به‌یاننامه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان له ساڵرۆژى بۆمبارانى شارى هه‌ڵه‌بجه به چه‌كى كیمیایی
كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان
خوشك و برا پێشمه‌رگه‌كان
له رۆژى 16ى مانگى ئادارى 1988دا، رژێمى له‌ناوچووى سه‌دام حوسێن، چه‌كى قه‌ده‌خه‌كراوى نێوده‌وڵه‌تى (گازى خه‌رده‌ل و تابون و سارین و ڤى ئێكس) كه به‌پێى پرۆتۆكۆلى جنێفى ساڵى 1925 نابێت به‌كاربهێنرێ، به‌به‌رچاوى جیهانه‌وه له‌دژى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى و بێ دیفاعى شارى هه‌ڵه‌بجه، به‌كارهێناو له‌ئاكامدا زیاتر له (5000) هاووڵاتى شه‌هیدبوون و له‌و ژماره‌یه‌ش زێترى بریندار‌و په‌ككه‌وته كرد.
هه‌روا رژێمى دیكتاتۆرى چ پێش هه‌ڵه‌بجه‌و چ دواى ئه‌وه‌ش هه‌ر له پێڤاژۆى سیاسه‌تى سیستیماتیك و به‌رنامه بۆ دارێژراوى قڕكردن (جینۆساید)ى خه‌ڵكى كوردستاندا، چه‌كى قه‌ده‌خه‌كراوى كیمیایى (40) جار زێتر ده‌رهه‌ق به گوند‌و ناوچه‌كانى تر‌ى كوردستان به‌كارهێناوه: گونده‌كانى دۆڵى جافایه‌تى له پارێزگاى سلێمانى له به‌رگه‌لو و سه‌رگه‌لو یاخسه‌مه‌رو هه‌له‌دن و چاڵاوه‌و چنارنێ و ئاوه‌ژێ و كانى توو (له 15/نیسان 1987)، گوندى زێوه‌شكان له ناوچه‌ى ئامێدى له پارێزگاى دهۆك، هه‌ردوو گوندى بالیسان و شێخوه‌سانان له پارێزگاى هه‌ولێر (16 نیسان- 1987)، گوندى ساوسێنانى ناوچه‌ى قه‌ره‌داخ (نیسان- 1988)، گوندى گۆپته‌په (له سه‌ره‌تاى مایس- 1988)، گونده‌كانى به‌رى گاره: ردێنیا و شێرانه‌و... له به‌رى بادینان ( له 25/8-6/9/1988)...
كاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه، كاره‌ساتێكى هێنده گه‌وره‌ى ئینسانیی بوو كه به ده‌یان خێزانى ئه‌و شاره تاكه كه‌سێكیان لێ ده‌رنه‌چووه، یان یه‌ك- دوو كه‌سیان لێ ماوه‌ته‌وه و به شایه‌دیى رۆژنامه‌ى (دێلى ته‌له‌گراف)ى به‌ریتانى له 22ى ئادارى 1988دا، ئه‌وها باسى هه‌ڵه‌بجه ده‌كات: \"بێ له دار‌و به‌رد، هه‌ڵه‌بجه هیچى به‌سه‌ر هیچه‌وه نه‌ماوه، هه‌نوكه چۆڵ و هۆڵ و ده‌ڵێى گۆڕستانه‌و ده‌مى كردۆته‌وه... ته‌رم لێره‌و له‌وێ كه‌وتوون، له‌ناو ماڵان، له‌سه‌ر رێگه‌و بان و كوچه‌و كۆڵانان، ده‌ڵێى له‌ساته‌وه‌ختى مه‌رگدا، مۆمیاكراون... ئه‌و وێنانه قێزه‌ونى و دڕنده‌یى سه‌ده‌كانى ناوه‌راستمان بیر دێننه‌وه\"".
ئاخر له چ جێگه‌یه‌كى دنیادا بووه، رژێمێك به‌تایبه‌تى له كۆتایى سه‌ده‌ى رابردوودا، چه‌كى كیمیایى دژ به دانیشتوانى وڵاته‌كه‌ى خۆى به‌كاربهێنێ، بێجگه له رژێمى نه‌فره‌تلێكراوى سه‌دام حسێن!
له‌لایه‌كى دیكه‌وه، وه‌ك پرۆفیسۆرى به‌لجیكى، هندركس، پێشبینى كردبوو، هێشتا 22 ساڵ دواى ئه‌و كاره‌ساته، ئاسه‌وارى نیگه‌تیڤى ئه‌و چه‌كه كوشنده‌یه، به‌سه‌ر خه‌ڵك و سروشت و ژینگه‌ى هه‌له‌بجه‌و ده‌وروبه‌ریدا ماوه‌ته‌وه. به‌ركه‌وتووانى ئه‌و چه‌كه تا به رۆژى ئه‌مڕۆش راده‌گات به‌ده‌ست ته‌نگه‌نه‌فه‌سى، زۆربوونى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه، منداڵ له‌به‌رچوون، نه‌زۆكى و \""تشوهات\""ى جینییه‌وه ده‌ناڵێنن..
هه‌رچه‌نده، وه‌ڵام و كاردانه‌وه‌ى ئه‌و ده‌مه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، له‌ئاستى قه‌باره‌ى ئه‌و كاره‌ساته ئینسانییه نه‌بوو، لێ دوابه‌دواى شه‌ڕى دووه‌مى كه‌نداو 1990-1991، ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به‌گوێره‌ى بڕیارى 687 ، بڕیارى دا چه‌كى كیمیایى له عێراق دابماڵێ...
