كای كۆن بە با ناكەم- بەشی چوارەم... مام جەلال : پەكەكە سیخوڕی ئێـــران و عێراق و سوریایە (1)

كای كۆن بە با ناكەم- بەشی چوارەم...                 مام جەلال :  پەكەكە سیخوڕی ئێـــران و عێراق و سوریایە (1)


له‌ 28ی ئه‌یلوولی 1992دا، جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ یاوه‌ری نه‌وشیروان مسته‌فا جێگری ئه‌وكاتی سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانی و رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئێسته‌دا، له‌ دانیشتنی ژماره‌ 35ی په‌رله‌مانی كوردستاندا، وتارێكی دوور و درێژی له‌باره‌ی بارودۆخی كوردستان له‌ قۆناغی دوای راپه‌ڕین و تێڕوانینی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به‌ پێكهێنانی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی كوردستان خسته‌ روو. وتاره‌كه‌ی مام جه‌لال پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان بوو له‌و سه‌ردانه‌ دیپلۆماسییه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌مه‌به‌ستی مسۆگه‌ركردنی پشتیوانی بۆ ئه‌زموونی نوێی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیان دابوو. به‌شی زۆری وتاره‌كه‌ی مام جه‌لال هه‌ڵوه‌سته‌كردن بوو له‌سه‌ر كێشه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان/په‌كه‌كه‌ له‌ باشووری كوردستاندا كه‌ "وشه‌" بۆ یه‌كه‌م جار ده‌قه‌كه‌ی بڵاو ده‌كاته‌وه‌.
خوشك و برایانی خۆشه‌ویست
په‌كه‌كه‌ حزبێكی سیاسییه‌ له‌ كوردستانی توركیا، له‌ دامه‌زراندنییه‌وه‌ ماده‌یه‌كی هه‌بووه‌ له‌ پێڕه‌وی ناوخۆی خۆیدا كه‌ به‌ (ئیستیلاح)ی خۆیان راكردنی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانه‌ له‌ شاخه‌كه‌دا، به‌مانای دوژمنایه‌تی كردنی هه‌موو حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی توركیا و ئێران و عێراق و سووریایه‌.
سه‌ره‌تا ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌تی (كوك) تووشی شه‌ڕی كردن و چه‌ندین كه‌سیان لێكدی كوشت، ئێمه‌ی كوردی عێراق به‌تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌ له‌ شام بووین، له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی عێراقی و سووری كه‌وتینه‌ به‌ینیان و توانیمان براكوژییه‌كه‌ كۆتایی پێ بهێنین.
په‌كه‌كه‌ ئه‌و ماده‌یه‌ی له‌ پڕۆگرامه‌كه‌یدا هه‌ر لا نه‌برد، كه‌ ده‌ستیان به‌ كار كرد هه‌موو لایه‌ك یارمه‌تیمان داون، چ پارتی چ یه‌كێتی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ عه‌ره‌ب به‌ میسالی دێنێته‌وه‌ جه‌زای سن و ماریان داینه‌وه‌.
له‌ نووسینه‌كانیاندا هێرشی زۆر ناڕه‌وامان ده‌به‌نه‌ سه‌ر. هه‌موو سه‌ركرده‌كانی كوردی عێراقی به‌ جاسووس و خائین و نۆكه‌ر و جاش و كرێگرته‌ی بێگانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
به‌نده‌ی موخلیستان ناوی له‌ لیستی نۆكه‌رانی هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كاندا هه‌یه‌ لای ئه‌وان، هه‌روه‌ها برای خۆشه‌ویستمان كاك مه‌سعوود ئه‌وه‌ خۆتان ده‌زانن هه‌میشه‌ به‌ر شاڵاوی هێرشیان كه‌وتووه‌، لای ئه‌وان هه‌موو حزبه‌كانی كوردی توركیا خائینن و نۆكه‌ری (میت)ن.

كۆتایی بەشی یەكەم لە ووتەكانی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

Top