سەرۆك بارزانی: هاتنی ئەردوگان بۆ هەولێر رووداوێكی مێژووییە
مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گوتەیەكدا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە لە ڕۆژێكی مێژووییدا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا سەردانمان دەكات و بەشداریمان دەكات لە كردنەوەی باڵەفڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
بارزانی گوتی ئەمە كلیلێكە بۆ پڕۆژەی گەورەتر و بەرەوپێشببردنی هەرێمی كوردستان و عێراق.
ئەوەشی گوت ئەم سەردانەتان ئەمڕۆ بۆ عێراق و هەولێر بەمێژوویی دەزانین و یەكێكە لە بڕیارە بوێرەكانی جەنابتان، ئەم سەردانە پردێكی زۆر مەحكەم لە پێوەندیی نێوان توركیا و عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دروست دەكات.
سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا لەوەتەی جەنایتان هاتوونەتە سەر حوكم بڕیاری بوێرانەتان داوە و ئێمەش تەقدیری ئەو بڕیارانەتان دەكەین، ئەمڕۆ توركیا ڕۆڵێكی گەورە دەبینێت و ئەمەش بۆ سیاسەتی ئێوە دەگەڕێتەوە.
هەروەها بارزانی گوتی جەنابتان بیر لە سیاسەتی ئاشتییانە و حەكیمانە دەكەنەوە بۆ گرفتەكان و ئێمەش پشتگیریتان لێ دەكەین.
دواتریش بارزانی گوتی بەناوی خۆم و گەلی كوردستانەوە دووبارە بەخێرهاتنی خۆتان و شاندەكەتان دەكەم و هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە خێر و خۆشی بۆ گەلی عێراق و كوردستان و گەلی توركیا.