كاتێك یادى ئه‌و كاره‌ساته ده‌كه‌ینه‌وه، خۆشبه‌ختانه دادگه‌ى باڵاى جینایى عێراقى پاش یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كه‌یسى هه‌له‌بجه بڕیارى خۆى دا و دادگه‌ى ته‌مییز له 1/3/2010دا به جینۆسایدى ناساند و پێش ئه‌وه‌ش له 25/1/2010 دا، تاوانبار عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید، ناسراو به عه‌لى كیمیاوى، حوكمى عه‌داله‌تى به‌سه‌ردا جێبه‌جێكرا، لێ تا به ئه‌مڕۆش راده‌گا، هه‌ندێ تاوانبارى دى به‌بیانو و پاساوى تر‌ى نابه‌جێوه له زیندان هێشتراونه‌ته‌وه‌و حوكمى عه‌داله‌تیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ نه‌كراوه، له‌كاتێكدا هه‌ندێك له‌و تاوانبارانه، ته‌نانه‌ت له‌ناو هۆڵى دادگاشدا له كه‌یسى ئه‌نفاله‌كاندا، دانیان به گوناهو تاوانه‌كانیان نه‌ناو جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه ئه‌گه‌ر جارێكى تر بۆیان بلوێته‌وه هه‌مان تاوان ده‌كه‌نه‌وه!
سه‌ڕه‌راى بڕیارى به‌جینۆسایدناساندنى تاوانى هه‌له‌بجه، پێویسته عه‌داله‌ت به هه‌ردوو رووه‌كه‌یه‌وه: جینایى و مه‌ده‌نییه‌وه بێته جێبه‌جێكردن. خه‌ڵكى ئێمه به‌گوێره‌ى قانوونى نێوده‌وڵه‌تیى ئینسانى مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه، چ له رووى ماددى و چ له رووى مه‌عنه‌وییه‌وه قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه. ده‌بێ خه‌ڵكى كوردستان به‌كرده‌وه له‌وه دڵنیا بكرێته‌وه كه جارێكى تر كاره‌ساتى واى به‌سه‌ر نایه‌ته‌وه‌و عێراق، عێراقى هه‌مووانه به‌بێ جیاوازى ئیتنى و ئایینى و تایه‌فى، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته حكوومه‌تى عێراق وه‌ك میراتگرى حكوومه‌تى پێشوو، داواى لێبوردن له خه‌ڵكى هه‌له‌بجه‌و قوربانییان بكات و بۆ ریسوا كردنى به‌عسیزم، ساڵانه له سه‌رانسه‌رى عێراقدا یادی هه‌له‌بجه بكاته‌وه‌و بیخاته ناو پرۆگرامه‌كانى خوێندنه‌وه‌و بۆ به‌رزراگرتنى گیانى شه‌هیدان و قوربانییانیش مۆنۆمێنتیان بۆ دروست بكات و له رووى ماددیشه‌وه، به‌گوێره‌ى به‌رنامه‌یه‌كى درێژخایه‌ن زه‌ره‌رو زیانه مادییه‌كانیان بۆ بژێرێته‌وه كه به داخه‌وه تا ئێستا له‌مباره‌وه حكوومه‌تى عێراق هه‌نگاوێكى ئه‌وتۆى نه‌ناوه شیاوى باسكردن بێت.
هه‌روا به‌شێكى ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه‌ش، ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌و هه‌قه كه‌یسى هه‌له‌بجه بكات به كه‌مپینێك بۆ رێگه‌گرتن له‌به‌كارهێنانى ئه‌م چه‌كه له هه‌ر شوێنێكى تر‌ى دنیاداو بیكاته هێماو سومبلێك بۆ به‌رگرتن له روودانى هه‌ر كاره‌ساتێكى تر‌ى له‌مبابه‌ته..
هه‌روا به‌پێویستیشى ده‌زانین، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى پرۆگرامێكى بۆ دارێژراو، چ له ناوه‌وه یان له ده‌ره‌وه‌ى وڵات‌دا، چاره‌سه‌رى به‌ركه‌وتووانى ئه‌و چه‌كه ژه‌هراوییه بكات و به‌پێى توانا له شوێنه‌واره چه‌وته‌كانى ئه‌م چه‌كه نه‌گریسه كه‌م بكاته‌وه‌و به شێوه‌ى جیا-جیا له بیره‌وه‌رى به‌كۆمه‌ڵى گه‌له‌كه‌مان و مرۆڤایه‌تى بۆ هه‌تا هه‌تایێ بهێڵیته‌وه بۆ هه‌ستكردن به به‌رپرسیاره‌تى و پێ‌زانین به خۆڕ‌اگرى گه‌له‌كه‌مان و قه‌باره‌ى ئێش‌و ئازاره‌كانمان چ له ئاستى ناوخۆى كوردستان و چ له ئاستى عێراقى و چ له ئاستى نێوده‌وڵه‌تیشدا.
با یادى هه‌له‌بجه له یاده‌وه‌ریى به‌كۆمه‌ڵیى گه‌له‌كه‌ماندا زیندوو رابگرین و ببێته مایه‌ى یه‌كریزى گه‌له‌كه‌مان و هه‌وڵدان بۆ دوارۆژێكى باشتر بۆ گه‌ل و خاكى كوردستان...
دووباره سه‌رى رێز‌و نه‌وازشیش بۆ شه‌هیدانى هه‌له‌بجه‌و ته‌واوى شه‌هیدانى كورد‌و كوردستان..
دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكى
سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان
15/3/2011"