سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانتارانی سوید ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانتارانی سوید ده‌كات
ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 4/3/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ شاندێكی په‌رله‌مانتارانی سوید به‌ ناوی تۆری پشتیوانیكردنی دۆزی كورد كه‌ سه‌ر به‌ پارتی مۆدێراتی فه‌رمانره‌وا و پارتی سۆسیال و دیموكراتی ئۆپۆزسیۆن و پارتی گه‌لی لیبرال و پارتی سه‌نته‌ر و پارتی كریستیان دیموكراتی سویدی.

له‌ دیدارێكدا ، سه‌رۆكی تۆره‌كه‌ فریدریك مالم به‌ ناوی په‌رله‌مانتارانی سویده‌وه‌ وێرای خۆشحاڵی ده‌ربڕین به‌و سه‌ردانه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان ، ستایشی پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ی جێی شانازییه‌ گه‌لی كوردستان هه‌وڵده‌دات به‌ ده‌ستی خۆی ئاینده‌كه‌ی ده‌ستنیشان بكات و وه‌كو وڵاتی سویدیش ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ هه‌ر هاریكارییه‌ك كه‌ ببێته‌ مایه‌ی زیاتر پێشخستنی هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ ئه‌و پرۆسه‌ دیموكراتیه‌ی كه‌ له‌و هه‌رێمه‌دا ده‌ستی پێكراوه‌ پێویستی به‌ پشتگیری هه‌موو دیموكراسیخوازانی جیهانه‌.

سه‌رۆك بارزانی پۆخته‌یه‌كی له‌ سه‌ر نه‌هامه‌تی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ خسته‌ ڕوو كه‌ به‌ درێژایی مێژوو دووچاری گه‌لی كوردستان ببۆوه‌ و هه‌روا باسی له‌ په‌یوه‌ندی له‌ مێژینه‌ی نێوان ولاتی سوید و هاوڵاتیانی كوردستان كرد كه‌ چۆن له‌ رۆژه‌ سه‌خت و دژواره‌كان سوید ببووه‌ په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ره‌وندی كوردستانی له‌ ده‌رەوه‌ و له‌م رووه‌وه‌ ستایشی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی گه‌ل و حكومه‌تی سویدی كرد و هیوای خواست له‌ سه‌رده‌می ئێستاشدا وڵاتی سوید رۆڵی زیاتر ببینێ‌ له‌ پشتگیریكردنی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و پرۆسه‌ ئاوه‌دانییه‌ی كه‌ پاش راپه‌ڕین ده‌ستی پێكراوه‌ و سوپاسی تۆره‌كه‌شی كرد بۆ ئه‌و كارو چالاكیانه‌ی كه‌ تا ئێستا له‌ پێناو پشتگیریكردن له‌ دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستان ئه‌نجامیان داوه‌ .

ئه‌مه‌و له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا په‌رله‌مانتارانی سوید چه‌ند پرسیارێكیان ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی كرد كه‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ بارودۆخی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و سه‌رۆك بارزانی_ش به‌ راشكاوانه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیانی دایه‌وه‌.
Top