دەستورمان بۆچییە؟!

دەستورمان بۆچییە؟!

دوای نزیکەی ١٦ساڵ لەپەسەندکردنی دەستوری عیراق:
یەکەم: بەھۆی شەڕی تائیفی سوننە و شیعە،کورد و عەرەب و تورکمان نزیکەی یەک ملیۆن عیراقی گیانیان لەدەستداوە.
دووەم:زیاتر لە یەک ملیۆن مەسیحی عیراقیان بەجێھێشتوە.
سێیەم:نزیکەی ٥٠٪‏ی سابیئەی مندائی عیراقیان بەجێھێشتوە.
چوارەم:نزیکەی ٤٠٠ھەزار ئێزیدی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان وەدەرنراون منداڵ و کچ و ژنەکانیان وەک کۆیلە و سەبایا کراون و کڕین و فرۆشتنیان پێکرا.
پێنجەم:ھێشتا لەحکومەت و پەرلەمانی عیراق ئاینەکانی(بەھائی - زەردەشتی - جوو - کاکەیی)دانیان پێدانەنراوە و بەرەسمی مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێ.
شەشەم:جگە لە(شیعە)،ھیچ پێکھاتەیەکی تر لەعیراقدا ھەست ناکەن ھاوڵاتی پلە یەکن.
حەوتەم:نزیکەی یەک ملیۆن کەس لەکورد و تورکمان و ئێزیدی و مەسیحی و سوننە و شەبەک و کاکەیی لەناوخۆی عیراقدا ئاوارەن و موڵک و شوێنەکانیان داگیرکراوە.
ھەشتەم:لەجیاتی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوور، سوپا و حەشدی شەعبی عیراق بەکارھێنران بۆ داگیرکردن و دەستبەسەراگرتن و زیاتر تەعریبکردنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم.
نۆیەم:نزیکەی ٨ ساڵە بوجە و موچەی ھەرێمی کوردستانی عیراق پێچەوانەی دەستوور بڕاوە و نەسەرۆک کۆماری کورد و نەسەرەک وەزیران و نەسەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران زاتی ئەوە ناکەن لەسەر ئەم پێشێلکاریەی دەستوری عیراق و ئەو زوڵمەی لەموچەخۆرانی ھەرێم دەکرێت، فزە بکەن.
ئەمانە بەرھەمی ١٦ ساڵی ئەو دەستورەی عیراقە.ئینجا تازە بەتازە دەبینم ھەندێک دەنگ و قەڵەمی کوردستانی دەڵێن دەبێ دەستوری ھەرێمی کوردستان فۆتۆکۆپی دەستوری عیراق بێت و نابێ لەبنەما سەرەکیەکانی ئەو دەستورە لابدەین،لێرەدا من دەڵێم:ئەگەر دەستوری ھەرێم وەک دەستوری عیراق بنوسرێتەوە ئەوا ھیچ پێویستمان پێی نیە و زەروریش نیە پارە و کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت چونکە دەرەنجام ئێمە بەشێکین لەعیراق و دەکرێ وەک(تحصيل حاصل)خۆمان لەگەڵ بڕگە پڕ لەبۆمب و تەموژەکانی دەستوری عیراق بگونجێنین.

Top