سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕەشنووسی یاسای بودجە دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕەشنووسی یاسای بودجە دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 2021/5/24 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە ڕەشنووسی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 .

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان و دوایین داتاکانی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی هەرێم کرا و ئەگەرە جیاوازەکان بۆ داڕشتنی بودجە تاووتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە یاسای بودجە، ڕەنگدانەوەی شەفافانەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بێت . لەم چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەکە، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە دوایین تێبینی و سەرنجەکانیان لە سەر ڕەشنووسی یاساکە ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنوسی پڕۆژە یاساکە پەسەند بکات و پاشان بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، باس لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2021 کرا کە تا ئێستا شایستە داراییەکانی هەرێم بە پێی یاساکە خەرج نەکراوە سەرەڕای ئامادەيی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی خۆی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیرە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران کە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حكومەتی فیدراڵی ، لە پەیوەندی بەردەوام بن بۆ ئەم مەبەستە ، بڕیاڕیشە هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی.

Top