پەرلەمان لە هۆكاری درەنگكەوتنی پێكهێنانی فەرمانگەی رێكخراوە مەدەنییەكان دەكۆڵێتەوە

پەرلەمان لە هۆكاری درەنگكەوتنی پێكهێنانی فەرمانگەی رێكخراوە مەدەنییەكان دەكۆڵێتەوە
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ماوەی یاسایی بەسەر جێبەجێكردنی پەسندكردنی یاسای پێكهێنانی فەرمانگەی رێكخراوە مەدەنییەكانی تێپەڕیوە و هێشتا فەرمانگە پێك نەهاتووە، بۆیە بە یادداشتێك حكوومەتیان لە هۆكارەكانی ئەو درەنگكەوتنە ئاگادار كردووەتەوە.
بە گوتەی سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵی مەدەنی لە پەرلەمانی كوردستان، دانا سەعید، ماوەی ساڵێك زیاترە یاسای پێكهێنانی فەرمانگەی رێكخراوە مەدەنییەكان لە پەرلەمانی كوردستان پەسند كراوە و بەپێی بڕگەیەكی یاساكەیش پێویستە لە ماوەی ساڵێكدا ئەو فەرمانگەیە بڕگەكانی یاساكە جێبەجێ بكات و پێك بهێندرێت، بەڵام هێشتا ئەو فەرمانگەیە پێك نەهێندراوە.



دانا سەعید، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: \"ئەوەی بۆ ئەو فەرمانگەیە كراوە تەنها دیاریكردنی سەرۆكی فەرمانگەكە و دوو فەرمانبەرە و هێشتا ستاف و بینای دەوامی فەرمانگەكەی دیار نەكراوە و دەستبەكار نەبووە. پێمانوایە كاریگەری سلبی لەسەر بواری رێكخراوو كۆمەڵە مەدەنییەكان دەبێت بە تایبەت كە ماوەیەكیشە دەسەڵاتی مۆڵەتپێدانی رێكخراوە مەدەنییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگیراوەتەوە و بە فەرمانگەی رێكخراوە مەدەنییەكان دراوە، بەڵام بە هۆی تەوانەبوونی كارەكانی پێكهێنانی ئەو فەرمانگەیەوە هێشتا پڕۆسەی تۆماركردنی رێكخراوی نوێی مەدەنی دەستی پێنەكردووە لە كاتیكدا زۆر رێكخراوی تر چاوەڕین كە تۆمار بكرێن و دەستبەكار بكەن.\""

سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵی مەدەنی پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەكرد، چەندین جار لە هۆكارەكانی دواكەوتنی پێكهێنانی ئەو فەرمانگەیەمان كۆڵیوەتەوە و لە نوێترین كاریشیاندا یادداشتییان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و داوای روونكردنەوەیان كردووە.

ئەو دەڵێت لە بەدواداچوونی بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی بە تەواوەتی فەرمانگەكە پێك دێت و دەست بە كارەكانی خۆی دەكات.



بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی لە هەرێمی كوردستاندا 675 رێكخراو و كۆمەڵەی مەدەنی هەیە و بڕیارە دوای پێكهێنانی فەرمانگەی رێكخراوە مەدەنییەكان لە رێگەی تۆماركردنەوە ئامارێكی فەرمی ئامادە بكرێت و بەپێی چالاكییەكانیشیان مانگانە مینحەیان پێبدرێت."
Top