سەرۆكی هەرێمی كوردستان 8 ی ئادار لە ئافرەتانی كوردستان پیرۆز دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان 8 ی ئادار لە ئافرەتانی كوردستان پیرۆز دەكات
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی ئافره‌تانه‌وه‌، بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ئافره‌تان كرد و له‌به‌شێك له‌بروسكه‌كه‌دا، دووپاتیكردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ داكۆكیكاری مافه‌كانی ئافره‌تان بین و كاریش بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین شوێن و پێگه‌ی شیاوی خۆیان له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هه‌بێت.
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
خوشكانی خۆشەویست
لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی گەرمتان ئاراستە دەكەم بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە و هیوای ژیانێكی پڕ ئاسوودەتان بۆ دەخوازم.

ئەمرۆ لە هەرێمی كوردستان ئافرەتان لە سایەی ئەزموونە دیموكراسیەكەیدا زۆر لە مافەكانیان دەستەبەركراوە كە ئەمەیش دەسكەوتێكە لە پاڵ دەستكەوتەكانی دیكە كە هەر هەموویان بەرهەمی خوێنی گشت شەهیدانە بە ئافرەت و پیاوەوە كە شەهید خوشكە لەیلا قاسم یەكێكە لەو شەهیدە قارەمانانەی كە گیانی خۆی لە پێناو میللەتەكەیدا بەخت كرد .

لە سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردستاندا ئافرەت هەمیشە پاڵپشتێكی پتەو بووە بۆ برا و باوك و هاوسەرە پێشمەرگەكەی لە هەندێ‌ باریشدا چەكی بەرگری خستۆتە سەرشانی خۆی و بەرگری لە میللەتەكەی خۆی كردووە كە ئەمەیش شانازیەكی دیكەی كۆمەڵگەی كوردستانییە كە خاوەن ئافرەتی وابێت.

لەم یادە پیرۆزەدا دووپاتی دەكەینەوە كە هەمیشە داكۆكیكاری مافەكانی ئافرەتان بین و كاریش بۆ ئەوە بكەین شوێن و پێگەی شیاوی خۆیان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هەبێت و زەمینەیەكی لە باریش لە بەردەمیان برەخسێنین بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی كاریگەرتر لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی و سەرجەم بوارەكاندا بەشداری بكەن و كاریش بۆ بنبڕكردنی یەكجارەكی دیاردەی توندوتیژی بكەین.

هەر پیرۆز بێت 8 ی ئادار رۆژی جیهانی ئافرەتان
و چەپكە گوڵیش بۆ ئێوەی بەرێز


مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
7/3/2011
Top