پانۆرامای گرنگترین ڕووداوەكانــــی هەرێمی كوردستان لە 2011ـدا

پانۆرامای گرنگترین ڕووداوەكانــــی هەرێمی كوردستان لە 2011ـدا
_ 10/1/2011:
ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی (عەمرو مووسا) بە سەردانێك گەییشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمدا كۆ بوویەوە. باس لە بارودۆخی هەرێم و عێراق و ناوچەكە كرا.

_ 5/2/2011:
فڕۆكەیەك بە هۆی هەڵەی تەكنیكییەوە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی كەوتە خوارەوە و هەر شەش سەرنشینەكەی گیانیان لە دەست دا كە هاووڵاتیی بیانی بوون.

_ 14/2/2011:
سەرۆكی هەرێم (مەسعوود بارزانی) بە سەردانێك بەرەو ئەورووپا و بە تایبەتیش “ئیتاڵیا” بەڕێ كەوت كە لەوێ خەڵاتی “ئەتڵانتیك ئەوارد”ـی پێ بەخشرا.

_ 17/2/2011:
گردبوونەوەیەكی جەماوەری بۆ پشتگیریكردن لە خۆپێشاندان و شۆڕشەكانی “بەهاری عەرەبی” ڕێك خرا، بەڵام دواتر بە ئاقارێكی دیكەدا ڕۆییشت و بوویە خۆپێشاندان و هێرش كرایە سەر لقی چواری پارتی. بە هۆی پێكدادانی خۆپێشاندەران و پاسەوانانی لقەكەوە، كوژراوێك و چەند بریندارێكی لێ كەوتەوە.

_ 19/2/2011:
شەوی 19/20ـی ئەو مانگە، لە ڕووداوێكی تەمومژاویدا كەناڵی “ئێن ئاڕ تی” سووتێندرا كە چەند ڕۆژێك بوو دەستی بە پەخش كردبوو.

_ 23/2/2011:
سەرۆكی هەرێم (مەسعوود بارزانی) لە ئیتاڵیا خەڵاتی “ئەتڵانتیك ئەوارد”ـی پێ درا كە بەو كەسایەتیانە دەدرێت ڕۆڵیان لە پاراستنی ئاشتیدا هەیە.

_ 23/2/2011:
پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی تایبەت بە ڕووداوەكانی سلێمانی و دەوروبەری گرێ دا و بەیاننامەیەكی 17 خاڵیی دەركرد كە بۆچوونێك هەیە پێی وایە تا ئێستایش بەشێكی زۆری ئەو بەیاننامەیە جێبەجێ نەكراوە.

1/3/2011:
لیژنەیەكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان پێك هێندرا كە ئەندامی گشت فڕاكسیۆنەكانی تێدا بوو، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی سلێمانی بكەن و دواتر ڕاپۆرتێكیان پێشكەشی پەرلەمان كرد.

_ 2/3/2011:
سەرۆكی هەرێم دوای گەڕانەوەی لە سەردانەكەی ئەورووپا و ئیتاڵیا، سەرەخۆشیی لە كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوەكانی 17ـی شوبات و دواتری كرد و چەند پەیامێكی لەو بارەیەوە خستە ڕوو.

_ 3/3/2011:
سەرۆكی هەرێم؛ پەرلەمانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ گشت لایەنەكاندا سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵیدا نەبوون، چونكە پێیان وابوو لە وەها بارودۆخێكدا هەڵبژاردن بێ دەستتێوەردان نابێت.

_ 9/3/2011:
سەرۆكی حكوومەت لە بەردەم پەرلەماندا ئامادە بوو، بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكانی پەرلەمانتاران سەبارەت بە ڕووداوەكانی دوای 17ـی شوبات بداتەوە. دواتر بە 68 دەنگ بەرانبەر بە 28 دەنگ متمانە بە حكوومەت درایەوە.

_ 17/3/2011:
پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ دۆسیەی كیمیابارانی هەڵەبجەی وەك “جینۆساید” ناساند.

_ 22/3/2011:
كۆچی دوایی سیاسەتوانی كورد (جەوهەر نامیق سالم) لە تەمەنی 70 ساڵیدا. ناوبراو بە نەخۆشی لە “ستۆكهۆڵم”ـی پایتەختی سوید كۆچی كرد و دوای هێنانەوەی بۆ كوردستان، لە مەراسیمێكی پڕشكۆدا بۆ گەرمیانی زێدی خۆی برایەوە.

