سبەی خەڵاتی ئاشتیى دامەزراوەى دەریاى ناوەڕاست بە سەرۆك بارزانی دەدرێ

سبەی خەڵاتی ئاشتیى دامەزراوەى دەریاى ناوەڕاست بە سەرۆك بارزانی دەدرێ
بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێ ڕۆژی شەموو لە هەولێر لە ڕێوڕەسمێكدا خەڵاتی ئاشتیى دامەزراوەى دەریاى ناوەڕاست بە سەرۆكی هەرێم دەدرێ.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم هەریەك لە سكرتێرى دامەزراوەى پەیمانى ئەتڵەسى و شاندى یاوەرى كە لە جێگر و ئەندامانى دامەزراوەكە پێك هاتبوون، لە ڕێگەى باڵەفڕگەی ناودەوڵەتیى هەولێرەوە گەیشتنە هەرێمى كوردستان و لەلایەن هەریەك لە فەلاح مستەفا بەرپرسى پێوندییەكانى دەرەوەى حكوومەتى هەرێمى كوردستان، چەند پەرلەمانتارێكى كوردستانى، نوێنەرى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالكراوانى هەرێمى كوردستان و نوێنەرى حكوومەتى هەرێم لە ئیتالیا هاتنە پێشوازیكردن.

فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم لە باڵەفڕگەی هەولێر لە لێدوانێكدا ڕای گەیاند، بەشدارانى ترى شاندەكە پێك دێن لە بەرپرسى نێردەى ئیتالیا لە پەرلەمانى ناتۆ و ژمارەیەك لە دیپلوَماتكار و گەورە بەرپرسى ئەوروپایى و ئەمەریكایى كە ئەوان پێشتر گەیشتوونەتە هەرێم، بڕیارە سبەی بەشدارى لە ڕێوڕەسمی یادى كیمیابارانى هەڵەبجە بكەن كە لە پەرلەمانى كوردستاندا بەڕێوە دەچێ.

ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ڕۆژى شەموویش بەشدارى لە گەورەترین كوَنفرانسى بەرەو بە دنیا ناساندنى جینۆسایدى گەلى كوردستان دەكەن، لە میانى ئەو كوَنفرانسەدا خەڵاتى ئاشتیى دامەزراوەى دەریاى ناوەڕاست لەلایەن هەریەك لە سكرتێرى گشتیى دامەزراوەكە و وەزیرى بەرگریى ئەلبانیا بە نوێنەرایەتیى خەڵكى كوردستان دەدرێتە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

دامەزراوەى دەریاى ناوەڕاست ڕێكخراوێكی جیهانییە و بارەگەی سەرەكیی لە ئیتالیایە، لە بواری ئاشتی و مافی مرۆڤ كار دەكا.

لە 7 ئایار/مایۆی 2011شدا پڕۆفیسۆر ڕۆبەرت بێندتسن ئەندامی بۆردی زانكۆی تافتس و ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پەیمانگەی \"institute for global leader ship\""ی سەر بەو زانكۆیە، خەڵاتی ئاشتی و چالاكیی دیپلۆماسیی بە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەخشی."
Top