كونسوڵی فه‌ره‌نسا له‌هه‌ولێر: دیداره‌كه‌ی نێوان ساركوَزی و بارزانی و موَركردنی یاداشتنامه‌ی نێوانيان به‌ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ داده‌نێت

كونسوڵی فه‌ره‌نسا له‌هه‌ولێر: دیداره‌كه‌ی نێوان ساركوَزی و بارزانی و موَركردنی یاداشتنامه‌ی نێوانيان به‌ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ داده‌نێت
بوَ باسكردن و تیشك خستنه‌ سه‌ر وورده‌كاری سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌روَكی كوردستان بوَ فه‌ره‌نساو دیداره‌ مێژووییه‌كه‌ی نێوان نیكوَلا ساركوزی و سه‌روَكی فه‌ره‌نساو سه‌روَك بارزانی سه‌روَكی كوردستان فریدریك تیسوَ كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له‌هه‌ولێر كوَنگره‌یه‌كی روَژنامه‌وانی بوَ چوار كه‌ناڵی راگه‌یاندن سازدا كه‌ گوَڤاری گولاَن ئاماده‌یبوو، له‌و كوَنگره‌ روَژنامه‌وانییه‌ی كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له‌هه‌ولێر كه‌ ئاماده‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌ مێژووییه‌ بوو به‌رِێزیان تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگی ئه‌و سه‌ردانه‌و به‌ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی گرنگی دانا و پێی وابوو ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بوَ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان فه‌ره‌نساو هه‌رێمی كوردستان و بگره‌ زوَر ولاَتانی تری ئه‌وروپایی ، ئه‌مه‌ بوَ یه‌كه‌مین جاره‌ ئالاَی كوردستان و فه‌ره‌نساو یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌مشێوه‌ ره‌سمییه‌ داده‌نرێن ، ئالاَش هه‌روه‌كو كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له‌هه‌ولێر ئاماژه‌ی بێ ده‌كات ماناو واتایه‌كی زوَر هه‌ڵده‌گرێت ، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی رِێزگرتنی ئه‌و ولاَته‌یه‌ له‌ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان ، له‌سه‌ره‌تای كوَنگره‌ روَژنامه‌وانییه‌كه‌یدا كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له‌وه‌لاَمێكی گوَڤاری گولاَن دا تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگی دیداره‌كه‌ی سه‌روَكی فه‌ره‌نساو سه‌روَكی كوردستان و گووتی : دیداره‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو سه‌روَك دیدارێكی وا ئاسایی نه‌بوو به‌ تایبه‌تی كه‌ تێیدا وێرِای ئالاَكانی عێراق و كوردستان ئالاَی كوردستانیش هه‌ڵگرا، له‌به‌شێكی كوَنگره‌ روَژنامه‌وانییه‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به‌گرنگی ئه‌م ئالاَیه‌ گووتی:كاتێك ئالاَی كوردستانم له‌كوَشكی ئه‌لیزێ دا بینی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌م هاته‌وه‌ بیر كه‌ شه‌هیدبوون یا ئه‌شكه‌نجه‌ درابوون كه‌سوكاریان له‌ده‌ست دابوو مه‌رگی یه‌كه‌یه‌كه‌ی منداڵ و كه‌سوكاریان بینی ، ئه‌م خه‌باته‌ش به‌و شێوه‌یه‌ كرا تاوه‌كو ئه‌م ئالاَیه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بناسرێت، ئه‌مه‌یه‌ بێناسه‌ی ئالاَ كه‌به‌مشێوه‌یه‌ دروست نابێت و وابه‌ ئاسانی له‌سه‌ر ئاستی به‌رزدا ناشه‌كێته‌وه‌، ئالاَ خه‌بات و خوێنی روَڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌یه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكی وه‌لاَمه‌كه‌ی گوَڤاری گولاَندا فریدریك تیسوَ گووتی : سه‌روَك ساركوزی پێشوازییه‌كی گه‌رمی له‌سه‌روَك بارزانی كرد له‌كوَشكی ئه‌لیزێ كه‌ رووداوێكی مێژوویی بوو، سه‌روَك بارزانی سه‌روَكی قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری عێراقه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ ، سه‌روَك ساركوزی به‌و سیفه‌ته‌ وه‌كو هه‌ر سه‌روَكێكی تر پێشوازییه‌كی گه‌رمی له‌سه‌روَك بارزانی كرد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌رِێزیان كه‌سایه‌تییه‌كی دیارو به‌رچاوی عێراقه‌ ، دیداره‌كه‌ زوَر گه‌رم و گورِو دوَستانه‌ بوو دوور بوو له‌ساردیی پروَتوَكوَلییه‌وه‌ ، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌روَك ساركوزی ئاره‌زووی خوَی بوَ سه‌ردانی كوردستان ده‌ربرِی و ، سه‌روَك بارزانیش سه‌روَكی هه‌رێمی كوردستان خوَشحاڵی بوَ ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌ربرِی داوای لێكرد ببێته‌ میوانی كوردستان، گه‌رچی كاتێك دیاری نه‌كراوه‌ بوَ ئه‌م سه‌ردانه‌ به‌لاَم ساركوزی خاوه‌نی قسه‌و به‌ڵێنی خوَیه‌تی و پابه‌نده‌ به‌به‌ڵێنه‌كه‌یه‌وه‌.

