پڕۆژەی دەستوور لە نێوان پێویستیی نیشتیمانی و ڕای جیاوازدا

پڕۆژەی دەستوور لە نێوان پێویستیی نیشتیمانی و ڕای جیاوازدا
سەرۆكی فڕاكسیۆنی كوردستانی، داوا دەكات سەرۆكایەتیی هەرێم راستەوخۆ دیراسەی بۆچوونەكانی سەر پڕۆژەی دەستوور بكات. هاوكات هەندێك پەرلەمانتاریش داوای گەڕاندنەوەی رەشنووسەكە بۆ پەرلەمان دەكەن و پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزسیۆنـیش پێی وایە پڕۆژەكە كێشەیەكی ئەوتۆی نییە و داوای ریفراندۆمی بەپەلە دەكات. بە هەموو ئەوانەیشەوە سەرجەم لایەنەكان لە ئێستادا هەبوونی دەستوور بە پێویست دەزانن.

پڕۆژەدەستووری هەرێمی كوردستان لە لایەن شارەزایانی دەستووریی ناوخۆوە ئامادە كراوە و دواتر پسپۆڕانی نێودەوڵەتی بینیویانە و پاشان بڵاو كراوەتەوە، دوای بڵاوكردنەوەی رەشنووسی دەستوور (5) هەزار تێبینیی بۆ هاتووە و لایەنی ئیسلامییش بۆچوونیان لەسەر هەبووە و سەرجەمی ئەو تێبینیانە بە هەند وەرگیراون و دواتر (36) لایەنی سیاسیی هەرێم كۆبوونەوەیان لەسەر كردووە و بەوانەی پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیشەوە، پاشان پەرلەمانی كوردستان بە كۆی (97) دەنگی پەرلەمانتاران بڕیاری لەسەر دا كە بچێتە ریفراندۆمەوە، بەڵام تاكوو ئێستا پڕۆژەی دەستووری هەرێم هەنگاوی دیكەی كردەیی بۆ نەهاوییشتراوە.

پەرلەمانتاری سەر بە فڕاكسیۆنی گۆڕان (عەدنان عوسمان) پێی وایە كە رەشنووسی دەستووری هەرێم دوو رووی هەیە. ئەو گوتی كە پەرلەمان مەرجەعییەتی یاساییە و تەنانەت دەتوانێ ئەو یاسایانەی كاریشیان پێ كراوە، بگەڕێنێتەوە پەرلەمان و هەمواری بكاتەوە، هەر بۆیەیش ئەو پەرلەمانتارە داوا دەكات كە رەشنووسی دەستوور بگەڕێتەوە پەرلەمان، بۆ ئەوەی هەموار بكرێتەوە.

(عەدنان عوسمان) لەسەر ئەو باوەڕەیشە كە دەستوور دۆكیومێنتێكی گرنگ و چارەنووسسازە بۆ كوردستان، چونكە بەشێك لە كێشەكانی وەكوو مەسەلەی پێشمەرگە و نەوت و ناوچەدابڕێنراوەكان بەو مەسەلەیەوە بەندە. ئەو گوتیشی كە تاكوو ئێستا ریفراندۆم لەسەر دەستوور نەكراوە.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان نەیشیشاردەوە كە لە كاتێكدا پارتی و یەكێتی دەیانتوانی، بەڵام ریفراندۆمیان لەسەر رەشنووسی دەستوور نەكردووە و ئەوەیش بە كارێكی باش دەزانێت، چونكە لەسەر ئەو باوەڕەیە كە وردبینییەكی زیاتری پێویستە.

(عەدنان) گوتیشی كە دوای ئەوەی پەرلەمان بڕیاری ژمارە (2)ـی دەركرد بۆ ئەوەی پرسە نیشتمانییەكان بە كۆی دەنگ بن، لەو ساتەوەختەدا لە هەموو كاتێك زیاتر رێككەوتن لەسەر دەستوور پێویستترە.

ئەوە لە كاتێكدایە كە سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (عومەر عەبدولعەزیز) بە “هەولێر”ـی گوت كە پێویستە ڕەشنووسی دەستووری هەرێم بگەڕێتەوە پەرلەمان. بە باوەڕی ئەو، ئەگەرچی لە خولی پێشوودا بە كۆی دەنگ ئەو رەشنووسە تێپەڕی، بەڵام ئێستا هەلومەرجەكە جیاوازە.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو، گوتیشی كە لە لایەك بڕیار دراوە پرسە نیشتمانییەكان بە كۆی دەنگ یەكلا بكرێنەوە و لە لایەكی دیكەیشەوە بارودۆخی ئێستای كوردستان بە هۆی هەبوونی ئۆپۆزسیۆنەوە جیاوازە. نەیشیشاردەوە كە مەرج نییە خاڵ بە خاڵی رەشنووسەكە بگۆڕدرێت، بەڵام گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمان زەروورە.

هەمووی ئەوانەیش لە كاتێكدایە كە سەرجەم لایەنەكانی كوردستان هەبوونی دەستوور بە تایبەت لە ئانوساتی ئێستادا بە پێویست دەزانن و سەرۆكی فڕاكسیۆنی كوردستانیش، پێی وایە كە پێویستە سەرۆكایەتیی هەرێم راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلەیە دا بكات.

(سۆزان خاڵە شەهاب) لە لێدوانێكدا بە “هەولێر”ـی راگەیاند كە بۆ ئەوەی پرسی هەمواركردنەوەی دەستوور نەبێتە كێشە، باشتر وایە سەرۆكایەتیی هەرێم دیراسەی سەرجەم بۆچوونەكان بكات، بۆ ئەوەی پرسی دەستوور بە یەكجاری یەكلا بكرێتەوە و تەوافوقێكی گشتییشی لەسەر بێت.

بەڵام پەرلەمانتاری سەر بە فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دكتۆر (سەباح بەرزنجی) بە “هەولێر”ـی گوت كە پێویستە ڕەشنووسی دەستووری هەرێم بخرێتە ریفراندۆمەوە. بە رای ئەو ئەگەرچی هەندێك ناڕوونی لە رەشنووسەكەدا هەیە، بەڵام لە ئێستادا هەبوونی لە هەموو شتێك پێویسترە و دواییش دەكرێ هەموار بكرێتەوە.

-سايتی هەولێر
Top