بەمەبەستی تاوتوێكردنی داواكاریی خۆپێشاندەران لیستەكانی پەرلەمان كۆبوونەوە

بەمەبەستی تاوتوێكردنی داواكاریی خۆپێشاندەران لیستەكانی پەرلەمان كۆبوونەوە
ئەمڕۆ دووشەم لە پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بەمەبەستی تاوتوێكردن و بڕیاردان لەسەر راپۆرتی ئەو لێژنەی سەردانی خۆپێشاندەرانی كرد بۆ زانینی داواكارییەكانیان كۆبوونەوە.

ئارام قادر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، وەكو سەرۆك فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كۆبووینەوە، بەڵام نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك.

زیاتر گوتی، ئیرادەیەكی رژد بۆ جێبەجێكردنی داخوازیی خۆپێشاندەران نییە.

لای خۆیەوە كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، وەكو سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبووینەوە بۆ ئەوەی چەند بڕیارێك بدەین، هەست كرا پاشەكشەیەك هەیە بۆ ئەوەی چەند بڕیارێك بدری و نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێك، ئێستە لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی لە چەند ساتی داهاتوودا بڕیار بدەین.

ئاماژەی بەوە كرد، ئەم كۆبوونەوانە تەنیا بۆ كات كوشتن و كپكردنەوەی شەقامە و ئەگەر لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكان نەگەینە هیچ ئەنجامێك ئەوا لەناو هۆڵی پەرلەماندا گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە دەكەین.

عومەر نورەدینی پەرلەمانتار لە لیستی كوردستانی پێشتر بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، دوێنێ یەكشەم كۆبوونەوەیەكمان لەبارەی راپۆرتی لێژنەی پەرلەمانی سەردانیكار بۆ خۆپێشاندەران ئەنجام دا و لەلایەن هەموو لیستەكانەوە تاوتوێی راپۆرتەكە كرا.

زیاتر گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لیستەكانی پەرلەماندا بڕیار لەسەر ئەو داواكارییانە بدرێ.
Top