ته‌وه‌رێكی تری كوَنگره‌ روَژنامه‌وانییه‌كه‌ی فریدریك تیسوَ كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له‌هه‌ولێر تایبه‌ت بوو به‌گرنگی یاداشتنامه‌ی لێك گه‌یشتن له‌نێوان فه‌ره‌نساو هه‌رێمی كوردستان، له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: ئه‌و یاداشتنامه‌یه‌ نیازنامه‌یه‌كه‌ له‌نێوان ئێمه‌و كوردستان بوَ نیازی ئێمه‌ له‌كاركردن له‌كوردستان ، بوَ یارمه‌تی و هاوكاری هه‌رێمێك كه‌ سالاَنێكی زوَره‌ دوَستایه‌تی نێوانمان هه‌یه‌، یاداشتنامه‌ رِێگایه‌كه‌ بوَ نیشاندانی كاركردنی هاوبه‌ش ، پێشتر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێكه‌وتنامه‌ موَركراوه‌، ئه‌م یاداشتنامه‌یه‌ش به‌شێكه‌ له‌و رێككه‌وتنامه‌یه‌و لادانی ده‌ستووری تێدا نییه‌و پێشتریش به‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق تێپه‌رِی كردووه‌، له‌مه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌زمانی كوردی نووسراوه‌ ، زمانی كوردیش زمانی ره‌سمی ده‌ستووری عێراقه‌و زمانی خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌..
فریدریك له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا گووتی: له‌پاریس بیروَزبایمان له‌سه‌روَك بارزانی سه‌روَكی كوردستان كردوو، سه‌روَك باترزانیش سوباسی ئه‌و ده‌ستووره‌ی عێراقی كرد كه‌ رِێگای به‌ئیمزاكردنی ئه‌و نیازنامه‌یه‌ داوه‌ ، ئه‌مه‌ش ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كه‌ بوَ عێراق كه‌ ده‌ستووری له‌مجوَره‌ هه‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌رێمه‌كانی ولاَت بتوانن یاداشتنامه‌ ئیمزا بكه‌ن.

پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌وروپاو هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی كوَنگره‌ روَژنامه‌وانییه‌كه‌ی كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا بوو له‌هه‌ولێرو له‌وه‌لاَمی پرسیارێكی روَژنامه‌نووساندا گووتی: گه‌رچی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا خوَیان له‌عێراق دووره‌ په‌رێز گرت، ئێستا خه‌ركه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ پته‌وده‌بێت و به‌دتایبه‌تی دوای دیداره‌ مێژوییه‌كه‌ی سه‌روَك ساركوزی و سه‌روَك بارزانی و له‌دیداری له‌گه‌ڵ كونسوڵه‌كانی دیكه‌ی ولاَتانی ئه‌وروپا جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی ئه‌م سه‌ردانه‌ كراوه‌ته‌وه‌ ، بوونی كونسوڵی چه‌ندین ولاَتی ئه‌وروپایی ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ قه‌ناعه‌تیان به‌سه‌قامگیری و ئارامیی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ، فه‌ره‌نساش وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی گرنگی ئه‌وروپا ده‌توانێت ئه‌و روَڵه‌ بگێرِێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وروپا به‌هێز بكات ، به‌تایبه‌تی كه‌ كوردستان هێزێكی سیاسی و ئابووری گرنگی عێراقه‌و بوونی 60 په‌رله‌مانتاریش ئه‌و روَڵه‌ زیاتر ده‌رده‌خه‌ن ، بوَیه‌ ئێمه‌ له‌فه‌ره‌نسا له‌سه‌ر بره‌نسیپێكی راست و دروست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین.

