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەلمانیا کردەوەکانی (پەکەکە)یان ڕیسوا کرد و تۆمەتباریشی دەکەن بەوەی هێرشی کردۆتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، کەچی بوختانچییە لەخۆ گۆڕاوە ڕقهەڵگرتووە، نیمچە سوعبەچییەکان دەڵێن نەخێر و نەخێر پارتی دەیەوێت شەڕ دژی پەکەکە بکات، یان هەندێکی دیکە دەبێژن خاکی کوردستان فرۆشراوەتە تورکیا..!

لەهەمان گاڤدا خودی پەکەکە دان بە تاوانانەکانیان دەنێن، کەچی بەشێکی میدیاکانی سلێمانی دەڵێن نەخێر، پەکەکەش درۆ دەکات، پارتیی هێرشی کردووە و پێشمەرگە بە چەکی تورکیا شەهید بوون! پەکووف پەکووف لەم هەموو بوختانە زەقانەی بەنوێژی نیوەڕۆ دەکرێت! ئەم برادەرانە بوخاتنێک دەکەن، دڵنیام خۆشیان پێکەنینان بەخۆیان دێت،
دوور لەچاوی سانسۆرچییەکان و ئەوانەی چاودێریان دەکەن، هەر خۆیان گاڵتە بەقسەکانی خۆیان دەکەن.
سەرچاوەی هەموو ئەو فیتنەچییەتییە یەک کونەبا و شتە، وشەکان و زانیاریی و وشە و دەستەواژە و گوتار و دەربڕین و تەنیا فاریزەکانیشان هەمووی وابەستەی یەک سەرچاوەی کورتبینە.
ئێمە هەموومان دەزانین ئەم سەرچاوەیە کێیە و چییە و بۆچی و لەداخی چی وا دەکات، بەڵام سەیر لەوەیە ئەو بوختانچیانەی وشەی کوردی بەکاردەهێنن، لەبەر کورتبینی و نزمی ئاستی بیرکردنەوە و ڕقوکینە و هەناسەبڕکێکانیان پێیان وایە، کەس نایانبینێت و هەستیان پێ ناکات و نازانن لەکامە کانیاوی قوڕاویی بۆگەنبوو ئاو دەخۆنەوە. هەندێک داوای ئەوە دەکەن شەڕی براکوژی نەبێت! لۆژیکە دەبێت هەموو کوردێکی دڵسۆز دژی داگیرکاریی و شەڕی براکوژی بێت، بەڵام لۆژیک ئەوە نییە داوای ڕوو نەدانی کارەساتی لەم جۆرە بکەن، بەڵکو لۆژیک و ویژدان ئەوەیە ڕێگری لە پەکەکە بکرێت، خاکی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی کانتۆن و حکوومەتۆکەی نێو ئەشکەوت و باج سەندن لەهاووڵاتیان و ئاوارەکردنی دانیشتوی گوندەکانی سنوور و دەرفەت دانە داگیرکەران و کلکگرێدان و لەگەڵ حەشدی
شەعبی و شتی دیکەش دژی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنێت. هەقە، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، دادگا و یاسا ڕێگری لەم هەموو بوختانە ئاشکرا و ڕاشکاوانە بکەن، کە وەکو بەنزین بەەر ئاگری دەستدرێژییەکانی پەکەکە دا دەکرێن، ئەمەش تەنیا بەیەک ئامانج گوایە "پارتی و دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم" دەیەخنە ژێر بەپرسیاریەتی و بەم قسە و گوتارانەیان پارتی تێکدەشکێنن.
ئەوەی من دەیبینم ئەم بوختانانە نەک بەشێکە لەپڕوپاگەندەی پەکەکە و هاوکار و تەنیا هەندێکیان ڕیشەییەکی دوژمنکارانەی پیسیشی لەخۆگرتووە، بەڵکو هاندەر و هاوکار و ڕێگەخۆشکەریشە بۆ ئەوەی پەکەکە و هاوکارەکانی پەکەکە فووی پتر لەئاگری دووبەرەکی و شەڕی براکوژی بکەن..!
ئەوانەی لەخەمی ڕوونەدانی براکوژین، پێویستە واز لەفیتنەچیاتی و بوختانچیەتی بهێنن، داوا بکەن پەکەکە بێتەوە هۆش و واز لەخاکی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی
داگیرکاری بەمەبەستی سوتماکی ھەموو دەستکەوتەکان و قەواری ھەرێم و بەدیھێنانی خەونی داگیرکەران بێنێت.

Top