بەرگریی هەمیشەیی دژی كۆڤید19!

بەرگریی هەمیشەیی دژی كۆڤید19!

 

لە لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە كەسانی تووشبوو بە حاڵەتی سووك و مامناوەندی كۆڤید19، لەوانەیە كە بەرگریی هەمیشەیی، یان ماددەی دژەتەن بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا پەیدا بكەن، كە بە درێژایی تەمەن لە لەشیاندا بمێنێتەوە. توێژەرانی زانكۆی واشنتۆن لە سانت لویس گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە پاش تووشبوون بە كۆڤید19، خانە بەرهەمهێنەرەكانی ماددە دژەتەنەكان زیاد دەكەن و لە خوێندا دەمێننەوە و ئاستی ماددە دژەتەنەكان زیاتر بەرزدەكەنەوە، ئەگەرچی زۆربەی ئەم خانانە پاش چاكبوونەوە لەناودەچن و ئاستی ماددە دژەتەنەكان لە خوێندا دادەبەزێت، بەڵام گرووپێكی بچووك لە پلازما خانەكان Plasma cells لە مۆخی ئێسكەوە دێنە ناو خوێن، كە بەرهەمێنەری چالاكن بۆ ماددە دژەتەنەكان، ئەم خانانە وەكو خانەكانی دیکە لەناوناچن و، لە بەرهەمهێنانی ماددەی دژەتەنەكان بەردەوام دەبن، بۆنموونە: تێبینی ئەمە كراوە كە پاش 11 مانگ لە چاكبوونەوە لە كۆڤید19، هێشتا پلازماخانەكان بەردەوام بوون لە بەرهەمهێنانی ماددە دژەتەنەكان، واتە هــێشــــــــتــــنـــەوەی بـــــەرگــــــریـــی درێژمەودا. ئاماژە بەوەش كراوە كە پاش چاكبوونەوە بە چەند مانگێك، جگە لە بوونی پلازماخانەكان لە خوێندا، پلازماخانە بەرهەمهێنەرەكانی دژەتەنەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەناو مۆخی ئێسكیشدا دۆزراونەتەوە، ئەم ئەنجامانە پاساون بۆ كەمبوونەوەی ئەگەری دووبارە تووشبوون بە كۆڤید19، كە رێژەكەی دەگاتە تەنیا 2%..

Top