بەجینۆساید ناساندنى كیمیابارانى هەڵەبجە لە پەرلەمانى عێراق بۆ دانیشتنى داهاتوو دوا خرا

بەجینۆساید ناساندنى كیمیابارانى هەڵەبجە لە پەرلەمانى عێراق بۆ دانیشتنى داهاتوو دوا خرا
ئەندامێكى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە تەباییى بارستە كوردستانییەكان ڕاى گەیاند بڕیار بوو لە كۆبوونەوەى پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەم لە یادی 23مین ساڵوەگەڕی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، دەنگ لەسەر ناساندنی ئەو كارەساتە بەتاوانی جینۆساید و كۆمەڵكوژی بدرێت، بەڵام بەهۆى تەواونەبوونى نیسابى یاساییى ئەندامانەوە بۆ دانیشتنى داهاتوو دوا خرا.

بەكر حەمەسدیق بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى ڕاگەیاند، لە ئەجێنداى كارەكانى ئەمڕۆى پەرلەماندا وەك سەرجەم كوتلە كوردستانییەكان، پێكەوە لەسەر وشەى هەڵەبجە كۆ بووینەوە و بەهاوئاهەنگى لەگەڵ فەرمانگەى ڕاگەیاندنى پەرلەمان پێشانگەیەكمان كردەوە، لەلایەن بەڕێوەبەرى ڕۆشنبیرى و هونەرى سلێمانیشەوە كۆمەڵێك وێنەى سەرنجڕاكێشى بۆ ناردبووین كە لە پێشانگەكەدا نمایش كران و جێگەى سەرنجى هەمووان بوو.

پتر گوتى، دواى ئەوەش لە كۆبوونەوەى سەرلەبەیانیى پەرلەماندا، ئوسامە نجێفى سەرۆكى پەرلەمان وتەیەكى لەسەر كارەساتى هەڵەبجە پێشكێش كرد، تێیدا خۆشحاڵیى خۆى نیشان دا بەوەى لە ماوەى داهاتوودا سەردانى شارۆكەى هەڵەبجە بكات و لە نێزیكەوە بەچاوى خۆى ڕووداوەكان ببینىَ.

حەمەسدیق ئاماژەى بەوەش كرد، لە كۆبوونەوەكەدا بەناوى هەمووانەوە و وەك نوێنەرى هەڵەبجە بەیاننامەیەكم خوێندەوە لەسەر ئەو كارەساتە، دواتر ئیبراهیم جەعفەرى پەرلەمانتارى هاوپەیمانیى نیشتمانیى شیعەكان وتەیەكى لەسەر مێژووى هەڵەبجە و ڕۆڵى ئاینى و ڕۆشنبیرى و مێژووییى شارۆكەكە پێشكێش كرد و ئاماژەى بەهەندێك كەسایەتیى دیارى هەڵەبجە كرد.

\"دواتر چەند پەرلەمانتارێكى تر وتەى باشیان لەسەر كارەساتى هەڵەبجە پێشكێش كرد، لاى خۆشیەوە سادق روكابى پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا پێشنیازى كرد پڕۆژەى بەجینۆساید ناساندنى كیمیابارانى هەڵەبجە كە لە بڕیارى دادگە دەرچووە، لە پەرلەمانیش دەنگى لەسەر بدرىَ\"" حەمەسدیق واى گوت.

ئەوەشى گوت، بڕیار بوو لە كۆبوونەوەى پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر بەجینۆساید ناساندنى ئەو كارەساتە بدرىَ و ببێتە یاسایەك، بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونى ژمارەى تەواوى ئەندامانى پەرلەمانەوە بۆ كۆبوونەوەى داهاتوو دوا خرا، هەروەها پڕۆژەیاساى قەرەبووكردنەوەى ناوچەكانى هەڵەبجە و دەوروبەریمان ئامادە كردووە و پێشكێش بەپەرلەمانمان كردووە، چاوەڕێین بدرێتە لێژنەى یاسایى كە ئەوەش لە كاتى خۆیدا گرینگیى خۆى دەبىَ بۆ دانیشتوانى هەڵەبجە.

لە 1 ئادار/مارسی 2010دا دادگەی پێداچوونەوەی سەر بەدادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی بەجینۆساید ناساند."
Top