ئاسۆس نه‌جیب: له‌ماوه‌ى پێنج مانگدا برِى زیاتر له‌ 21 ملیار دینار وه‌ك قه‌رز به‌گه‌نجان دراوه‌

ئاسۆس نه‌جیب: له‌ماوه‌ى پێنج مانگدا برِى زیاتر له‌ 21 ملیار دینار وه‌ك قه‌رز به‌گه‌نجان دراوه‌
به‌پێى ئامارێكى وه‌زاره‌تى كارو كاروبارى كۆمه‌لاَیه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ماوه‌ى پێنج مانگى ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌ى قه‌رزى بچووك تائێستا به‌برِى زیاتر له‌ 21 ملیار دینار، 1808 گه‌نج چه‌كى قه‌رزى بچووكیان وه‌رگرتووه‌و پێدانى قه‌رزیش به‌رده‌وامه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ (ئاسۆس نه‌جیب عه‌بدولاَ) وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌لاَیه‌تى رایگه‌یاند پرۆژه‌ى قه‌رزى بچووك پرۆژه‌یه‌كه‌ بۆ پێدانى قه‌رز به‌گه‌نجان و لاوانى بىَ كار له‌هه‌رێمى كوردستان و ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ ناوه‌راستى مانگى ته‌موزى ئه‌مساڵ كه‌وتۆته‌ بوارى جێبه‌جێكردن. بۆ ئه‌مه‌ش به‌پێى ئامارێكى سندوقى قه‌رزى بچووك تا ئێستا به‌برِى زیاتر (21.484.700.000) بیست و یه‌ك ملیار و چوار سه‌دو هه‌شتاو چوار ملیۆن و حه‌وت سه‌د هه‌زار دینار، 1808 گه‌نج له‌هه‌رێمى كوردستان چه‌كى قه‌رزى بچووكیان وه‌رگرتووه‌و به‌و برِه‌ پاره‌یه‌ ده‌ستیان به‌جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌ كردووه‌ كه‌پرۆژه‌كان بریتی بوونه‌ له‌ پرۆژه‌ى پیشه‌سازى و بازرگانى و خزمه‌تگوزارى و كشتوكاڵى و گه‌شت و گوزراى ...

وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌لاَیه‌تى روونكردنه‌وه‌ى زیاترى خسته‌رِوو و وتى: له‌سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر كه‌پێكهاتووه‌ له‌بنكه‌یه‌كى سه‌ره‌كى له‌سه‌نته‌رى شار و سىَ بنكه‌ى لاوه‌كى له‌كۆیه‌و سۆران و مێرگه‌سۆر به‌برِى زیاتر له‌ (8.790.900.000) هه‌شت ملیار و حه‌وت سه‌دو نه‌وه‌د ملیۆن و نۆسه‌د هه‌زار دینار، 546 گه‌نج چه‌كى قه‌رزیان وه‌رگرتووه‌. هه‌روه‌ها له‌سنوورى پارێزگاى سلێمانى جگه‌ له‌سه‌نته‌رى شار له‌قه‌زاكانى رانیه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌و چه‌مچه‌ماڵ به‌برِى زیاتر له‌ (4.269.300.000) چوار ملیار و دوو سه‌دو شه‌ست و نۆ ملیۆن و سێ سه‌د هه‌زار دینار، 433 گه‌نج چه‌كى قه‌رزیان پێدراوه‌. له‌پارێزگاى دهۆكیش جگه‌ له‌سه‌نته‌رى شار له‌قه‌زاكانى زاخۆ و ئاكرىَ و ئامێدى بنكه‌ى قه‌رزى بچووك كراونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش به‌برِى زیاتر له‌ (5.351.900.000) پێنج ملیار و سىَ سه‌دو په‌نجاو یه‌ك ملیۆن و نۆسه‌د هه‌زار دینار، 538 چه‌كى قه‌رز به‌سه‌ر گه‌نجانى سنووره‌كه‌ دابه‌شكراوه‌. هه‌رچى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌ بنكه‌یه‌كى سه‌ره‌كى قه‌رزى بچووك له‌كه‌لار كراوه‌ته‌وه‌و به‌برِى (3.072.600.000) سىَ ملیار و حه‌فتاو دوو ملیۆن و شه‌ش سه‌د هه‌زار دینار دینار، 291 گه‌نج قه‌رزى بچووكیان پێدراوه‌.
(ئاسۆس نه‌جیب) له‌باره‌ى وورده‌كاریه‌كانى وه‌رگرتنى قه‌رزى بچووك روونكارى زیاترى ئاشكرا كردوو رایگه‌یاند پێویسته‌ سوودمه‌ندى قه‌رزى بچووك ته‌مه‌نى له‌نێوان 16 بۆ 35 ساڵ بێت و فه‌رمانبه‌ر نه‌بێت له‌كه‌رتى گشتى و هیچ داهاتێكى جێگیرى نه‌بێت. ئه‌وا ده‌توانێت داواكارى وه‌رگرتنى قه‌رز له‌یه‌كێك له‌بنكه‌كان پێشكه‌ش بكات و فۆرِمى قه‌رزى بچووك پرِبكاته‌وه‌ كه‌برِه‌كه‌ى بریتیه‌ له‌1ملیۆن تا 15 ملیۆن دینار و هیچ باج و سوودێكیش ناچێته‌ سه‌ر و وابریاریشه‌ به‌م نزیكانه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى به‌شێك له‌ماده‌و برِگه‌كانى یاساى قه‌رزى بچووك بۆ زیاتر خزمه‌تكردن به‌گه‌نجان پێشنیاربكرێت.
جێگاى ئاماژه‌ بۆكردنه‌وه‌ له‌دواین كۆبونه‌وه‌ى سندوقى قه‌رزى بچووك وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌لاَیه‌تى برِیاریدا ماوه‌ى گه‌رِانه‌وه‌ى قه‌رزى بچووك له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌چوار ساڵه‌وه‌ بۆ شه‌ش ساڵ زیاد بكرێت، ئه‌م برِیاره‌ش بووه‌ مایه‌ى خۆشحاڵآ سوودمه‌ندانى قه‌رزى بچووك.
Top