_ 29/3/2011:
سەرۆكوەزیرانی توركیا (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) بۆ یەكەم جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە مەراسیمێكدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێم “فڕۆكەخانەی نوێی نێودەوڵەتیی هەولێر”ـیان كردەوە.

_ 19/4/2011:
كۆتایی بە خۆپێشاندانەكانی سلێمانی و دەوروبەری هات كە نزیكەی دوو مانگی خایاند.

_ 28/4/2011:
ڕاپۆرتی كۆتایی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاستیی ڕووداوەكانی سلێمانی و دەوروبەری ڕاگەیەندرا كە سەرنج و تێبینیی زۆر لە بارەی ڕاپۆرتەكەوە هەبوو.

_ 5/5/2011:
لە دانیشتی ژمارە 40ـی دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراقدا، دۆسیەی ئەنفالی بارزانییەكان وەك تاوانێكی جینۆساید ناسێندرا.
_ 5/5/2011:
شەشەمین كۆنگرەی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان بە بەشداریی 800 ئەندام لە هەولێر بەسترا. بۆ جارێكی دیكە (محەممەدی حاجی مەحموود) بە سكرتێر هەڵبژێردرایەوە.

_ 9/5/2011:
بە بڕیاری سەرۆكی هەرێم، بۆ ماوەی 90 ڕۆژ كاری “ئیتفا”ـكردنی زەویی كشتوكاڵی ڕاگیرا.

_ 15/5/2011:
دوای ئەوەی دەركەوت حكوومەتی ئیدارەی سلێمانی مووچەی فەرمانبەرانی كەمتر لە حەقی خۆی دابوو، سەرۆكی حكوومەت بڕیاری هاوتاكردنی لەگەڵ هەولێر و دهۆكدا دا. بڕیاریش درا فەرمانبەرانی دامەزراوی پێش 1/1/2004 قەرەبووی 7 ساڵیان پێ بدرێت كە تا ئێستایش بەردەوامیی هەیە.

_ 25/5/2011:
تریلیۆنێك دینار لە بودجەی وەگەڕخستنی هەرێم خرایەوە سەر بودجەی وەبەرهێنان.

_ 31/5/2011:
دوای 5 مانگ و 31 ڕۆژ، پەرلەمانی كوردستان بە 68 دەنگی بەڵێ بەرانبەر بە 25ـی نەخێر، بودجەی 2011ـی پەسەند كرد.

_ 10/7/2011:
حەوتەم كۆنگرەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە بەشداریی 300 ئەندام دەستی پێ كرد و سێ ڕۆژی خایاند.

_ 27/7/2011:
كۆچی دوایی (حەمایل خان)ـی دایكی سەرۆكی هەرێم، كە یەكێك بوو لەو ئافرەتانەی ڕۆڵی لە خەبات و شۆڕشەكانی كورددا هەبوو. بەو هۆیەوە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیەندرا.

_ 27/7/2011:
گەڕێكی دیكەی تۆپباران و بۆردوومانی سنوورەكانی هەرێم دەستی پێ كرد كە زیاتر لە دوو مانگی خایاند. لەو ماوەیەدا بێجگە لە سووتانی ڕەز و باخ، زیاتر لە 100 خێزان بێ ماڵ و حاڵ بوون.

_ 9/8/2011:
پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتێكدا تاوتووی ڕەوشی سنوورەكانی كرد كە ماوەیەك بوو بە هۆی تۆپبارانی ئێران و بۆردوومانی توركیاوە، هاووڵاتیان شوێنەكانی خۆیان جێ هێشتبوو.

_ 20/8/2011:
بە چەند بەیاننامەیەك، سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران، سەركۆنەی بۆردوومانی سنوورەكانیان كرد.

21/8/2011:
بە هۆی بەردەوامیی تۆپبارانەوە لە مانگی ئابدا، لە 21ـی مانگدا 7 هاووڵاتیی سڤیل كە هەموو ئەندامی خێزانێك بوون، شەهید بوون، كە ئەمە دەنگدانەوەی ناوخۆیی و دەرەكیی لێ كەوتەوە.

