سەرۆك بارزانی: لە بەغدا هێشتا كەسانێك هەن كە هەڵگری هەمان بیرو باوەڕی ئەنفالچییەكانن

سەرۆك بارزانی: لە بەغدا هێشتا كەسانێك هەن كە هەڵگری هەمان بیرو باوەڕی ئەنفالچییەكانن
سەرۆكی كوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وتارێكی نووسیوە، تێیدا باسی ئەنفالەكانی گەرمیان دەكات كە وەك براو و خوشكی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، روونیشی كردۆتەوە كە ئێستاش لە بەغدا كەسانێك هەیە كە بەهەمان ئەقڵیەتی ئەنفالچییەكان مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات.

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەی سەرۆكە:

دەمەوێت هەستی خۆم دەربڕم كاتێك كە جەنازەی شەهیدێكی ئەنفالم هەڵگرت.
نەمدەزانی ئەو شەهیدە ناوی چییە، پیاوە یان ژنە، منداڵە یان پیرە، بەڵام دەمزانی كە شەهیدێكی مەزڵوومە، بێ تاوانە، تەنها تاوانی ئەوە بووە كە كوردە.
لەو كاتەدا هەستم كرد كە ئەو شەهیدە نزیكترین كەسی منە، ئەگەر پیاوە برای منە، ئەگەر ئافرەتە خوشكی منە، ئەگەر گەنجە، یان كوڕ یان كچی منە.
دڵنیابووم كە گیانی ئەو كەسە شەهیدە و گیانی هەموو شەهیدانی كوردستان شادە ئەمرۆ كە ئەبینن كوردستان بە خوێنی ئەوان ئازاد بووە.
جێگای داخە كە ئەمرۆ لە بەغدا هێشتا كەسانێك هەن كە هەڵگری هەمان بیرو باوەڕی ئەنفالچییەكانن و ئەگەر بۆیان بكرێت درێژە بە هەمان سیاسەتی تاوان ئەدەن. دوای ئەم هەموو قوربانیانە ئەبێ كوردستان هەر ئازاد بمینێت. بۆ من گەورەترین شەرەف بوو كە بینیم دایكە شەهید و باوكە شەهید دێن لە باوەشم دەگرین و دەڵێن ئۆخەی ئێستا وادەزانم شەهیدەكانم زیندوو بوونەوە.
Top