گرتنی سەرۆكی شارەوانی وان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری كورد لە توركیا

گرتنی سەرۆكی شارەوانی وان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری كورد لە توركیا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم هێزە تەناهییەكانی توركیا چەند هەڵمەتێكی گرتینیان لە پارێزگەی وان لە باشووری رۆئاوای توركیا ئەنجام دا و سەرۆكی شارەوانی وان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری كوردیان گرت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) لە یەكەتیی پارێزەرانی وانەوە، لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە هەبوونی پێوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەلایەن دادگەی ئیستەنبوڵەوە، هێزە تەناهییەكانی توركیا زنجیرەیەك پرۆسەی گرتنیان جێبەجێ كرد كە ژمارەیەك سەرۆك شارەوانی سەر بە پارتی ئاشتی و دیموكراسی كوردی گرتەوە.

بەپێی سەرچاوەكە، دەسەڵاتدارانی توركیا بەكر قایا سەرۆكی شارەوانی وان و موراد دورماز سەرۆكی شارەوانی ئۆزالپ و هەجەر ساروهان سەرۆكی شارەوانی باش قەلعە و عەبدولكەریم سایا سەرۆكی شارەوانی ئەدرمیت و نەزاهەت ئارگۆنش سەرۆكی شارەوانی بۆستان ئیجیان گرتووە.

زیاتر گوتی، دەسەڵاتدارانی توركیا هەروەها جونێد جانیش بەرپرسی نووسینگەی پارتی ئاشتی و دیموكراسییان لە وان گرت، وێڕای گرتنی بەرپرسانی نووسینگەكانی پارتەكە لە چاڵدێران و ئۆزالپ و مورادییە و باش قەلعە و ئەدەرمیت.

حكوومەتی توركیا ئاماژەی كردووە كە لە 2009وە نێزیكەی 700 كەسی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) گرتووە، لەو كاتەی سەرچاوە كوردییەكان ئاماژە بۆ گرتنی 3500 كەس دەكەن لەوانە ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوان و بەرپرسانی نووسینگەی حزبی.
Top