پەرلەمانى كوردستان بۆ جارى پێنجەم بەنائاسایی كۆ دەبێتەوه

پەرلەمانى كوردستان بۆ جارى پێنجەم بەنائاسایی كۆ دەبێتەوه
پەرلەمانى كوردستان لە چوارەم كۆبوونەوەى نائاساییدا كە دوێنێ بەڕێوە چوو، بڕیارى دا كۆبوونەوەكەى بۆ ئێوارەى ئەمڕۆ دوا بخات، ماڵپەڕی سەرۆكایەتیی پەرلەمان گواستییەوە.

ئێوارەى دوێنێ سەعات 17:00 بەكاتى ناوەخۆ، پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی كەمال كەركووكی سەرۆكی پەرلەمان و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكى پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە 4 ی نائاساییی خولی سێیەمی هەڵبژاردن بەڕێوە برد.

سەرەتای دانیشتنەكە، سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری خوێندەوە، كە برێتی بوو لە بەردەوامبوون لەسەر خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی راپۆرتی لێژنەی تایبەت كە بەپێی بڕگەی 17ی بریاری پەرلەمان ژمارە 1ی ساڵی 2011 پێك هێنراوە بۆ بەدواداچوون و گوێگرتن لە داخوازی خۆپێشاندەران و خاڵەكەی تریش تایبەت بوو بەباری كەركووك و شوێنە كوردستانییە دابڕاوە جێ ناكۆكەكان.

دواتر لە كاتی خستنەڕووی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، رای گەیاند، بەهۆی ئەوەی لێژنە تایبەتییەكە و سەرۆكی فراكسیۆنەكان نەگەیشتوونەتە ئەنجامی كۆتایی لەسەر راپۆرتی لێژنەی تایبەتی بەدواداچوونی داخوازییەكانی خۆپێشاندەران، بۆیە دانیشتنەكە دوا دەخەین بۆ سەعات 17:00ی پاش نیوەرۆی رۆژى سێشەم.

لەبارەى رووداوەكەى دوێنێی نێوان هەردوو پەرلەمانتارەكەی لیستی كوردستانی و گۆڕانیش، سەرۆكی پەرلەمان گوتى، زۆر بەداخەوە لێك تێنەگەیشتن لە نێوان دوو پەرلەمانتار رووی دا، سەركۆنەى ئەو كارە ناشیرینانە دەكەین و داوامان كردووە ئیجرائاتی یاسایی بگیرێتە بەر و داواش دەكەین هەموو پێكهاتەكانی ناو پەرلەمان بەهەمان رۆحی جاران كاربكەن و كاری پەرلەمانیش دیالۆگ و گفتوگۆی هێمنانەیە، دەبێ لەسەر ئەو بنەمایە كار بكەین نەك بەپێچەوانەوە.

-ئاكانيوز
Top