ئه‌مرِۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی توركیا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ربازی ده‌كات بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان

ئه‌مرِۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی توركیا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ربازی ده‌كات بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

برِیاروایه‌ ئه‌مرِۆ پێنج شه‌ممه‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی توركی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نا ئاسایی و تایبه‌ت به‌ بارودۆخی ئه‌منی سه‌ر سنووری هه‌رێمی كوردستان و شه‌رِو پێكدادانه‌كانی نێوان سوپای توركیاو گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌ ببه‌ستێ.

له‌لای خۆیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ نزیكه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌دا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ تاوتوێی بژاری پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ربازی ده‌كرێت بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌بیانووی له‌ ناوبردن و بنه‌برِكردنی یه‌كجاره‌كی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ باسیان له‌وه‌شكرد جگه‌ له‌ بژاری سه‌ربازی چه‌ند بژارو ئه‌گه‌رێكی دیكه‌یش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌خرێته‌ روو، به‌لاَم بژاری سه‌ربازی و هاتنه‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی بژاره‌كان ده‌بێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پێشووی سه‌رانی توركیا كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك كۆمار عه‌بدوڵلاَ گول و به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك وه‌زیران ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان و سه‌رۆكی سوپا سالاری توركیا باشبوگ و وه‌زیرانی ئه‌منی به‌رِێوه‌چوو، برِیاردرا هه‌موو رێوشوێنێكی كرده‌یی له‌ دژی په‌كه‌كه‌ بگیردرێته‌ به‌ر.

جێی باسه‌ ماوه‌یه‌كه‌ رووبه‌رِوو و پێكدادانی نێوان سوپای توركیاو گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ سه‌ر سنووری هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌و جگه‌ له‌ زیانی مادی كه‌ به‌ر ناوچه‌كه‌ كه‌وتووه‌ زیانی گیانیش به‌ر خه‌ڵك و سه‌ربازو چه‌كداره‌كانی هه‌ردوولا كه‌وتووه‌.
Top