هێشتا پارتی و یەكێتی لەسەر چۆنییەتی بەژداریكردن لە هەڵبژاردن قسەیان نەكردووە

هێشتا پارتی و یەكێتی لەسەر چۆنییەتی بەژداریكردن لە هەڵبژاردن قسەیان نەكردووە
بەرپرسێكى باڵاى پارتى دیموكراتى كوردستان راى گەیاند، تا ئێستە لەگەڵ یەكێتیى نیشتمانى باسیان لە چۆنیەتى بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانى داهاتوو نەكردووە و بەرپرسێكى یەكێتیش ئاماژە بەوە دەكات ئەو بڕیارە لە كۆبوونەوەى داهاتووى مەكتەبى سیاسى هەردوولا دەدرىَ.

سەعدى ئەحمەد پیرە ئەندامى مەكتەبى سیاسیى یەكێتیى نیشتمانى رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەكانى داهاتوودا ئەگەرى پێڕۆكردنی لیستى كراوە و داخراو هەیە، ئەوانە هەمووى بۆ كۆبوونەوەى مەكتەبى سیاسیى یەكێتی و پارتى جێ هێڵراون.

زیاتر گوتى، لە كۆبوونەوەكانى داهاتووى نێوان هەردوولادا باس لەوە دەكرىَ ئاخۆ هەردوولا بەیەك لیست بەشداریى هەڵبژاردنەكانى داهاتوو دەكەن یان نا.

لاى خۆیەوە فەرەیدون جوانڕۆیى ئەندامى مەكتەبى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان رایگەیاند، تا ئێستە هیچ بڕیارێكى لەو شێوەیە نییە كە باس لە چۆنیەتى بەشداریكردنى پارتى و یەكێتى لە هەڵبژاردنەكانى داهاتوودا بكات و بەهیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە.

زیاتر گوتی، هێشتە كاتێكى زۆر ماوە بۆ هەڵبژاردن و قسەكردن لەسەر ئەوەى بەیەكەوە بەشداریی هەڵبژاردن دەكەین یان بەجیا زووە.

عارف تەیفوور ئەندامی‌ مەكتەبى سیاسیى پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پێشتر بەرۆژنامەى (رووداو)ى راگەیاندبوو، پارتی ‌و یەكێتی قسەیان لەسەر ئەوە كردووە بەلیستی‌ جیا بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكەن، تاوەكو هەرلایەك قەبارەی‌ خۆی بۆ دەركەوێ.

تەیفوور ئاماژەى بەوە كرد، وەك پارتی‌ ئەوەمان پێ‌ خراپ نییە و برادەرانی‌ یەكێتیش لێی دەكۆڵنەوە و رای خۆیانی‌ لەبارەوە دەدەن، ئەو بابەتە لە نێوان هەردوولا بەڕژدی وەرگیراوە و شیمانە هەیە سەربگرێ، بەڵام هێشتە بڕیاری كۆتا لەو بارەیەوە نەدراوە.

پارتى دیموكراتى كوردستان و یەكێتیى نیشتمانیى كوردستان لە ساڵى 2007 وە رێككەوتنى ستراتیجییان مۆر كردووە، لە دواى ئەو رێككەوتنەشەوە لە هەڵبژاردنەكاندا هەردوولا بەیەك لیست بەشدارییان كردووە.

-ئاكانیوز
Top