تیسوَ خوَشحاڵی خوَی ده‌ربرِی به‌هاوشێوه‌ی كوَشنێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا به‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زوَر بوو چاوه‌رِوانی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مێژووییه‌ی ده‌كرد به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی ئالاَی كوردستان له‌كوَشكی ئه‌لیزیێ ده‌شه‌كایه‌وه‌و له‌مباره‌یه‌وه‌ گووتی: ئالاَی كوردستان نیشانه‌ی خه‌بات و خوێن رژتنی گه‌لێكه‌ و بوَیه‌ وا به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ ده‌شه‌كێته‌وه‌ ...

له‌و كوَنگره‌ روَژنامه‌وانییه‌دا تیسوَ ئاماژه‌ی به‌په‌یوه‌ندییه‌ كلتوورییه‌كان داو پێی وابوو بوونی كوَنفرانسی كولتووری و ئاهه‌نگی میوزیك و ده‌رچوونی روَژنامه‌یه‌ك به‌ناوی لوَموَند و هه‌بوونی قوتابخانه‌ی فه‌ره‌نسی و زه‌ماله‌ی خوێندن له‌فه‌ره‌نساو خولی پێشكه‌وتوو به‌زمانی فه‌ره‌نسی له‌كوردستان هه‌موو نیشانه‌ن بوَ بهه‌نگاونان بوَ پته‌وبوونی په‌یوه‌ندییه‌ كلتوورییه‌كان ، هاوكات له‌یاداشتنامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ فه‌ره‌نسییه‌كان ده‌ستی یارمه‌تی و هاوكاری له‌بوار شوێنه‌واردا پێشكه‌ش به‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و له‌م رووه‌وه‌ به‌براكتیكی كار كراوه‌، له‌مانگی سێپته‌مبه‌ری ئاینده‌شدا سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت بوَ بواری شوێنه‌وارناسی و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌كرێته‌وه‌.

له‌وه‌لاَمێكی پرسیاری گولاَندا كه‌ ئایا تا چ راده‌یه‌ك ده‌كرێت سوود له‌كوَمپانیا فه‌ره‌نسییه‌كان وه‌رگیرێت و ده‌كرێت بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان بوَ پێشخستنی وه‌به‌رهێنان و پێشكه‌وتنی ئابووری به‌تایبه‌تی كه‌ زوَربه‌ی برِگه‌و خاڵه‌كانی یاداشتنامه‌كه‌ ئابوورییه‌ فریدریك تیسوَ گووتی: حكومه‌تی فه‌ره‌نسا پاڵپشتی چه‌ندین كوَمپانیای كردووه‌ بوَ كاركردن له‌كوردستان كه‌ كوَمپانیایه‌كیان ئێستاكه‌ له‌سوَرانه‌و سه‌رقاڵی پروَژه‌ی ئاووئاوه‌رِوَ خاوێنكردنه‌وه‌ی ئاوه‌، كوَمپانیا فه‌ره‌نسییه‌كان تا راده‌یه‌ك دڵه‌راوكێیان هه‌یه‌ بوَ كاركردن له‌م هه‌رێمه‌ چونكه‌ شاره‌زاییان ده‌رباره‌ی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، دوای ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌روَكی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی سه‌روَك ساركوزی بارودوَخه‌كه‌ ده‌گوَرِێت و ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان بوَ كوَمپانیاكانی فه‌ره‌نسا له‌بارتر ده‌بێت ، به‌تایبه‌تی له‌بوار ی كشتوكاڵی كه‌ نوێنه‌رێكمان له‌كوردستان ده‌بێت كه‌ نوێنه‌ری 250 كوَمپانیای فه‌ره‌نسییه‌ كه‌ له‌بواری كشتوكاڵیدا كار ده‌كه‌ن .

له‌كوَتایی كوَنگره‌ روَژنامه‌وانییه‌كه‌ی كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له‌هه‌ولێر و دوَستی گه‌لی كوردستان گووتی: له‌هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ خواست و ئیراده‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن تاكی كوردستانی هه‌بێت و خه‌ڵكی كوردستان خوَیان كار بكه‌ن ، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌بووایه‌ كوردستان نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و بارودوَخه‌ ی ئه‌مرِوَ ، بوَیه‌ گه‌ر دانیشتوانی كوردستان و تاكی كوردستانی كار نه‌كات هیچ كه‌سێك كاری بوَ ناكات به‌تایبه‌تی له‌كه‌رتی كشتوكاڵدا كه‌ رێژه‌یه‌كی زوَری میوه‌و سه‌ورزه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم دێته‌ ناو كوردستانه‌وه‌.
Top