سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جێمس جێفری باڵیۆزی نوێی ئه‌مریكا له‌ عیڕاق كرد

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جێمس جێفری باڵیۆزی نوێی ئه‌مریكا له‌ عیڕاق كرد
ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا، (جێمس جێڤری) باڵیۆزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق دووپاتیكردوه‌وه‌، هه‌موو تواناكانی خۆی له‌ پێناو په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا ده‌خاته‌گه‌ڕ .

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی باڵیۆزی نوێ, هیواشی خواست له‌ ئه‌ركه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت و ڕۆڵی له‌ به‌ هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كۆماری عێراقی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا هه‌بێت و ئاماده‌یی خۆشی بۆ پشتیوانیكردنی هه‌وڵه‌كانی باڵیۆزی نوێ ده‌ربڕی.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، بارزانی ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئازادكردنی عێراق له‌ دیكتاتۆرییه‌ت كرد و ته‌ئكیدیشی له‌سه‌ر گرنگی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولادا بێت, كرده‌وه‌ .

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌، باڵیۆزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق, سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كرد و خۆشحاڵی خۆشی به‌ نوێنه‌رایه‌تی كردنی ووڵاته‌كه‌ی له‌ عێراق ده‌ربڕی و ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو تواناكانی خۆی له‌ پێناوپه‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی نێوان هه‌رێم و ئه‌مریكا ده‌خاته‌گه‌ڕ .

پاشان هه‌ردوولا گفتوگۆیان سه‌باره‌ت به‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق و باردۆخی عێراق به‌ گشتی له‌ ئێستا و پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كرد و ته‌ئكیدییان له‌سه‌ر به‌شداری تێكڕایی ئیئتیلافه‌ سه‌ركه‌تووه‌كان له‌حكومه‌تی تازه‌دا كرده‌وه‌ .

هه‌ر له‌و ڕووه‌وه‌شه‌وه‌ باڵیۆزی نوێ , تێڕوانینی ئه‌مه‌ریكای سه‌باره‌ت به‌ عێراق خسته‌ڕوو كه‌ ووڵاته‌كه‌ی ده‌خوازێت ئاسایش و ئارامی به‌رقه‌رار بێت و ته‌ئكیدیشی له‌ پشتیوانیكردنی ئه‌مه‌ریكا له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراتی له‌ عێراق كه‌ خودی عێراقییه‌كان بتوانن كار بۆ تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كه‌ بكه‌ن, كرده‌وه‌ .
Top