كونسوڵى گشتى تازه‌ى رووسیاى فیدرِاڵ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌كاربوو

كونسوڵى گشتى تازه‌ى رووسیاى فیدرِاڵ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌كاربوو
به‌بۆنه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك كونسوڵى گشتى تازه‌ى رووسیاى فیدرِاڵ له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئێواره‌ى ئه‌مرِۆ به‌رِێز ڤالێرى پۆسپیلۆڤ سه‌ردانى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى كرد و له‌لایه‌ن فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت پێشوازیان لێكرا.

له‌ دیدارێكدا كه‌ نیكۆلاى رۆژایێڤ جێگرى كونسوڵى گشتى رووسیا ئاماده‌بوو، به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت وێرِاى پیرۆزبایى گه‌رم به‌بۆنه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونى به‌رِێز ڤالێرى پۆسپیلۆڤ وه‌ك كونسوڵى گشتى رووسیا له‌ هه‌رێم هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و ئاماده‌یى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌و حكومه‌تى هه‌رێمى نیشاندا بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ پێناو به‌ره‌و پێش بردنى په‌یوه‌ندیه‌كان و سه‌رخستنى كاره‌كانیان له‌ هه‌رێم.

دواتر فه‌لاح مسته‌فا پوخته‌یه‌كى له‌سه‌ر بارودۆخى ئه‌مرِۆى هه‌رێمى كوردستان و دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسیه‌كانى عیراقى بۆ كونسوڵى گشتى تازه‌ى رووسیا خسته‌رِوو، هاوكات تیشكى خسته‌ سه‌ر ئاستى په‌یوه‌ندیه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ عیراقى فیدرِاڵ و ولاَتانى دراوسىَ و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى. هاوكات ستایشى كاره‌كانى كونسوڵگه‌رى گشتى رووسیاى فیدرِاڵى كرد كه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوو چالاكانه‌ كاریان كردووه‌و رۆلیان هه‌بووه‌ له‌به‌ره‌وپێش بردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌ردوولا.

ڤالێرى پۆسپیلۆڤ كونسوڵى گشتى رووسیا له‌ هه‌رێم خۆشحاڵى خۆى نیشاندا كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌ركى پێسپێردراوه‌و هیواى خواست به‌ پشتگیرى هه‌موولایه‌ك بتوانن ئاستى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و رووسیاى فیدرِاڵ زياتر به‌ره‌و پێش ببه‌ن.

له‌ كۆتایى دیداره‌كه‌شدا هه‌ردوولا باسیان له‌ گرینگى به‌رده‌وامى و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیه‌كان كرد به‌ تایبه‌ت له‌رووى سیاسى و ئابوورى و رۆشنبیرى.
Top