نێچیرڤان بارزانی سوپاسی خه‌ڵکی هه‌ولێری کرد و هیوای خواست ئارامی هه‌موو کوردستان بگرێته‌وه
هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی له لێدوانێکی رۆژنامه‌وانی‌دا سوپاسی هه‌موو چینه‌کان و به‌تایبه‌ت مامۆستایانی ئایینیی کرد که هه‌موو هه‌وڵی خۆیان دا بۆ ئه‌وه‌ی گرژی و ناخۆشی له هه‌ولێر روو نه‌دات.
جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: خۆپێشاندانی ئاشتیانه به مافێکی سروشتیی خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانین و به پێویستی ده‌زانین که حکومه‌ت داواکارییه ره‌واکانی خه‌ڵک قه‌بووڵ بکات، به‌ڵام ناخۆشییه‌که له‌وه‌دایه که ئه‌م خۆپێشاندانانه ئاڵۆزی و پشێویی لێبکه‌وتێه‌وه و باری ئارامی کوردستان تێک بدات.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: سه‌رکردایه‌تیی پارتی سوپاسی خه‌ڵکی هه‌ولێر ده‌کات و ئه‌وان سه‌لماندیان خوازیاری ئارامی و سه‌قامگیرین و به هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌قامگیرییه بۆ شاره‌کانی دیکه و به‌تایبه‌ت شاری سلێمانی بگه‌ڕێته‌وه و هه‌روه‌ها سوپاسی خه‌ڵکی دهۆکیش ده‌که‌م که ئه‌وانیش به که‌رنه‌ڤاڵێکی خۆشی سه‌قامگیری و ئارامیی ئه‌م شاره‌یان سه‌لماند، ئه‌مه په‌یامێک بوو بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌یانه‌ویست باری ئارامیی کوردستان تێک بده‌ن.
جێگری سه‌رۆکی پارتی ئاشکراشی کرد: دوێنێ و پێرێ له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی ژوورێکی کرده‌ی تایبه‌تمان دانا بۆ چاودێری کردنی پێشهاته‌کانی که‌رکوک و ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان تاکو له نزیکه‌وه چاودێریی بارودۆخه‌که بکه‌ین و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه دوێنێ له ئاماده‌باشیی ته‌واودا بوون و وه‌زیری پێشمه‌رگه سه‌ردانی که‌رکوکی که‌ردووه و ئه‌م ئاماده‌باشییه‌ش بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی هه‌ر پێشهاته‌یه‌ک بوو که له‌م ناوچانه بێته پێش و خۆشبه‌ختانه پێشمه‌رگه و حکومه‌تی هه‌رێم زۆر جدی بوون له‌وه‌ی نه‌هێڵن باری که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کان تێک بچێت.
نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاند: هه‌ر دانیشتنێک بۆ هێور کردنی بارودۆخی سلێمانی ئه‌نجام بدرێت ئێمه به‌شداریی تێیدا ده‌که‌ین و پێشتریش له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه به ئێمه راگه‌یاندرابوو که دانیشتن ئه‌نجام ده‌درێت، به‌یاننامه‌که‌ی دوێنێی یه‌کێتیی نێشتمانیش ته‌واو بوو بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بدات که په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان یه‌کێتی و پارتی ستراتیژییه.
ناوبراو هه‌روه‌ها گوتی: ده‌زگاکانی راگه‌یاند ده‌بێت زۆر به‌رپرسیارانه ره‌فتار بکه‌ن به تایبه‌ت له‌و بارودۆخه‌ی ئێستای کوردستان و ده‌بێت راستی به خه‌ڵکی بگه‌یه‌نێت و نابێت خه‌ڵک بورووژێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌که تێک بده‌ن، که به‌داخه‌وه ده‌بینین هه‌ندێک ده‌زگای راگه‌یاندن ئه‌م کاره ده‌که‌ن و پێموایه ئه‌مه کارێکی دروست نییه.
"