مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسی تیمی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی ئەمریكی لە كوردستان كۆ دەبێتەوە

مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسی تیمی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی ئەمریكی لە كوردستان كۆ دەبێتەوە
ئەمرۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی كەریم شنگاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی كرد لە ( ئەلێكس لاسكارەس ) بەرپرسی تیمی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و ( پاتریك هانیش ) بەرپرسی بەشی سیاسی تیمەكە .
لە سەرەتای دیدارەكەدا، ( ئەلێكس لاسكارەس ) سوپاس و پێزانینی تیمەكەیان پێشكەش كرد بۆ ئەو رۆڵە باشە و دیارەی كە دامەزراوەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان گێراویانە لە پاراستنی سەقامگیری هەرێمی كوردستان و ئارامی و ئاسایشی هاوولاتیان و رەخساندنی دەرفەتێكی گونجاو بۆ پێشكەوتنی ئابوری و پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا، بارودۆخی گشتی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و بارودۆخی كەركوك و موسڵ و دوایین پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكە خرایە روو .
لە بارەی دۆخی ناوخۆی كوردستانەوە، بەرێز مەسرور بارزانی رایگەیاند (( پرۆسەی دیموكراسی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی وەرچەرخاندایە و هاولاتیان مافی خۆیانە كە لە چوارچێوەی شەرعیەتی دامەزراوە دەستوریەكانی هەرێمی كوردستان و بە شێوازێكی ئاشتیانە، خواست و داخوازیەكانیان بۆ چاكسازی و خزمەتگوزاری زیاتر بە شێوازی مەدەنیانەی دوور لە توندوتیژی بخەنە روو . ))، هەروەها بەرێزیان رایگەیاند (( ئێمە رێز و پێزانینی زۆرمان بۆ ئەو جەماوەرە خۆشەویستەی خۆمان هەیە كە بۆ كوردستانێكی بەهێزتر و خزمەتگوزاری زیاتر، دوور لە ئاژاوە و توندوتیژی، خواستەكانی خۆیان دەخەنە روو بەلام رێگە نادەین بە ناوی خۆپیشاندانەوە هیچ كەس و لایەنێك یاسا پێشێل بكات و سەقامگیری و ئارامی ژیانی هاولاتیان تێك بدات .))
لە بارەی بارودۆخی كەركوكەوە ، بەرێز مەسرور بارزانی رایگەیاند (( بەشێك لە كۆنە بەعسی و تیرۆریستان و ئەو شۆڤینیانەی كە باوەریان بە عێراقی نوێ‌ نیە و دژی مافە دەستوریەكانی هاولاتیانن، دەیانویست ژیانی هاولاتیانی كەركوك بخەنە مەترسیەوە و پەلاماری كورد و دامەزراوە حكومیەكان بدەن و خواستە بەعسی و شۆڤینیەكانیان زاڵ بكەن، لەم چوارچێوەیە دا بۆ پاراستنی سەروماڵی هاولاتیانی كەركوك و رێگەنەدان بە تیرۆریست و بەعسیەكان، بە بڕیاری سەركردایەتی سیاسی كوردستان هێزی پێشمەرگە نێردراوەتە دەوروبەری كەركوك تا بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و پۆلیس شارەكە، ئارامی و سەقامگیری شاری كەركوك لە هەرەشەی تیرۆریستان و بەعسیەكان بپارێزن . )) .
Top