بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبۆوە ...

بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبۆوە ...

وەزیرى خوێندنى باڵا: “بەهۆى خوێندنى ئاوێتە توانیمان بەسەر ئاستەنگەکان زاڵ بین و پرۆسەى خوێندن بەرەو دوا قۆناغەکان بەڕێ بکەین”

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا: “ناونیشانى ماستەرنامەى خوێندکاران پێویستە ڕەنگدانەوەى کێشەو گرفتەکان و بەستنەوەى زانکۆ و کۆمەڵگە بێت”

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى سەرۆک زانکۆکان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیان دەکات کە سەرەڕاى قەیران و ئاڵنگارییەکانى بەردەم پرۆسەى خوێندن، توانیان بەسیستمى خوێندنى ئاوێتە بەسەر ئاستەنگ و تەگەرەکان زاڵ بن و پرۆسەى خوێندن بەرەو دوا قۆناغەکانى بەڕێ بکەن.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (٣٠/٥/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان، کۆبونەوەى ژمارە (٤)ى ئەنجومەنى وەزارەت لە زانکۆى سلێمانى بەڕێوەچو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى سەرۆک زانکۆکان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیانى کرد کە سەرەڕاى قەیران و ئالنگارییەکانى بەردەم پرۆسەى خوێندن، توانیان بە سیستمى خوێندنى ئاوێتە (blended learning) درێژە بەپرۆسەى خوێندن بدەن و بەسەر ئاستەنگ و تەگەرەکاندا زاڵ ببن و پرۆسەى خوێندن بەرەو دوا قۆناغەکانى بەڕێ بکەن.

هەر لە وتەکەیدا لە ئەنجومەنى وەزارەت، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند پلان و کارنامەى کارکردنمان ئەوەیە باشتر خۆمان بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەین، بۆ ئەمەش ئاماژەى بە پلانى وەزارەت و سەرجەم زانکۆکان کرد بەئامانجى خۆئامادەکردن بۆ ساڵى داهاتو بەمەبەستى پێشوازى کردن لە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆکانى ڕاسپارد پلان و بەرنامەى زانکۆکانیان ئامادەبکەن و بەرزى بکەنەوە بۆ وەزارەت بەمەبەستى پەسەندکردن. جەختیشى کردەوە پێویستە لە ڕێگەى گۆڕینى سیستمى ناوەندى وەرگرتن هەنگاوەکانمان بە ئاراستەى بەدیهێنانى ئامانجەکانى خوێندن لەسەدەى بیست و یەکدا پەرەپێبدەن.

لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى لە جێبەجێکردنى کواڵێتى و پێوەر و میکانیزمەکانى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کردو ڕایگەیاند: ئامانجى وەزارەتەکەمان گەشەپێدان و بەرزکردنەوەى کواڵیتى زانکۆکانە، بەشێوازێک بتوانین وەڵامدەرەوەى لایەنى کەمى خواست و پێداویستییەکانى بازاڕى کارى کوردستان بێت. هەر بۆ ئەم مەبەستەو بە ئامانجى جێبەجێکردنى بڕیارو ڕێنماییەکانمان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەدواداچون و چاودێرى بەردەواممان هەیە، بۆ ئەوەى ئامانجەکانى وەزارەتەکەمان لە بوارەکانى متمانە بەخشین و گەشەپێدانى کواڵێتى بێتەدى و زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان نەبنە شوێنى فرۆشتنى بڕوانامەى بێ ناوەرۆک.

لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێکردنى بارودۆخى پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان و چەند پرسێکى پەیوەست بە کاروبارەکانى زانستى و خوێندنى باڵا و خوێندکاران و کارگێڕى و دارایى تاوتوێکران. بۆ ئەمەش د. ئارام محمد قادر جەختیکردەوە لەچوارچێوەى پلانى ستراتیژى کارى وەزارەتەکەماندا پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى ڤۆکەیشنەڵ لە چوارچێوەى کارنامەو پلانى ستراتیژى وەزارەتەکەماندایە، هەروەها زانکۆکانیشى ڕاسپارد پرۆسەى خوێندنى وانەکان و ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى زانکۆ لە ژێر ڕێنمایی وردى تەندروستى بەڕێوەبچێت، هەروەک هیواى سەلامەتى و تەندروستیشى بۆ سەرجەم مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان خواست.

سەبارەت بە پرس و بابەتە داراییەکانى پەیوەست بە زانکۆکانیش، وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى کردەوە لەسەر چارەسەرکردنى گرفت و کێشە دارییەکانى زانکۆکان و مامۆستایان و وانەبێژان، بۆ ئەم مەبەستەش ڕونیکردەوە لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندارەکان بەگەرم و گوڕى لەسەر هێڵین و بەدڵنیاییەوە کێشەکان چارەسەر دەکەین. لەو چوارچێوەیەشدا پێشنیاز و بۆچونى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت بەهەند وەرگیران.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەسەر پێشنیازى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا ناونیشانى ماستەرنامەى خوێندکاران و قوتابییانى خوێندنى ماستەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ببەسترێتەوە بە پێویستى دامەزراوەکانى کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت و بازاڕى کارى کوردستان و ڕەنگدانەوەى کێشەو گیر و گرفتەکانى سەردەم و زیاتر خزمەتکردن بە ڕەوتى زانست لە کوردستان بێت بەئامانجى بەستنەوەى زانکۆ و کۆمەڵگە بە یەکتر لە ڕێگەى توێژینەوەى زانستى، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا سەرۆک زانکۆکانى ڕاسپارد لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانى ناوچەکانیان گفتوگۆى ورد ئەنجام بدەن بۆ دەستنیشانکردنى بابەت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و دەستینشانکردنیان بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا هەریەک لە ئەندامانى ئەنجومەن چەندین ڕاو بۆچونیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکان و هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخى ئێستاى زانکۆکان خستەڕو.

Top