_ 26/8/2011:
شاندێكی هەرێم بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەردانی ئێرانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا تاوتووی پرسی بۆردوومانی سنوورەكان و مەسەلەی “پژاك”ـی كرد.

_ 27/8/2011:
سەرۆكی هەرێم، چوار بڕیاری پێوەست بە چارەكردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك و ئۆپۆزیسیۆنی دەركرد. لە 12/9/2011ـدا بڕیارێكی دیكە بۆ بەهێزتركردنی ئەم چوار بڕیارە دەركرا.

_ 8/9/2011:
ڕۆشنبیر و ئەدیبی ناوداری كورد (مەحموود زامدار) كۆچی دوایی كرد.

_ 29/9/2011:
سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی نەمسا (هاینــز فیشەر) لە نەمسا كۆ بوونەوە.

_ 4 بۆ 7/10/2011:
دوازدەیەمین كۆنگرەی یەكیەتیی مامۆستایانی كوردستان بە بەشداریی 579 ئەندام لە هەولێر بەسترا. 11 لیست بەشدارییان كرد و 14 ئەندامی سكرتارییەت هەڵبژێردران كە 4ـیان یەدەگ بوون. سەرۆك و جێگری یەكیەتییەكەیش هەڵبژێردران.

_ 16/10/2011:
سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ئەو شاندە حكوومی و حزبییەدا كۆ بوویەوە كە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق، دەچوونە بەغدا.

_ 22/10/2011:
سەرۆكی هەرێم ڕایگەیاند كە تا كۆتاییهاتنی 2011، هیچ گۆڕانكارییەك لە حكوومەتدا ناكرێت. ئەم لێدوانە لە دەرەنجامی ئەو قسەوباسانە بوو كە ماوەیەك بوو لە بارەی ئاڵوگۆڕی حكوومەتەوە دەركران.

_ 24/10/2011:
حەوتەم پێشانگەی نێودەوڵەتی لە هەولێر كرایەوە كە 25 وڵات و 850 كۆمپانیای بیانی بەشدارییان تێدا كرد.

_ 25/10/2011:
شاندێكی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی (دكتۆر بەرهەم) چووە بەغدا و لە 27ـی هەمان مانگدا لەگەڵ (نووری مالیكی) و لایەنەكانی عێراقدا بۆ چارەكردنی كێشەكان گفتوگۆیان كرد.

_ 26/10/2011:
سەرۆكی هەرێم سەردانی كەركووكی كرد و لەگەڵ حزب و نەتەوەكانی ئەو شارەدا كۆ بوویەوە، تەنیا عەرەبەكان نەبێت كە ئامادە نەبوون.

29/10/2011:
سەرۆكی هەرێم بە سەردانێكی فەرمی گەییشتە ئێران و لە لایەن (ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی) و (سەید عەلی جەلیلی) و چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێ كرا. گفتوگۆ لە بارەی پێوەندیی هەردوو لا و بارودۆخی هەرێم و عێراق و ناوچەكەوە كرا. گەشتەكە دوو ڕۆژی خایاند.

_ 31/10/2011:
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری زیادكردنی 150 هەزار دیناری بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە دەركرد و هەروەها مووچەی هێزەكانی ناوخۆی هەرێمیش وەك عێراقی لێ كرا.

_ 3/11/2011:
سەرۆكی هەرێم بەرەو توركیا بەڕێ كەوت و لە ماوەی 4 و 5ـی ئەو مانگەدا، لەگەڵ سەرۆككۆماری توركیا (عەبدوڵڵا گویل) سەرۆكوەزیران (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) وەزیری دەرەوە (ئەحمەد داود ئۆغڵۆ) (لەیلا زانا) و چەند پەرلەمانتارێكی كورددا كۆ بوویەوە. بە گشتی باس لە پێوەندیی هەردوو لا و مەسەلەی پەكەكە و دۆسیەی كورد و بارودۆخی هەرێم و عێرا ق و ناوچەكە لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا كرا.

