شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت: كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر، هۆكاری دانه‌مه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ئاشكرا ده‌كات

شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت: كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر، هۆكاری دانه‌مه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ئاشكرا ده‌كات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د باغه‌مره‌یی

هه‌ندێك له‌ سیاسه‌توانانی كورد ناوی ده‌به‌ن به‌ \" مام جیرمی \""، له‌وه‌ته‌ی بۆته‌ كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ یه‌كێك له‌ عاشقه‌ سه‌رسه‌خته‌كانی خواردنه‌ عێراقییه‌كان به‌تایبه‌ت خواردنی كوردی له‌ ناویشیاندا دۆڵمه‌و كفته‌و سه‌روپاچه‌، ده‌ڵی هه‌موو جارێك كه‌ له‌گه‌ڵ هاورِێ كورده‌كانم ده‌رِۆینه‌ چێشتخانه‌ خواردنی كورده‌واری داوا ده‌كه‌م.

كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات ئه‌و زۆر دڵته‌نگه‌ له‌و كاته‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌جێدێلێ دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ وه‌كو كونسوڵی ولاَته‌كه‌ی له‌ هه‌ولێر كاری كردووه‌، چاوه‌رِوان ده‌كرێ له‌ داهاتوودا ماكادی هه‌رێمی كوردستان به‌جێبێلێ و ده‌ڵێ : زۆر خه‌مبارو دڵته‌نگ ده‌بم كاتێك هاورِێ و دۆسته‌ كورده‌كانم به‌جێدێڵم.

پێشتر به‌ر له‌وه‌ی بێت هه‌رێمی كوردستان ماكادی وه‌كو كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ولاَتانی روانداو چه‌ند ولاَتێكی دیكه‌ كاری كردووه‌.
كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر جیرمی ماكادی رایگه‌یاند ولاَته‌كه‌ی ئاره‌زووی ده‌كرد ده‌وڵه‌تێكی كوردی دابمه‌زرێ، به‌لاَم به‌هۆی پابه‌ندبوونی كورد به‌ هه‌ندێك له‌ بنه‌ماكانی خۆی وایكرد به‌ریتانیا كورد به‌سه‌ر ولاَتانی دراوسێ دابه‌ش بكات.

له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی شه‌رق ولئه‌وسه‌ت ماكادی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات له‌گه‌ڵ هاتنی به‌ریتانییه‌كان له‌ چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی رابردوو بۆ كوردستانی عێراق په‌یوه‌ندی نێوان كوردو به‌ریتانیا ئاڵۆز بوو به‌هۆی ئه‌و لێدانه‌ كوشندانه‌ی هێزه‌كانی به‌ریتانیا له‌ عوسمانییه‌كانیان داو ناچاریان كردن به‌ره‌و ئه‌نازۆڵ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن. ماكادی باس له‌وه‌ ده‌كات ئاڵۆزییه‌كانی نێوان كوردو به‌ریتانییه‌كان گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی به‌سه‌ركردایه‌تی شێخ مه‌حمودی حه‌فید له‌ ساڵی 1919 رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولا له‌ ده‌ربه‌ندی بازیان روویدا، له‌م رووبه‌رِووبوونه‌وه‌یه‌شدا هێزه‌كانی به‌ریتانیا توانیان شێخ مه‌حمود سه‌ركرده‌ی كورد به‌ برینداری ده‌ستگیر بكه‌ن و به‌ره‌و هیند بیگوازنه‌وه‌.

كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئاڵۆزییه‌كانی پێشتری نێوان كورد و به‌ریتانیا هۆكاری سه‌ره‌كی دابه‌شكردنی كوردستان بوو بۆ سه‌ر چوار به‌ش به‌شێوه‌یه‌ك كورد به‌سه‌ر چوار ولاَتی دراوسێی دابه‌شكراو دواتریش به‌ریتانیا به‌شێكی دیكه‌شی خسته‌ سه‌ر ئازربێجان.
له‌ به‌شیكی دیكه‌ی دیمانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ شه‌رق ولئه‌وسه‌ت ماكادی گوتی: په‌یوه‌ندی نێوان كوردو به‌ریتانیا له‌كاتی ئێستادا تا دێ باشتر ده‌بێت و ده‌ست پێشخه‌ریش له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ هه‌یه‌ بۆ پێشخستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌.

ماكادی دیسان ده‌ڵێ: ئه‌و كات كه‌ مه‌به‌ستی پێی سه‌رده‌می هاتنیانه‌ بۆ كوردستان له‌ چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی رابردوو به‌ریتانیا ئاره‌زووی ده‌كرد كورد ببێته‌ ده‌وڵه‌ت به‌لاَم به‌هۆی پێداگری كورد له‌ هه‌ندێك له‌ بنه‌ماكانی كه‌ داوای ده‌كردن و ئاماده‌نه‌بوو سازشیان له‌سه‌ر بكات، بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌ریتانیای ناچار كرد میراتی عوسمانییه‌كان دابه‌ش بكات له‌و نێوه‌نده‌شدا كوردستانی به‌سه‌ر چوار به‌شی سه‌ره‌كی عێراق، سوریا، ئێران، توركیا دابه‌شكرد.

ناوبراو ده‌ڵێ: سه‌ره‌رِای ئه‌وه‌ی كورد زۆربه‌ی جاران سه‌رسه‌خت و كه‌لله‌ ره‌قن و ناخوازن و رێگه‌ش ناده‌ن كه‌سێكی دیكه‌ فه‌رمان ره‌واییان بكات، به‌ڵكو هه‌ر خۆیان فه‌رمان ره‌وایی خۆیان بكه‌ن، به‌لاَم ئێمه‌ توانیمان هه‌رچۆنێك بێت به‌سه‌ركه‌وتوویی فه‌رمان ره‌وایی ناوچه‌كه‌یان بكه‌ین.

كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر باش بوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستای هه‌ردوولا، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان داڵده‌ی ئه‌و كوردانه‌یان داوه‌ كه‌ له‌ ولاَتی خۆیان له‌سه‌رده‌می رژێمی پێشوو ناچاربوون ولاَتی خۆیان به‌جێبێڵن روویان له‌ به‌ریتانیا كردووه‌، هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ بووین له‌ ساڵی 1991 هانی ئه‌مه‌ریكییه‌كانماندا ناوچه‌یه‌كی ئارام و پارێزراو له‌ فرِۆكه‌كانی عێراق دابمه‌زرێنێ، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كوردو به‌ریتانیا زۆر پێشكه‌وتووه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ زه‌مالاتی خوێندن و رۆشنبیری و كاره‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی بۆته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی ماكادی رێژه‌ی به‌رچاوی په‌رله‌مانتارانی ئافره‌ته‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رنجی راكێشاوه‌ گوتوویه‌تی : ده‌كرێ به‌ریتانیا سوود له‌وه‌ وه‌ربگرێ و رێژه‌و ژماره‌ی په‌رله‌مانتاره‌ ئافره‌ته‌كانی خۆی به‌رزبكاته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێرجارێكی دیكه‌ پته‌وی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی هه‌رێم دووپاتكرده‌وه‌و هه‌روه‌ها رایگه‌یاند ئه‌وان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌یه‌ك ئاراسته‌ كارده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌/ رۆژنامه‌ی شه‌رق ولئه‌وسه‌ت
18/7/2010"
Top