كوردانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە دڵەڕاوكێ‌ و مەترسیدا دەژین

كوردانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە دڵەڕاوكێ‌ و مەترسیدا دەژین
دوابەدوای راگەیاندنی بە هەرێمبوونی پارێزگای دیالە و هاتنی میلیشیاكانی سوپای مەهدی و هەڕەشەكردنیان، ئەندامە سوننەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا، ناوچەكەیان جێ هێشتووە.

لە دوای راگەیاندنی بە هەرێمبوونی پارێزگای دیالە و تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی و هاتنی میلیشیاكانی سەدر و راوەدوونانی ئەندامە سوننەكانی پارێزگاكە و رێگرتن و هەڕەشە لێكردنیان لەلایەن ئەو هێزە چەكدارانەوە، ماوەی 15رۆژە، 15 ئەندامی سوننە ناوچەكەیان جێ هێشتووە و دەوام ناكەن و ئەندامە كوردەكانیش لە دڵەراوكێ‌ و مەترسیدا دەژین.

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی (جەلیل ئیبراهیم) تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری گوت \"رۆژی 15ی كانونی دووەم، لە كۆی 27 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، 22 ئەندام دەنگیان بۆ بە هەرێمبوونی پارێزگاكەیان راگەیاند، بەڵام دوای ئەو راگەیاندنانە هێزەكانی مەهدی و چەكدارەكانی شیعە و جەماوەریكی زۆر رژانە سەر شەقامەكان. باری ئەمنیی تێكچوو.\""

ئەو گوتی كە ئەوان وەك كورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە مەرجیان هەبوو لەسەر داوای بەهەرێمبوونی پارێزگاكە، كە ناوچە دابڕاوەكان بگڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام مەرجەكان جێبەجێ‌ نەكران.

(جەلیل ئیبراهیم) ئەوەیشی گوت: \""دوای تیكچوونی بارودۆخی ئەمنی، تا ئیستا ماوەی 15 رۆژە 15 ئەندامی سوننەی پارێزگای دیالە دەوام ناكەن و ناوچەكەیان جێ هێشتووە. ئێمەیش 6 ئەندامی كورد لە دڵەڕاوكێ‌ و مەترسیدا دەژین. چونكە ئێستا متمانە لە نێوان لایەنەكانی پارێزگای دیالە نەماوە و كەس باوەڕ بە كەس ناكات.\"""
Top