_ 7 بۆ 15/11/2011:
سەرۆكی هەرێم، لەو ماوەیەدا گەییشتە “بەلجیكا” و ژمارەیەك دیداری لەگەڵ (وەزیری دەرەوەی بەلجیكا، سەرۆكی پەرلەمانی بەلجیكا، سەرۆكی ئەنجوومەنی سێناتی بەلجیكا، نوێنەرایەتیی كۆمكاری عەرەبی لە ئەورووپا، باڵیۆزخانەی عێراق لە برۆكسل) ئەنجام دا. لە 15ـی مانگدا بۆ هەرێم گەڕایەوە.

_ 25/11/2011:
هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان بۆ ماوەی 16 لە هەولێر ڕاگەیەندرا.
_ 27/11/2011:
حەوتەمی پێشانگەی (DBX) بە بەشداریی 250 كۆمپانیا لە سلێمانی كرایەوە.

_ 2/12/2011:
لە دوای نوێژی هەینی، لە “زاخۆ” هێرش كرایە سەر ژمارەیەك “مەیخانە، سەنتەری مەساج و هۆتێل” و دواتر هێرش كرایە سەر چەند بارەگایەكی (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان). ئەم ڕووداوانە پشێوییەكی زۆریان دروست كرد و زۆرینەی ناوچەكانی بادینانی گرتەوە. تەنانەت لە سلێمانییش سەنتەرێكی “مەساج” سووتێندرا. پێوەندییەكانی پارتی و یەكگرتوویشی بردە قۆناغێكی ئاڵۆزەوە.

_ 3/12/2011:
سەرۆكی هەرێم لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی زاخۆ و دهۆك و بادینان ڕاسپارد.

_ 3/12/2011:
پەرلەمان ڕاگەیاندنێكی لە بارەی ڕووداوەكانی بادینانەوە بڵاو كردەوە و ڕۆژێك دواتر لیژنەیەكی پەلەمانی بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەكان سەردانی بادینانی كرد و لە 7ـی هەمان مانگدا، ڕاپۆرتی لیژنەكانی ناوخۆ و مافی مرۆڤ خوێنرانەوە.

_ 4/12/2011:
سەرۆكی هەرێم گەییشتە زاخۆ و لەگەڵ هاووڵاتیان و چەند لایەنێكی سیاسیدا كۆبوویەوە و لە بارەی ڕووداوەكانەوە گفتوگۆ كرا كە لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن ئامادە نەبوون.

_11/12/2011:
بە هۆی كەمیی سووتەمەنییەوە، وەزارەتی كارەبا لەكاركەوتنی 4 یەكەی وێستگەی كارەبایی هەولێری ڕایگەیاند و بەمەیش چەند سەعاتێكی كارەبا كەم بوویەوە، كە تا ئێستایش وەك پێشتری لێ نەهاتووەتەوە.

_ 13/12/2011:
سەرۆكی هەرێم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد.

_ 13 بۆ 14/12/2011:
وەزیری ئەوقاف لە پەرلەماندا، وەڵامی پرسیارەكانی پەرلەمانی سەبارەت بە كارەكانی وەزارەت و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە ڕووداوەكانی بادیناندا دایەوە.

_ 15/12/2011:
بە بەشداریی 90 كۆمپانیا و 15 وڵات، یەكەمین پێشانگەی كۆمپانیاكانی نەوت و گاز لە هەولێر كرایەوە.

_ 19/12/2011:
بە هۆی ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی عێراق و تێكچوونی پێوەندیی شیعە و سوننەوە، سەرۆكی هەرێم داوای بەستنی كۆنگرەیەكی بەپەلەی نیشتمانیی كرد.

_ 25/12/2011:
ڕاپۆرتی كۆتایی لیژنە تایبەتەكەی سەرۆكی هەرێم لە بارەی ڕووداوەكانی بادینانەوە بڵاو كرایەوە. لە پوختەی ڕاپۆرتەكەدا هاتبوو: هاندان لە لایەن كەسانی سەر بە یەكگرتووی ئیسلامییەوە هەبووە، كەمتەرخەمیی ئیداری و ئەمنیی هەبووە، لە كاتی پەلاماردانی بارەگاكانی یەكگرتوودا كەمتەرخەمی هەبووە، زیانی گیانی نەبووە و بریندار هەبووە.




-ئاماده‌كردنی: دانا وەهبی
لە سایتی هه‌ولێر وەرگیراوە
Top