سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته‌ قاهیره‌و له‌لایه‌ن به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى میسر پێشوازى لێكرا

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته‌ قاهیره‌و له‌لایه‌ن به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى میسر پێشوازى لێكرا
سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ به‌رێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمیی له‌ سه‌ر بانگهێشتى سه‌رۆكى میسر گه‌یشته‌ قاهیره‌ و له‌ فرۆكه‌خانه‌ له‌ لایه‌ن گه‌وره‌ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى میسره‌وه‌ پێشوازیی لێكرا.

دواتریش سه‌ردانى باره‌گاى كۆمكارى عه‌ره‌بی كرد له‌ قاهیره‌ و له‌وێش له‌ لایه‌ن عه‌مرو مووسا ئه‌میندارى گشتى و جێگر و ئه‌ندامانى كۆمكارى عه‌ره‌بییه‌وه‌ پێشوازی لێكرا .

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ ره‌وشی عێراق و پرۆسیه‌ى سیاسی و په‌یوه‌ندیی هه‌ردوولا كرا، دواتریش له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نووسی هاوبه‌شدا وه‌ڵامى پرسیارى رۆژنامه‌نوسانیان دایه‌وه‌.

دواتر عامر موسا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا باسی كرد بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ركرده‌یه‌كی كاریگه‌رو خاوه‌ن رۆڵی عێراق و ناوچه‌كه‌یه‌و وه‌ك ئه‌و شی كرده‌وه‌ خۆی و كۆمكاری عه‌ره‌بی به‌ سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی خۆشحاڵه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئاراسته‌ی ووتوێژو راگۆرینه‌وه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی ، موسا روونی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵوێست و بۆچوونه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بۆ ئێستا و ئاینده‌ی عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌لای خۆی و كۆمكاری عه‌ره‌بی گرنگ و بایه‌خدارن و ته‌ئكیدیشی له‌ پرۆژه‌ی سیاسی سه‌رۆك بارزانی بۆ پرۆسه‌ی عێراقی تازه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ شه‌راكه‌تی هاوبه‌شی نیشتمانی له‌ عێراقێكی یه‌كگرتوو و فیدراڵی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بوو.

سه‌رۆكیش سه‌رله‌نوێ هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ئێستا و ئاینده‌ی عێراق كه‌ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی دیموكراتی وڵاته‌كه‌ی دووپات كرده‌وه‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نیشتمانی بنكه‌ فراوانیش كه‌ تیایدا هیچ لایه‌نێك په‌راوێز نه‌خرێت وه‌ك زه‌رووره‌تێكی قۆناغه‌كه‌ شیكرده‌وه‌ .

له‌ وه‌ڵامێكی پرسیارێكی كوردستان تی ڤیدا سه‌رۆك سه‌ردانه‌ ره‌سمیه‌كه‌ی بۆ كۆماری میسر و ئامانج و ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆكردنی له‌گه‌ڵ به‌رپرسان روون كرده‌وه‌ .

له‌ وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووساندا سه‌رۆك بارزانی گوتی: ئه‌مه‌ گۆرانێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ ناوه‌ندی كۆمكاری عه‌ره‌بی به‌ زمانی كوردی قسه‌ بكه‌ین ، مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لێك تێگه‌یشتنێكی زۆر باش هه‌یه‌ ئێستا ، له‌ راستیدا سه‌ردانی من بۆ ئێره‌ له‌سه‌ر داوه‌تی سه‌رۆكی كۆمكاری عه‌ره‌بیه‌ و سه‌رۆكیش ده‌بینم وه‌ هه‌موو به‌رپرسه‌كانیش ده‌بینم وه‌ ئێستاش ئێمه‌ پێشه‌كی له‌ كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ جه‌نابی عامر موسا دانیشتووین وه‌ پێموایه‌ ئینشاڵڵا ئه‌نجامه‌كه‌ی باش ده‌بێت و سوودی هه‌موو لایه‌كی تێدایه‌ .

له‌ وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووساندا سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یوه‌ندیه‌ ئیقلیمیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دواو په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێستای هه‌ولێر و ئه‌نكه‌رای به‌ چاك و نموونه‌ وه‌سف كردو سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دوایه‌شی بۆ توركیا به‌ ده‌ستپێكی قۆناغێكی گرنگی په‌یوه‌ندیه‌كان كه‌ تیایدا لێك تێگه‌یشتن و كاركردنی هاوبه‌ش بۆ به‌ ئاشتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بنه‌ماكانی هه‌ڵسه‌نگاند .

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ولێر و تارانیش سه‌رۆك بارزانی وێرای سه‌رله‌نوێ پرۆته‌ستۆكردنی تۆپبارانه‌كانی ئێران له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ، هیواشی خواست زمانی هێزو توندوتیژی به‌لاوه‌ بنرێت چونكه‌ وه‌ك سه‌رۆك بارزانیش روونی كره‌وه‌ هه‌موو به‌كارهێنانێكی هێز زیان به‌ هه‌مووان و به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هه‌مووان ده‌گه‌یه‌نێت .

هه‌ر له‌ كۆنگه‌ر رۆژنامه‌نووسیه‌كه‌دا باس له‌ گرێدانی كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی كرا كه‌وا بریاره‌ له‌ عێراق به‌رێوه‌بچێت و له‌و رووه‌شه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی ئاماده‌ی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پێشوازی كردن و رێكخستنی كۆبوونه‌وه‌كانی لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر خاكی كوردستان جا هه‌ر كاتێك بێت نیشاندا.

شایه‌نى باسه‌ دوێنێش به‌رێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌یشته‌ عه‌مانی پایته‌ختی ئۆردن و به‌ گه‌رمی له‌لایه‌ن شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م شای ئۆردنه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ چۆنیه‌تی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و ئۆردن له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا كرا.
Top