جەلال تاڵەبانى: پێویستە 17 خاڵەكەى پەرلەمان و داواكارییەكانى خەڵك بەزووویى جێبەجێ بكرێن

جەلال تاڵەبانى: پێویستە 17 خاڵەكەى پەرلەمان و داواكارییەكانى خەڵك بەزووویى جێبەجێ بكرێن
سكرتێرى گشتیى یەكێتیى نیشتمانى كوردستان و سەركۆمارى عێراق پشتیوانیى خۆى بۆ داواكارییەكانى خەڵك و 17 خاڵەكەى پەرلەمانى كوردستان دەربڕى و داواى كرد بەزوویى جێبەجىَ بكرێن.

جەلال تاڵەبانى لە وتەیەكیدا بەبۆنەى یادى 20 ساڵەى ڕاپەرینى دانیشتوانى شارى سلێمانى لە ساڵى 1991 دژ بە رێژیمى لێخراوى بەعس، كە پێش كەمێك لە بەردەم مەڵبەندى حزبەكەى لە شارى سلێمانى پێشكێشى ئاهەنگێڕانى ئەو یادەى كرد، سەرەتا ئاماژەى بە \"دەستكەوت\""ەكانى ڕاپەڕینى ساڵى 1991ى شارەكانى هەرێمى كوردستان بەگشتى و دانیشتوانى سلێمانى بەتایبەتى كرد و داواى پاراستنى دەستكەوتەكانى ئەو ڕاپەڕینەى كرد.

لەبەشێكى ترى وتەكەیدا تاڵەبانى لەبارەى خۆپیشاندانەكانى ئێستەى شارى سلێمانى گوتى، ئێمە لەیەكێتیى دەمێكە بڕیارمان داوە چاكسازى بكەین و بەگژ گەندەڵیدا بچینەوە، پێشوازى لە داواكارییەكانى هاووڵاتیانیش دەكەین كە لەو پێناوەدا دەیكەن.

پتر گوتى، ئێمە لایەنگیرى هەموو جۆرە مانگرتن و خۆپیشاندانێكى ئاشتییانەین و ناترسین و تەنگەتاو نابین بەوەى هەزاران كەس بڕژێنە سەر شەقامەكان و داواى مافەكانى خۆیان بكەن.

تاڵەبانى جەختى كردەوە لەسەر ئەوەى پێویستە خستنەڕووى داواكارییەكان بەشێوەیەكى ئاشتییانە و دور لەخوێن ڕشتن و توندوتیژى بىَ و داواى لەهەردوولایەنى خۆپیشاندەران و هێزەكانى تەناهیى كرد بەشێوەیەكى ئاشتییانە مامەڵە لەگەڵ یەكتر بكەن و پارێزگارى لە ئارامى و ئاسایشى شارەكەیان بكەن.

هەروەها داواى لە ئۆپۆزسیۆنی هەرێم كرد یەكڕیزیى و یەكپارچەیى گەل بپارێزن.

تاڵەبانى داواى لە حكوومەتى هەرێميش كرد \""بەردەوام بىَ لە خزمەتكردنى زیاترى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان و 17 خاڵەكەى پەرلەمانى كوردستانیش جێبەجىَ بكرىَ و دەستبەجىَ داخوازییەكانى خەڵك بێتە دى\"".

لە 23 شوبات/فێبرایەرى رابردوو پەرلەمانى كوردستان كۆبوونەوەیەكى نائاسایى بۆ تاوتوێكردنى رووداوەكانى ئەم دواییەى هەرێم بەتایبەت خۆپێشاندانەكانى پارێزگاى سلێمانى ساز كرد، كە تا درەنگانى شەو بەردەوام بوو و كۆبوونەوەكە بڕیارێكى 17 خاڵى دەركرد.

پەرلەمان لە بڕیارەكەیدا داواى سەركۆنەى تەقەكردن لە خۆپێشاندەران و هەڵكوتانە سەر بارەگا حزبی و رەسمییەكان، ئازادكردنى گیراوانى خۆپێشاندەر، كێشانەوەى ئەو هێزە سەربازییانەى براونەتە سلێمانى، هێزى پێشمەرگە دووربێ لە ململانە سیاسییەكانى ناوخۆ، لێكۆڵینەوە لەو كەمتەرخەمییانەى لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە لە رووداوەكاندا كراوە، حكوومەت كارى رژد بكات بۆ باشتركردنى بارى خزمەتگوزارییەكان و گوزەرانى خەڵك، بانگهێشتكردنى سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زیرى ناوخۆ و وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ بۆ په‌رله‌مان، پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌نوێنه‌رى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌مه‌به‌ستى به‌ دواداچوون و گوێ گرتن له‌ داخوازى خۆپیشانده‌ران. لێژنەیەكى باڵاى لێكۆڵینەوە راستیى رووداوەكان بۆ راى گشتى ئاشكرا بكات.

لە 17ى شوبات سەدان كەس لە بەردەركى سەراى شارى سلێمانى خۆپیشاندانێكیان بۆ پشتگیریكردن لە راپەڕینەكانى میسر و تونس و داواكردنى چاكسازى لە حكوومەتى هەرێم ساز كرد، بەڵام دواتر خۆپێشاندانەكە توندوتیژى لێكەوتەوە و خۆپێشاندەران بەردبارانى لقى 4ى پارتى دیموكراتى كوردستانیان كرد، لە ئەنجامدا تەقە كرا و بەهۆیەوە كەسێك كوژرا و 57 كەس بریندار بوون، دواتریش دوو لە بریندارەكانیش گیانیان لە دەست دا.

دوو رۆژ دواتریش لە ئەنجامى رووبەڕووبوونەوەى نێوان خۆپێشاندەرانى پۆلیس و هێزەكانى پۆلیس، 48 كەس بریندار بوون. لە ئەنجامى خۆپێشاندانێكدا لە شارۆكەى هەڵەبجە لە 23 شوباتدا پۆلیسێك كوژرا و سێ كەسیش بریندار بوون. لە شارۆكەى كەلاریش لە ئەنجامى تەقەكردندا مێردمنداڵێك كوژرا.

خۆپیشاندانەكان تا ئێستە لە بەردەركى سەراى سلێمانى بەردەوامن.

-آكانيوز"
Top