جۆن سینا داوای لێبووردن لە چین دەكات
ئەكتەری ئەمریكی و ئەستێرەی زۆرانبازی سەربەست(جۆن سینا) بە شێوەیەكی فەرمی داوای لێبووردنی لە كۆماری چین كرد .
ئەم هەنگاوەی جۆن سینا لە دوای ئەوەدا دێت كاتێك "تایوان" وەكو (وڵات) ناو دەبات لە كاتێكدا تایوان وەكو بەشێك لە چین دادەنرێت, ناوهێنانی تایوان وەكو وڵات بووە هۆی ئەوەی بەشێك لە خەڵكی چین تووڕەیی و ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن .
جۆن سینا لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ كەناڵی(TVBS)ی تایوانی ڕایگەیاند: تایوان یەكەم دەوڵەت دەبێت كە ببنە بینەری بەشی نۆیەمی فیلمی (فاست ئاند فریۆس) .
ئەم قسەیەی جۆن سینا دەنگی ناڕەزایی بەشێك لە خەڵكی چین هەڵبڕی, لەدواییدا جۆن سینا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی(weibo)ی چینی, كورتە ڤیدیۆیەك بڵاودەكاتەوەو بە زمانی "ماندراین" داوای لێبووردن دەكات .
سەرەڕای تێپەربوونی 70 ساڵ بەسەر شەڕی ناوەخۆ و بوونی دوو دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی, بەڵام چین تایوان وەكو دوورگەیەك دەبینێت لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا .