گۆڕان بەڵێنی وەرگرتبوو سزادراوانیان بە ئیمتیازاتەوە لە شوێنەكانیاندا دادەنرێنەوە

گۆڕان بەڵێنی وەرگرتبوو سزادراوانیان بە ئیمتیازاتەوە لە شوێنەكانیاندا دادەنرێنەوە
تا ئێستا چەندین بڕیاری حكوومی و بەڵێنی حزبی بۆ گەڕاندنەوەی \"سزادراوانی سیاسیی\"" بۆ شوێنەكانیان دراوە، بەڵام دوایین بڕیاری حكوومەت (بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی) جێبەجێ نەكراوە، كە باس لە گێڕانەوەی ئیمتیازات دەكات.

بزووتنەوەی گۆڕان بەڵێنی ئەوەی لە یەكێتی وەرگرتبوو، كە سزادراوانیان بە وەرگرتنەوەی ئیمتیازاتەوە بۆ شوێنەكانیان دەگەڕێنەوە، بەڵام ئاماژەكان دەریدەخەن، كە ئەوە نەكراوە.

نەگەڕاندنەوە
سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران (محەممەد قەرەداغی)، لە دوایین لێدوانی ڕۆژنامەوانییدا، باس لەوە دەكات، كە تا ئێستا سزادراوی سیاسی هەیە و نەگەڕێنراوەتەوە كارەكەی. ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامییش سزادراوی هەیە و نەگەڕێنراونەتەوە.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان (كاردۆ محەمەد)، پێی وایە، كە دەبێ ئەو بڕیارەی حكوومەت دەریدەكات هەموو وەزارەتەكان و فەرمانگەكان و بە تایبەتیش فەرماندەكانی وەزارەتی پێشمەرگە پێیەوە پابەند بن؛ كە ئەمەی دواوەیان ڕێژەیەكی زۆری سزادراو و دوورخراوەی تێدایە.

هەروەها حكوومەت بڕیار بۆ هەموو لایەك دەردەكات، بۆیە دەبێ پارێزگار و دەستگەكانی دیكە پێوەی پابەند ببن؛ كە خۆی لە خۆیدا جێبەجێنەكردنی مانای پابەندنەبوونە. بە ڕای گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان (د. شاهۆ سەعید)، دەبێ داوای هۆی نەگەڕانەوەی سزادراوان لە حكوومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم بكرێت كە بۆچی ئەو بڕیارانەی دەركراون؛ جێبەجێ نەكراون.

حزب باڵادەستە
بە گوتەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (كاوە عەبدوڵڵا)، تا ئێستایش حزب دەستێوەردانی زۆری بۆ دانانی بەڕێوەبەرانی ئیدارە و فەرمانگەكان هەیە، بۆیە پێش ئەوەی حكوومەت بڕیاری گەڕانەوەی سزادراوان دەربكات، دەبێ بە دەستگە حزبییەكاندا تێپەڕ ببێت و ئینجا حكوومەت ئەو بڕیارە بدات.

ئەو دەڵێت: \""گەڕاندنەوەیان زیاتر لە بڕیاری ئیداری، پێویستی بە بڕیاری سیاسیی هەیە. بۆیە جێبەجێنەكردنی بڕیاری حكوومەت، دەریخست، كە باڵادەستیی حزب هێشتا بەهێزترە.\"" بۆ بیرهێنانەوە، لە 16ـی ئایاری ڕابردوودا، لە نووسراوێكدا بە واژۆی سەرۆكی كابینەی حەوتەم كە بۆ وەزارەت و فەرمانگەكانی حكوومەت نێردراوە، باس لەوە كراوە، كە مەرج نییە سزادراوان بگەڕێنرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان بە تایبەت ئەوانەی كە كەسی دیكە لە شوێنیان دانراون.

جێبەجێنەكردنی بەڵێن
بەو پێیەی پرسی سزادانی سیاسیی بۆ كۆتایی كابینەی پێنجە و سەرەتاكانی كابینەی شەشەم تا كۆتاییهاتنی دەگەڕێتەوە، بۆیە لەو ماوەیەدا چەند بڕیار و بەڵێنێكی ئیداری و سیاسیی بۆ گەڕاندنەوەیان دەركرابوو. بەڵام ئامارەكان باس لە نزیكەی 4 هەزار سزادراوی ئیسلامییە ئۆپۆزیسیۆنەكان و بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن، كە تا ئێستایش 1622ـیان نەگەرێنراونەتەوە.

سكرتێرەكەی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت: \""داوامان كردووە ناوەكان ڕێك بخرێن و بۆمانی بنێرن تا بەدوای كێشەكانیاندا بچین كە لە لایەن بەرپرسانی ئاستی خوارەوە كێشەیان بۆ دروست كراوە.\"" بە گوتەی (كاردۆ محەمەد)، چەندین جار لیستی ناوەكان بە حكوومەت دراوە، بەڵام بۆچوونی وایە كە ئەو مەسەلەی ئەوەندەی پێوەندیی بە كۆسپ دروستكردنەوە هەیە لە دامەرزاوەكانی خوارەوەدا هێندە پێوەندیی بە ناوەوە نییە.


لە دانیشتنی 10ـی ئایاری ڕابردووی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانیدا، یەكێك لە داوا سەرەكییەكان گۆڕان گەڕاندنەوەی سزادراوان بوو بە پلە و ئیمتیازاتی پێشوویانەوە. وەك دەگوترێت، یەكێتی بەڵێنی جێبەجێكردنی ئەوەی دابوو.

بەڵام دوای شەش ڕۆژ لەو دانیشتنە، بڕیارەكەی حكوومەت دەركرا، كە دەڵێت: مەرج نییە بۆ شوێنەكانیان بگەڕێنرێنەوە؛ هەر بۆیە بەرپرسێكی گۆڕان لەو كاتەدا ڕایگەیاندبوو، كە جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكە هەموو كارەكانی پێشتری ئەو دوو لایەنە بە كۆبوونەوەكانیشەوە هێنایەوە خاڵی سەرەتا.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، بۆچوونی وایە كە بەو پێیەی نانبڕوان فەرمانبەری حكوومەت بوون، بۆیە دەبێ بە ماف و پۆستەكانیانەوە بۆ شوێنەكانیان بگەڕێنرێنەوە.

سزادانی سیاسیی :
_ مێژووەكەی بۆ سەرەتای ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و بە تەواوی جیابوونەوەی لە یەكێتی دەگەڕێتەوە كە بڕیاریان دا، وەك هێزێكی سیاسیی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 25/7/2009ـدا بكەن.

_ دوای هێنانی 25 كورسی لە پەرلەمانی كوردستان، چەندین بەرپرس و ئەندامی بزووتنەوەكە بە تایبەتی لە وەزارەتەكانی پێشمەگەر و ناوخۆ و پەروەردە بە بیانووی دەنگدان بە گۆڕان (بە زۆری لە سنووری پارێزگای سلێمانی) دەركران.

_ بە پێی ئامارەكان: سزادراوان گەییشتبوونە 4 هەزار، بەڵام 1622ـیان تا كۆتایی 2011ـیش نەگەڕێنرابوونەوە شوێنەكانیان.

_ چەند بڕیارێك لە حكوومەتەوە بۆ گەڕاندنەوەیان دەركرابوو، بەڵام بڕیارەكە لە فەرمانگەكانی خوارەوەدا جێبەجێ نەكراوە (بە تایبەتی لە سلێمانی).


-هەولێر"
Top