ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی بارزانی و تاڵەبانی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە

ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی بارزانی و تاڵەبانی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی بەسەرپەرشتی تاڵەبانی و بارزانی چەند پرسێكی گرینگ لەسەر دۆخی ئێستەی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی بكەن.

ئازاد جوندیانی گۆتیاری رەسمیی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایگەیاند، دیارە حكوومەتی ئێستە هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و چەند لایەنێكی تر پێك هاتووە و لیستی كوردستانیش لە پەرلەمانی كوردستان كە نوێنەرایەتی هەردوو حزبی دەسەڵات دەكا، كاری لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی كردووە، ئەویش بەرێگەی دەركردنی چەندان یاسا و راسپاردەیەك.

جوندیانی گوتی، بۆ فرەوانكردن و كاراكردنی چاكسازیی ئیداری و چاكسازی لە سیستمی حوكمڕانی و لە چەندان بواری تر، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بەسەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكى پارتى و جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی گرینگ ئەنجام دەدەن.

هەروەها گوتی، بەشی شێری گفتوگۆیەكانی ئەو كۆبوونەوەیە باسی ئەنجامدانی چاكسازی دەبێ و بەتایبەت دوای ئەوەى هەردوولا گوێیان لە داواكاریی خەڵك گرت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە هەرێمی كوردستان بەشێكی تری گرینگی كۆبوونەوەكەى ئەمڕۆ دەبێ.

لەبارەى ئەوەى ئاخۆ لە كاتى هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بەیەك لیست بەشدار دەبن، یا بەلیستی جیا، گۆتیاری رەسمیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان رای گەیاند، هەر كاتێك بەتەواوەتی بڕیار لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە درا، ئەو كات بەشداری ئەو دوو حزبە گەورەیە بە یەك لیست یا بە لیستی جیا دەدرێ و ئێستەش زووە بۆ باسكردنى ئەو پرسە.

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رێككەوتنی ستراتیجی لە نێوانیاندا هەیە و لە هەڵبژاردنی 25 ی تەمووز/یۆلیۆی 2009 لە هەرێمی كوردستان بەیەك لیست بەشداربوون و ئێستەش لیستی كوردستانی كە نوێنەرایەتی ئەو دوو لە پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی 59 كورسیی پەرلەمان پێك دێنێ، لە پەرلەمانی عێراقیش لیستی هاوبەشی ئەو دوو حزبە 43 كورسیان هەیە.

-ئاكانیوز
Top