لە كۆتای ئەیلوول هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان بەڕێوە دەچێ

لە كۆتای ئەیلوول هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان بەڕێوە دەچێ
سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، دەستەكەیان كۆتای مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم دیاری كردووە و حكوومەتی هەرێمیش رەزامەندیی لەسەر نیشان داوە.

عەلی قادر ئەمڕۆ چوارشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند لە چەند رۆژی رابردوو دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانی سەر بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق وادەیەكی دیاری كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم و حكوومەتی هەرێمیش رەزامەندیی لەسەر نیشان داوە.

روونی كردەوە، ناتوانم رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە ئاشكرا بكەم، بەڵام كۆتای مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەر دیاری كراوە و حكوومەتی هەرێمیش رەزامەندیی لەسەر داوە.

زیاتر گوتی، حكوومەتی هەرێم مافی ئەوەی هەیە تا 3 مانگ بەر لە رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە وادەكە ئاشكرا نەكا.

ئاماژەی بەوەش دا، لە دیاریكردنی كۆتای مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەردا، رەچاوی تاقیكردنەوەی كۆتای قوتابییان و بۆنە ئاینی و دۆخی ئێستەی عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە\".

لای خۆیەوە سەعد خالید رێكخەری كاروباری نێوان پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند، دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان 2 وادە دیاری كردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوزمەنی پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان بێتە ئەنجامدان.

ئەوەشی ئاشكرا كرد، پێشنیازی یەكەم برێتی بووە لە 25ی تەمووز یان كۆتای مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری ساڵی داهاتوو، پێشم وایە حكوومەتی هەرێم رەزامەندیی لەسەر وادەی كۆتای مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری داهاتوو دەدا.

رۆژی 1ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری رابردوو پەرلەمانی كوردتسان یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێمی بەزۆرینەی دەنگ پەسند كرد."
Top